کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چۆمی جەغەتووی بۆکان هاووڵاتییەکی کورد خنکا

16:08 - 11 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵەی خەڵکی شارستانی بۆکان لە کاتی مەلەکردن لە چۆمی جەغەتوو، گیانی لە دەست دا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەمە یەکەمین قوربانیی چۆمی جەغەتوو لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی دایە کە بەهۆی ئاشنا نەبوون به تەکنیکەکانی مەلەکردن لە ئاودا خنکاوە.

تەرمی ئەو لاوە تەمەن ١٨ ساڵە پاش دوو رۆژ پشکنین و گەڕان لەنێو چۆمی جەغەتوودا، ١٥ کیلۆمیتر خوارتر لە شوێنی خنکانەکەی، دۆزراوەتەوە.

لەو پێوەندییەدا لاوێکی دیکە تەمەن ١٤ ساڵ لە چۆمی جەغەتوو لە نزیک میاندواو، بەهۆی شارەزا نەبوونی لە تەکنیکەکانی مەلەکردن لە ئاودا خنکا.

ساڵانە و زیاتر لە وەرزەکانی گەرمادا کۆمەڵێکی زۆر لە هاووڵاتییان بە هۆی کەمیی مەلەوانگەی ستاندارد، بە مەبەستی مەلە کردن روو لە چۆمەکان دەکەن و گیانیان لە دەست دەدەن.

بەهۆی نەبووی هێمای ئاگادارکەرەوە لە چۆمی نزیک شارەکان و نەبوونی چاودێر و مەلەوان، ئاماری قوربانییان خنکان لە ئاودا لە کوردستان رووی لە زیادبوون کردووە.

ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی ٦٨ هاووڵاتی کە ١١ کەسیان ژن و ٥٧ی دیکەش پیاو بوون، لە چوار پارێزگای کوردستانی ئێران، لەنیو ئاودا خنکاون و گیانیان لە دەست داوە.