کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یادی ئیمپراتۆری هەڵبەستی کوردیدا/ شەرەفی: بێکەس موڵکی هەموو مرۆڤایەتییە و هەموو کوردستان بۆی بەداخ و کەسەرە

00:08 - 23 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: یەکیەتیی خوێندکاران لە رێوڕەسمێکدا یادی شیرکۆ بێکەسی کۆچکردووی لەژێر ناوی \'\'یادی ئیمپراتۆی هەڵبەستی کوردی\'\'ی بەرز راگرت.


بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، بەبۆنەی کۆچی دوایی \'\'شێرکۆ بێکەس\'\' شاعیری نیشتمانپەروەر و ئیمپراتۆری شیعری دونیا، رێوڕەسمێک لەلایەن یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەڕێوەبرا.
رێوڕەسمەکە بە راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان و مامۆستای کۆچکردوو شێرکۆ بێکەس، دەستی پێ کرد.
پاشان پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی \'\'شێرکۆ بێکەس\'\' لەلایەن بەڕێز \'\'سەلام ئیسماعیل پوور\'\' ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکارانەوە خوێندرایەوە.
دواتر بەڕێز \'\'حەسەن شەرەفی\'\' جێگری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
شەرەفی وتی: شێرکۆ بێکەس بیروباوەڕی قووڵی بە ئازادی هەبوو، مرۆڤ دۆست و نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز بوو و لە هەموو شەرایەتێکدا چ لە شاخ و چ لە شاردا لەگەڵ گەلەکەی بوو، ناودار و نێوبەدەرەوە بوو، لە گۆڕەپانی ئەدەبی کوردیدا، شوێن و جێ پەنجەی دیار بوو\'\'.
جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەدا وتی: \'\'ئازاری نەتەوەکەی شێرکۆ بێکەس لە قەڵەمی ویدا دادەتکا و لە خەمی هەژاراندا شەپۆلی ناعەداڵەتی ئازاری دەدا و ئازاری نەتەوەکەی بە باشتی هەست پێ کردبوو و بۆ نەتەوەکەی لە هەرچوار پارچەی کوردستاندا ژیا\'\'.
ناوبراو هەروەها پەڕژایە سەر ئەوەش کە شێرکۆ بێکەس دۆستی نزیک و بەوەفای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و خۆی لە بیروباوەڕ و رێبازی ئەو حیزبەدا دەدییەوە.
شەرەفی وتیشی: \'\'نەتەوەی کورد دەبێ شانازی بە شێرکۆ بێکەس بکا، هەر بەو جۆرەی کە ئەو شانازیی بە نەتەوەکەیەوە دەکرد\'\'.
پاشان \'\'ناهید حوسێنی\'\' شاعیر و چالاکی سیاسی، شێعرێکی مامۆستا شێرکۆ بێکەسی کە بۆ \'\'ژیلا حوسێنی\'\' شاعیری کۆچکردووی کوردستانی رۆژهەڵات نووسیبوو، خوێندەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا شیوەنی شاعیرانی کوردستانی رۆژهەڵات \'\'جەلال مەلەکشا و رەحیم لوقمان و ک.د ئازاد\'\' لەلایەن \'\'تاهیر حەسەنی وەندەوە\'\' خوێندرایەوە و دوابەدوای ئەوەش شیعرێکی \'\'ئیرەج عیبادی\'\' لەلایەن \'\'چرۆ سوهرابی\'\'یەوە پێشکەش کرا.
پاشان گرتە ڤیدیۆیەک لە شیعر خوێندنەوەی \'\'شێرکۆ بێکەس\'\' لەسەر شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو رێبەری نەتەوەی کورد، لەو رێوڕەسمەدا بڵاو کرایەوە.
رابوونی خوێندکار و لاوانی کوردستان و هەروەها حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بازنەی کۆیە، برووسکەی ماتەمینی خۆیان بۆ رێوڕەسمەکە ناردبوو کە لەلایەن \'\'شەماڵ تەرغیبی\'\'یەوە خوێندرایەوە.