کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ناوچەی مەریوان بەهۆی نەمانی ژمارەیەك چەك و تەقەمەنی حەشاردراو، چەند كەسێك دەستبەسەر كران

18:57 - 23 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: لە ئاوایی گوڵچێرەی سەربە شاری مەریوان ژمارەیەك چەكوچۆڵی حەشاردراو لەژێر زەوی دەرهێنراوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتیی مەدەنی دەستبەسەر كراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لە ئاوایی گوڵچێرەی مەریوان گروپێكی چەند كەسی ژمارەیەك چەك و تەقەمەنیی حەشار دراویان لەژێر زەوی دەرهێناوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

لەو پێوەندییەدا ناوەندە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێران رژاونەتە ئەو ئاواییە و زەخت و گوشارییان خستۆتە سەر دانیشتوانی ئاوایی گوڵچێرە.

بەوتەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە هێزە ئیتلاعاتییەكان گومانیان خستۆتە سەر دانیشتوانی ئاواییەكە و پێیان وتوون: كە ئێوە ئاگاداری ئەو چەك و تەقەمەنیانەن.

بەوتەی دانیشتوویەكی ئاوایی گوڵچێرە ژمارەیەك خەڵكی بێ‌ تاوان لەلایەن ئەو گرووپە و هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێرانەوە گیراون.

دەروێش مەحموود كە شوانی گوندی گوڵچێرەیە و بۆ خۆی خەڵكی گۆگچەیە ‌و هەروەها قادر قادرپوور، ناوی دوو كەس لە دەستبەسەر كراوەكانن.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار خەڵكی ئاوایی گوڵچێرە سوێندیان بۆ هێزە ئەمنیەتییەكان خواردووە كە ئاگاداری ئەو چەك و تەقەمەنییانە نین، بەڵام هێزە ئەمنیەتییەكان هیچ بایەخێكیان بە سوێندی دانیشتوانی ئاوایی‌یەكە نەداوە.