کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یەکەم رۆژی جێژنی قورباندا، کێلی شێرکۆ بێکەس شکێنرا

16:25 - 24 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: چەند کەسێکی نەناسراو لە یەکەم رۆژی جیژنی قورباندا هێرشیان کردە سەر گڵکۆی شێرکۆ بێکەس لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی و بەشێک لە کێلەکەیان شکاند.


وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پاش شکاندنی کێلی گڵکۆی شاعیری نەوتەوەی کورد شێرکۆ بێکەس، پۆلیس خۆی گەیاندە شوێنەکە و لێکۆڵینەوەکان بۆ ئەنجامدەرانی ئەو کارە، دەست پێکرد و دواتر ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە رادەگەیەندرێن.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە ئەنجامدەران و هۆکاری شکاندنی کێلی ئەو شاعیرە نەزانراوە.
رێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، شێرکۆ بێکەس شاعیری نیشتمانپەروەری کورد بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی قوڕگ لە نەخۆشخانەی شاری ستۆکهۆڵم پایتەختی وڵاتی سوێد، ماڵئاوایی لەژیان کرد.
مامۆستا شێرکۆ بێکەس یەکێک لەو کەسایەتییانە بوو کە دۆستایەتییەکی نزیکی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەتایبەتی شەخسی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو هەبوو و پاش شەهید بوونی دوکتور عەبدولڕحمان قاسملوو، مامۆستا بێکەس چەندین شیعری لەسەر کەسایەتیی ئەو رێبەرە هەرگیز نەمرە هۆنییەوە.