کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پێرلاشێز ڕێوڕەسمی شەهیدانی میکۆنوس بەڕێوەچوو

23:56 - 27 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی میکۆنوس لە گۆڕستانی پێرلاشێز لە وڵاتی فەڕانسە ڕێوڕەسمێک بۆ شەهیدانی میکۆنوس بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە گۆڕستانی پێرلاشێزی پاریس ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ شەهیدانی کارەساتی بێرلین بە بەشداریی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتییە سیاسییەکان، ڕۆژنامەوانان و ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتانی بلژیک، سوئیس، هۆلەند و چەند وڵاتێکی دیکەی ئورووپایی بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەو ڕێوڕەسمەدا وتارێکی پێشکەش کرد.

هیجری لە قسەکانیدا وێڕای بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی میکۆنوس باسی لە ڕاسان و دووبارە دەستپێکردنەوەی چالاکیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێوخۆی وڵات کرد.

ڕێوڕەسمەکە پاش سەردانی گڵکۆی شەهیدانی ڤیەن کۆتایی پێهات.

لەو ڕێوڕەسمەدا:
ـ نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ـ نوێنەری یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
ـ نوێنەری پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ نوێنەرایەتی پارتی سوسیالیستی کوردستان
ـ هاک پار (HAK PAR)
ـ سازمان اتحاد فدائیان خلق ایران
بەشداریی ڕێوڕەسمەکەیان کردبوو و تاجەگوڵینەیان لە سەر گڵکۆی شەهیدان دانا.