کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەکی کورد بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر دۆخی ژینگەی کوردستان، لەسەر شانی نەمامی چاند

21:27 - 15 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: مامۆستایەکی کوردی خەڵکی شارستانی پاوە لە رۆژی چاندنی دار و درەخت، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە بارودۆخی ژینگە، لەسەر شان و پیلی نەمامی چاند.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ ئەمیر حاتەمی مامۆستای کوردی خەڵکی شارستانی پاوە لە کردەوەیەکدا بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر بارودۆخی ژینگەی کوردستان، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٤ی رەشەمە، لەسەر شان و پیلی خۆی سێ نەمامی چاند.
ئەو مامۆستا خانەنشین کراوە ئەم کارەی بە شێوەیەکی سیمبۆلیک ئەنجام داوە و ئامانجی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر لەناوچوونی ژینگە و دارستانەکانی پاوە بوو.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی پاوە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئەم مامۆستا کوردە هەموو ساڵێک لە \'\'رۆژی چاندنی دار\'\'دا کۆمەڵێک دار دەچێنێت، بەڵام ئەمساڵ دارەکانی لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە بڕدرابوونەوە، هەر بۆیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر شانی خۆی سێ نەمامی چاند.
ساڵانە لێڕوار و دارستانەکانی کوردستانی ئێران، بەتایبەت لە شارەکانی مەریوان، پاوە و بانە لەلایەن کەسانێکی نەناسراوە ئاگر دەدرێن و لەم ئاگرکەوتنەوانەدا رووبەرێکی زۆر لە ژینگەی کوردستان تەفروتوونا دەبێت.
هاووڵاتییان لەو بڕوایە دان، ئاگرکەوتنەوەکانی کوردستان لەلایەن دەست و پێوەندییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە مەبەستی لەناوبردنی ژینگەی کوردستان ئەنجام دەدرێت.