کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پارێزگای هەراتی ئەفغانستان دژی سیاسەتەکانی رێژیمی ئێران ڕێپێوان کرا

14:23 - 3 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: بە سەدان کەس لە خەڵکی پارێزگای هەراتی ئەفغانستان، ڕۆژی شەممە رێکەوتی ٢ی ڕەشەمە ڕێپێونێکیان بە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەڕێخست.

هەواڵدەرییەکان لەو بارەیەوە بڵاویان کردەوە، هاوڵاتییانی ئەفغانی ڕایانگەیاندووە، ئێران سێ ساڵ و نیو پێش ئێستا ١٣ هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان کە چووبوونە ئێران بۆ کار کردن، لە لایەن پاسەوانانی سەر سنوورەکان درابوونە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا کوژران.

ئەو هاوڵاتییانە بە دروشمی مرگ بر ایران بۆ ماوەی ٥ کاتژمێر شا ڕێگەی هەرات_ئیسلام قەڵایان داخست.

ناڕازییەکانی ئەفغانستان هۆشداریان دا بە دەوڵەتی ئێران و ڕایانگەیاند: ئەگەر ڕێژیمی ئێران قەرەبووی کوژرانی ئەو ١٣ هاوڵاتییە ئەفغانییە نەکاتەوە، ئەوان ١٣ کەسی ئێرانیان لە پارێزگای هەرات دۆزیوەتەوە و دەیان کوژن.

ئەفغانییە ناڕازییەکان ئەوەشیان خستەڕوو کە دەوڵەتی ئەفغانستان بەڵێنی داوە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی ئێران لەم باریەوە وتووێژ بکات، بەڵام هەتاکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان وڵامێکی ئەرێنیان بە داوکاریی هاوڵاتییانی ئەفغانی نەداوەتەوە.