کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەچەندین ئاوایی مەهاباد دەست و پێوەندییەكانی سپای پاسداران سەرقاڵی بڵاو كردنەوەی مادە سڕكەرەكانن

18:17 - 10 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: لەئاواییەكانی ناوچەی شاروێرانی شاری مەهاباد دەست و پێوەندییەكانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی مادە سڕكەرەكان لەنێو لاوان دان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەگوندەكانی قەرەقشلاق، دارەلەك، كۆسەكەرێز و قزڵقۆپی ژمارەیەك دووكان لەژێر ناوی كافەتریادا كراونەتەوە و لەوێدا خەرێكی كڕین و فرۆشی مادە سڕكەرەكانن.

بەوتەی كەسانی ئاگادار و خەڵكی ئەو ناوچەیە، ئەو دووكان و كافە تریانە لەلایەن كەسانی سەر سپای پاسدارانەوە كراونەتەوە و لەو رێگایەوە سەرقاڵی بەلارێدا بردنی بیر و هۆشی لاوانی ئەو ناوچەیەن.
سەرچاوەكە ئەوەشی خستە روو، بەشێك لەو دووكانانە شوینی تایبەتیشیان بۆ كەسانی تووشبوو بە مادەسڕكەرەكان دیاری كردووە و رێگایان پێ‌دەدەن لەوی مادەكە بەكار بێنن.
لەلایەكی دیكەوە ماوەیەكە وەرزێرانی ناوچەی شاروێران لەگەڵ دڵەڕاوكێی دزینی سیم و كابڵی ماتۆرخانەكانیان بەرەوڕوون.
ماوەی چەند مانگە لەلایەن كەسانێكی نەناسراوەوە كابڵ و سیمی بەرقی ماتۆرخانەكانی ئاواییەكانی ناوچەی شاروێران دەدزرێت و لەو پێوەندییەدا خەڵكی داوایان لە ناوەندە پێوەندیدارەكان كردووە و بەدواداچوون بەو پرسەدا بكەن، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وڵامێكیان وەرنەگرتۆتەوە.