کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەئێران كرێكارانی بیناسازیی لەبیمە بێبەریی كران

23:47 - 29 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەماوەی ساڵی ١٣٩٢دا هەتا ئێستا هیچ كرێكارێكی بیناسازی لەلایەن رێكخراوی دابین كردنی كۆمەڵایەتییەوە بیمە نەكراوە.


سەرەڕای ئەوەی‌كە لەئێران نزیك بە یەك میلیۆن و ٨٠٠ هەزار كرێكاری بیناسازی بوونی هەیە، بەڵام ناوەندە پێوەندیدارەكان لە بیمەكردنیان خۆیان بواردووە.
هەنووكە ئەو كارە نیگەرانی لای كرێكاران دروست كردووە و لەو باوەڕەدان ئەو موچەیەی كە وەریدەگرن وڵامدەری پێداویستییەكانیان نیە ،چ بگا بە خەرجی دەوا و دەرمان.
هەر چەندە مەجلیسی رێژیمی ئێران لەساڵی رابردوودا تەرحێكی لەژێر ناوی بیمەی بیناسازیی هێنایە بەرباس و دەیهەویست سەرجەم كرێكاران بیمە بكات، بەڵام هەتا ئێستاش ئەو گەڵاڵەیە نەچۆتە بواری جێبەجێ‌كردنەوە.
بەپێی ئەو گەڵاڵەیە پێویست بوو خاوەن كار لەسەدا بیستی تێچووی خەرجی كرێكاران بدات و خودی كرێكارانیش دەبوایە 7% خەرجی دەوا و دەرمانی خۆیان بدایە.
هەر لەو پێوەندییەدا جێگری كانوونی ئەنجومەنەكانی كرێكاری لەئێران رایگەیاندووە، سازمانی دابین كردنی كۆمەڵایەتیی بەهیچ شێوەیەك ناتوانێ‌یەك میلیۆن و٨٠٠ هەزار كەس بیمە بكات.
ئەمانە لەحاڵێكدان كە رۆژ لەگەڵ رۆژ دۆخی كرێكاران لەئێران بەرەو ئاڵۆزی دەروات و رێژەی بێكاربوونیان بە بەردەوامی چوونەسەر بە خۆیەوە دەبینێت.
لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی ئیلنا بڵاوی كردۆتەوە، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا نزیك بە دوو میلیۆن كرێكار لەئێران بێكار كراون.
ئەو كرێكارانە لەبەشەكانی رێگاو بان، دروست كردنی بەنداو، دروست كردنی تونێل و پرد و بیناسازی و هۆڵە وەرزشییەكان بوونە.