کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئەنجامی راوەدوونانی هێزەکانی رێژیم لە شاری بانە، ٣ هاووڵاتی بوونە قوربانی

23:55 - 3 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بانە، بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران گیانیان لەدەست دا و هاووڵاتییەکی دیکەش بە توندی بریندار بوو.

ئاژانسی هەواڵدەریی \'\'کوردپا\'\' بڵاوی کردەوە، چەند رۆژ پێش ئێستا هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ماشینی هاووڵاتییەکی کوردیان بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ شۆپاندووە، کەلە ئاکامی ئەو راوەدوونانەدا دوو کەس گیانیان لە دەست دا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.

بەپێی ئەم سەرچاوەیە لێخوڕی ماشینەکە بەناوی \'\'حامید گەورەداری\'\' بە توندی بریندار و رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری بانه کراوە، بەڵام دوو کەس لە سەرنشینانی ماشینەکە کە یەکێکیان کچی حامید بووە، گیانیان لە دەست داوە.

پێشتریش هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی پیرانشار بەناوی \'\'سەلاح باپیروەند\'\' بەهۆی راوەدوونانی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ، درایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا بە توندی بریندار بوو.

ئەو ماڵپەڕە بڵاویشی کردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە هەتا ئێستا ١٥ هاووڵاتیی کورد لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران لە ئەنجامی راوەدوونان و تەقەی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، گیانیان لە دەست داوە و ٢٤ هاووڵاتیش هەر بەو هۆیەوە بریندار بوون.