کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەوەڕگەكانی ناوچەی جوانڕۆ لەئاگردا سووتان

16:47 - 19 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەوەڕگەكانی ئاوایی لارانی ئیمامی لە ناوچەی باینگانی سەر بە جوانڕۆ ئاگرییان تێپەردرا و خەسارێكی بەرچاو بەژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشت.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١٨‌ی پووشپەڕ لەوەڕەگەكانی ئاوایی لاران لەلایەن هێندێ‌كەسی هەڵپەرستەوە ئاگرییان تێپەردرا و خەسارێكی بەرچاو بە ژینگە و وەرزێرانی ناوچەكە گەیشت.

ژمارەیەكی بەرچاو لەدانیشتوانی لاران لەكاتژمێر ١١ی سەر لەبەیانییەوە سەرقاڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكە بوون و لەئەنجامدا نەیان هێشتبوو ئاگرەكە زۆر تەشەنە بستێنێ‌.

هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە لەو باوەڕەدان، ئەو ئاگرتێپەردانانە كاری دەست و پێوەندییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.

دانیشتوویەكی ئاوایی لارانی ئیمامی بە ماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، لەكاتی ئاور كەوتنەوەكەدا بۆ چەندین جار داوامان لەئاگر كوژێنەوەی ناوچەكە كرد كە بەهانامانەوە بێن، بەڵام هیچ وڵامێكیان پێ‌نەداینەوە.
رێكەوتی ١٧‌ی پووشپەڕیش بەشێكی بەرچاو لەلەوەڕگە و بەرهەمە وەرزێرییەكانی هاووڵاتیانی ئاوایی نێ ئاگرییان تێپەردرابوو و خەسارێكی بەرچاو بە ژینگە و هاووڵاتیانی وەرزێر گەیشتبوو.

ئاگر بەشێكی بەرچاو لە ئەو زەوییانەی كە گەنمی لێ‌چێندرابوو لەناو برد و تەشەنەی بۆ چەندین زەوی دیكەی هاووڵاتیانی نێ‌سەندبوو.