کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان چیمان فێر دەکەن؟

12:35 - 18 جۆزەردان 2722

شەماڵ تەرغیبی

شۆرای هاوئاهەنگی مامۆستایانی ئێران لە نامەیەکدا بە ڕێکەوتی ١٧ی جۆزەردان بۆ ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کار خوازیاری دەرکردنی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئێران لەم ڕێکخراوە بوو؛ هۆکاری باسکراو لە نامەکە بریتی بووە لە بەردەوامیی سەرکوتی دامەزراوە و چالاکانی سینفی مامۆستایان لە ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کە تۆمەتی وەک هەنگاونان بەدژی ئەمنیەتیی نەتەوەییان وەپاڵ دراوە؛ بەڵام بۆچی کۆماری ئیسلامی تۆمەتێکی لەم چەشنە دەخاتە پاڵ توێژێک کە ئەرکی بارهێنان و ڕاهێنانی منداڵانی ئەم وڵاتەیان لە ئەستۆیە؟

ئەوەی ڕوونە یەکێک لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە بەهێزەکان لە ئێستەی ئێراندا کە لە گۆڕەپاندا بوونێکی ماناداریان هەیە بزووتنەوەی مامۆستایانە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا توانیویەتی ئەزموونی کەموێنە و جۆربەجۆر بدات بە دەستەوە کە شیاوی لێفێربوونە و دەکرێ ببێتە سەرمەشق و سەرچەشنێک بۆ باقی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەلایەتییەکان. ئەو وانەگەلە چین؟

شەهیدی ڕێبەرمان د.قاسملووی مەزن لە ڕستەیەکی مێژووییدا دەڵێ: ڕێکخراو چەکی هەرەگرینگی ئێمەیە! بەو واتایە کە ئەگەر کەسێک یان کۆمەڵە کەسێک بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی هاوبەش لە هەوڵدا بن بەڵام سازمان نەدرێن یان خۆیان سازمان نەدەن و لەڕێگەی بڕیاری بەکۆمەڵ و هاوفکری هەوڵ بۆ دەسنیشانکردنی ڕێگە و ڕێبازی خەباتەکەیان نەدەن واتە لەژێر چەترێکی هاوبەش کە ویستی هەمووانی تێدا بەدی بکرێت هەوڵ بۆ پێکانی خاڵە ستراتێژیکییەکان نەدەن ئەوا تووشی نسکۆ و شکست دەبن بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەم چەکە هەرەگرینگە لە ئارادا بێت و هەمووان بە گرینگییەوە سەیری بکەن و ئامادە بن کەڵکی لێوەربگرن ئەوا هەم ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکە هەموار دەبێت و هەم تێچووی خەباتەکەش کەمتر دەبێتەوە.

ئەوەیکە ئەمڕۆ ئێمە لە شەقامەکاندا لە مامۆستایانی دەبینین لەڕاستیدا چەشنێک لە دووبارەپێناسەکردنەوەی نەخشی ڕێکخراوە لە نێو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدایە؛ واتە لە ژیانی سیاسیی ئەمڕۆی ئێراندا درک‌کردن بەو ڕاستی و کەتوارە کە خەبات و بزووتنەوە بەبێ بوونی چەترێک کە هاواهەنگی لە نێوان تاکەکان دروست بکات، ڕێڕەوی گەیشتن بە ئامانج و خودی ئامانجەکەش دیاری بکات، ئەسڵ و پڕەنسیپێکی گشتگیرە کە بەخوشحاڵییەوە دەبینین مامۆستایان لە سەرانسەری ئێران و بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمەیان کردووەتە مێتۆدی هەوڵ و تێکۆشانەکانیان و ئەو دەرس و وانە مێژووییەیان جارێکی تر وەبیر کۆمەڵگا هێناوەتەوە کە ڕێکخراو چەکی هەرەگرینگی ئێمەیە! کە لە ناخی خۆیدا دەتوانێ ستراتێژی بێت، دابەشکاری بکات، ئامانج دیاری بکات، ئەمنیەتی گیانی مسۆگەر بکات، هاندەر بێت، متمانەی گشتی دروست بکات و باوەڕبەخۆبوونیش پەرە پێ بدات.

کەواتە وانەیەکی دیکە کە مامۆستایانی سەر شەقام بە هەوڵەکانیان دەتوانن فێری کۆمەڵگای بکەن بەخشینی متمانە و باوەڕبەخۆبوونە! متمانە و باوەڕبەخۆبوونێک کە هەم لە ئاستی تاکەکەسی و هەم لە ئاستی گشتی کۆمەڵگادا ساڵانێکی دوورودرێژە لەلایەن دەسەڵاتەوە لە خەڵک و کۆمەڵگا زەوت کراوە یان لانیکەم هەوڵ بۆ نەهێشتنی دەدرێ.

بەهۆی سیاسەتەکانی ڕێژیم لە هەموو بیاڤەکانی ژیان لەوانەش ئابووری، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ... دەبینین کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕێژەی ئەم متمانە، کە دەکرێ وەک شاڕەگی بەردەوامیی پێکەوەژیان و ژیوار ناوی لێ ببەین، هەم لە ئاستی کۆمەڵگا و هەم لە ئاستی بنەماڵەکانیش دابەزیوە؛ دیارترین بەڵگەش بۆ سەلماندنی ئەم وتە، بوونی دەیان و سەدان سکاڵانامە و کەیسی قەزاییە کە هەنووکە تاکەکانی نێو بنەماڵەیەک یان ئەندامانی نێو کۆمەڵگایەک بەرامبەر بە یەکتر لە بێدادگاکانی ڕێژیمدا وەڕێیان خستووە.

 لە ئێستەی ئێراندا هیچ کەسێک ناتوانێ بە بێ بوونی گەرەنتی و زەمانەتی یاسایی و ئیجرایی بچووکترین دانوستانی ماڵی، بازرگانی و تەنانەت کۆمەڵایەتی بە ئەنجام بگەیەنێت کە هەموویان سەرچاوەگرتوو لە نەمان یان کەمبوونەوەی ئەو متمانە گشتییەیە کە باس کرا؛ بێمتمانەیی تاک بە کۆمەڵگا و کۆمەڵگا بەرامبەر بە دەوڵەت و دەوڵەتیش بەرامبەر بە کۆمەڵگە. ئەمە ئەو دەسکەوتە مەزنەیە کە کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا بەرهەمی هێناوە و جڤاکی لە هەبوونی سەرەکیترین توخمی پێکهێنەری پێوەندی واتە "متمانە" بێبەش کردووە.

لەم ڕووەوە دەسپێشخەری و هەنگاونانی مامۆستایان بۆ وەرگرتنی مافەکانیان دەتوانێ هەڵگری مانا و وانەیەکی دیکەش بێ کە بریتییە لە وانەی گەڕاندنەوەی متمانە هەم بۆ خودی تاکەکان و هەمیش بۆ کۆمەڵگا تا باوەڕ بهێنن بەوەیکە ئەگەر بیانهەوێ بە ئامانجێکی پیرۆز بگەن دەتوانن!

 هەر لەسەر ئەم ئەساسەشە کە دەبینین مامۆستایانی ئەندام لە ڕێکخراوی سینفی مامۆستایان سەردانی بنەماڵەی هاوپیشە دەسبەسەرکراوەکانیان دەکەن، وێڕای ئەوان مان لە خواردن دەگرن و داوا دەکەن کە ئێران لە ڕێکخراوەی جیهانی کار دەر بکرێت؛ چونکە دەزانن کە تەنیا ڕێگای یەکخستنی هێزەکان بەدژی تاریکی سازکردنەوەی سەرلەنوێی متمانەیە؛ پرسێک کە ڕێژیم لێی تۆقیوە.