کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەماوەی یەك حەفتەدا ٥ هاووڵاتیی كورد لەشاری سەردەشت دەستبەسەر كراون

15:24 - 3 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: پێنج هاووڵاتیی (برا) شاری سەردەشت لەماوەی یەك حەفتەدا بە هۆیەكی نادیار لەلایەن هێزەكانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەردەشتەوە دەستبەسەر كران.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ، عوسمان، ئەحمەد و مەحموود عەبدوڵڵازادە چەند رۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكان دەستبەسەر كراون.

لەو پێوەندییەدا كەمپەینی بەرگریی لەزیندانیانی سیاسیی و مەدەنیی بڵاوی كردۆتەوە، ئەو سێ‌هاووڵاتییە بران و هێزە ئەمنیەتییەكان چوونەتە ماڵی عەبدوڵڵازادەكان لە ئاوایی نێو نەمامی ناوچەی سوێسنایەتیی و هەر سێ‌براكەیان دەسبەسەر كردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا و لەلایەکی دیکەوە عەلی مەولانیا و ئەبووبەكر مەولانیا (برا) رۆژی هەینی رێكەوتی ٢٨ی پووشپەڕ لەشاری سەردەشت دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزراون.
بنەماڵەی مەولانییەكان بەمەبەستی ئاگادار بوون لە رەوشیان سەردانی ناوەندە ئەمنیەتییەكانیان لەشاری سەردەشت كردووە، بەڵام هیچ وڵامێكیان وەرنەگرتۆتەوە.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە لەهۆكاری دەستبەسەركرانی ئەو پێنج هاووڵاتییە زانیارییەك لەبەر دەستدا نیە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی پووشپەڕی ١٣٩٢وە هەتا ئێستا ٢٩ هاووڵاتیی كورد لەناوچەكانی كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كراون.