کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئیلام رێژەی تەڵاق زیاد و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش کەمی کردووە

16:43 - 3 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩١، ئاماری پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە پارێزگای ئیلام کەمی کردووە و لەهەمبەردا تەڵاق زیادی کردووە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە ئامارەکانی بەڕێوەبەریی تۆمارکردنی باری کەسیەتی (ادارە ثبت احوال)، ئاماری پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە پارێزگای ئیلام لە ساڵی ٩٢ کەمی کردووە و لەهەمبەردا تەڵاق لەو ساڵەدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩١، ٣،٤% زیادی کردووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ٤ هەزار و ٤٢٠ حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە شارەکان و ٢ هەزار و ٢٤٧ حاڵەتیش لە گوندەکانی پارێزگای ئیلام تۆمار کراوە.
ئەمە لە کاتێک دایە کە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لە شارەکان ٤ هەزار و ٥٢٣ حاڵەت و لە گوندەکانی ٢ هەزار و ٢٧٠ حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە پارێزگای ئیلام تۆمار کراوە و هەروەها لە سالی رابردوو (١٣٩٢) لە هەر مانگێکدا ٥٣ حاڵەتی تەڵاق لە پارێزگای ئیلام رووی داوە.
لەو پێوەندییەدا، تەڵاق لە شاری دیواندەرەی پارێزگای سنەش لە ساڵی ٩٢ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩١، زیادی کردووە.