کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەشاری مەریوان ئیدارەی ئیتلاعات پێشی بە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی مامۆستا شێركۆ بێكەس گرت

18:37 - 15 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: ناوەندە ئەمنیەتییەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان رێگایان نەدا رێوڕەسمی یادی مامۆستا شێركۆ بێكەس شاعیری كۆچكردووی كورد بەڕێوە بچێت.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، بڕیار بوو رێكەوتی 14 گەلاوێژ رێوڕەسمی یاد و پرسەی مامۆستا شێركۆ بێكەس لە شاری مەریوان لەلایەن ئەدیبان و فەرهەنگ دۆستانی ئەو شارەوە بەڕێوە بچێت.
لەو پێوەندییەدا ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان رێگای نەدا ئەو رێوڕەسمە لە مەیدانی شەبڕەنگ بەڕێوە بچێت.
شاعیر، ئەدیب و فەهەنگ دۆستانی كورد بەنیشانەی ناڕەزایەتیی بەو هەوڵەی ناوەندە ئەمنیەتییەكان لە چوار رێیانی شەبڕەنگ هەتا چوار رێیانی سەرەكیی شاری مەریوان بەپێ‌رێگاكەیان بڕی و بە بێدەنگی خۆیان، ناڕەزایەتیان دەربڕی.
رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، شێركۆ بێكەس شاعیری نیشتمانپەروەری كورد بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی قوڕگ، لە كاتێكدا كەلە نەخۆشخانەیەكی شاری ستۆكهۆڵم پێتەختی وڵاتی سوێد، لە ژێر چاودێریی پزیشكیدا بوو، ماڵئاویی لە ژیان كرد.

شێركۆ بێكەس كوڕی فایق بێكەس شاعیری ناسراوی نەتەوەی كورد لە رێكەوتی ١٢ی بانەمەڕی ١٣١٩ی هەتاوی لە شاری سلێمانی لە دایك بووە و بە یەكێك لە شاعیرە نوێخوازەكانی ئەم سەردەمە ناسراوە.