کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەد سلێمانی: ئاڵۆزییە سیاسی و سەربازییەکانی واشنتۆن و تاران بێگومان پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدار و پێشبینیی ڕووداوی کتوپڕ دەکرێت

17:06 - 16 بەفرانبار 2720

وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی

لە ساڵوەگەڕی کوژرانی ''قاسم سلێمانی'' فەرماندەی سپای قودس، گرژییەکان لەنێوان ڕێژیمی ئێران و ئامریکا تا ڕێژەیەکی زۆر پەرەی سەندووە، زۆرێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام باس لە تۆڵەی سەخت دژی ئامریکا دەکەن، هاوکات ئامریکا هۆشداریی داوە بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە ئەنجامی هەر کردەوەیەکدا، بە توندی وڵامی دەداتەوە.

ئەم باسەمان لە وتووێژێک لەگەڵ بەڕێز ''محەممەد سلێمانی'' چالاکی سیاسی خستووەتە ڕوو کە سەرنجتانی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.

سەرەتا بە پێویستی دەزانم گەلێک سپاستان بکەین کە ئەو دەرفەتەتان بۆ ڕەخساندین لە تریبۆنی ئێوەی بەڕێزەوە، تیشک بخەینە سەر ئەو بابەتانەی کە بێگومان کاریگەرییان لەسەر کار و هەڵسووڕانی تیرۆریستیی ڕێژیمی ئاخوندی پاش کوژرانی قاسم سلێـمانی داناوە لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.

پ ـ نەمانی قاسم سلێمانی، لەماوەی ئەو یەک ساڵەدا چ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و چالاکییەکانی سپای پاسداران لە ناوچەکەدا داناوە؟

کوژرانی " قاسم سلێمانی " گەورە تێرۆریستی ناسراوی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران و پیاوە ترسناک و جێگای باوەڕی خامنەیی لەلایەن هێزەکانی ئامریکا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی ئەبوو مەهدی موهەندیس زیانێکی گەورەی بە هێز و نفووزی تاران لەسەر ئاستی ناوچەیی گەیاندووە و بێگومان شوێنی لەسەر کار و چالاکییەکانی سپای پاسداران داناوە و کاتی دەوێت کە وەک ڕابردوو کارە تیرۆریستییەکانیان ڕێک بخەنەوە.

ئەو ڕووداوە بێگومان کاریگەری لەسەر سیاسەتی تاران هەبووە و ئیدی تاران بەو ڕاستییە گەیشتووە کە ئەو جار ئامریکا پێش بە دەستئاوەڵایی یان لەسەر ئاستی ناوچەییدا بە هێز دەگرێ و کوژرانی قاسم سلێمانی ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتی تاران بوو کە ئەگەر لەسەر زیادەڕۆییەکانی بەردەوام بێت، زیاتر سنووری بۆ دادەنێن.

ئێران بە لێدان و ڕووبەڕووبوونەوەی هاوشێوە نەبێت، بە دڵنیاییەوە ڕاستەڕێ نابێ و بیر لە گۆڕینی ڕفتارەکانی ناکاتەوە و ئەو بڕیارەی ترامپ کۆتایی بە سیاسەتی هێور و دیالۆگ لەگەڵ تاران هێناوە و ئەو جار بە هێز و گوشاری کرداری دەسەڵاتی تارانی سنووردار کرد و ئێستا وەک جاران سپای پاسداران بە ئاشکرا هەوڵ نادات دژایەتیی ئامریکا بکات و بە بەرچاوی گیتیەوە درێژە بە هەوڵە کاولکارییەکانی بدات.

کوژرانی قاسم سلێمانی کە یەکێک لە دیارترین کارەکتێرە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران بوو لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، بێگومان شوێنی ڕاستەوخۆی لەسەر سیاسەتی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی و کار و چالاکییەکانی سپای پاسداران، وەک باڵی سەربازیی دەسەڵاتی تاران لەسەر ئاستی ناوچەیی داناوە و جێگرەوەی ئەو گەورە تێرۆریستە کە پشتیوانیی سیاسی و ئابووریی ڕێژیمی لە پشت نییە و بە ڕادەی قاسم سلێمانی جێگای باوەڕ و متمانەی خامنەیی و توندئاژۆکانی نێو بازنەی دەسەڵاتی سیاسی و مەزهەبیی تاران نابێ. قاسم سلێمانی وەك مۆرەیەکی مەترسیداری حکوومەتی ئاخوندی جگە لەوەیکە لەنێو دەسەڵاتی سیاسیی ڕێژیمیدا یارمەتیی زۆر دەدرا و بۆ هەر کارێک کە کردبای بە تەواوی دەستی ئاوەڵا کرابوو و هەر لەو کاتەشدا هێژموونی خۆی بەسەر ئەو گرووپ و میلیشا چەکدارە شیعانەشدا پەیدا کردبوو کە دژی پێگە و نفووزی ئامریکا دەکەن لەسەر ئاستی هەرێمایەتیدا.

پ ـ ئامریکا لە کۆنترۆڵکردنی نفووزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا چەندە سەرکەوتوو بووە؟

ئەگەر بە وردی سەرنج بخەینە  سەر کار و جووڵە سیاسی و سەربازییەکانی تاران لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی دەورانی دانڵد ترامپدا، بە ڕوونی هەست بە شکست و پاشکشەی حکوومەتی ئاخوندی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا دەکەین و گۆشارە سیاسی و ئابوورییەکانی سەر ئێران، بە دڵنیاییەوە تەنگی پێ هەڵچنیون و دەست بۆ هەر کارێک دەبەن  لەو دۆخەی تێیکەوتوون ڕزگاریان بێت بە دەستی ئامریکاوە.

 ئەگەر تاران بەر لە دەرکەوتنی ترامپ بە سەرکۆماریی ئامریکا توانیبووی هێژموونی خۆی بەسەر هێندێک وڵاتی ناوچەکەدا فەڕزبکات و لەوێدا دژایەتیی پێگە و نفووزی ئامریکا و هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی واشنتۆن بکات، پاش ئاڵۆگۆڕی دەسەڵاتی سیاسی لە کۆشکی سپیدا، ڕووداوەکان بە جۆرێک نەبوون کە دەرفەتی زیاتر بە تاران بدات و بە ئارەزووی خۆی لە سەر ئاستی ناوچەکەدا ئەسپی خۆی تاو بدات.

 ئێران ڕوڵی بەرچاوی هەبوو لە ئیدارەکردنی عێراق و سووریە و بە ڕێگای میلیشیاکانی یەمەندا، ئەو وڵاتەی گەیاندووەتە لووتکەی ئاڵۆزیی سیاسی و مەترسی لە سەر سعوودییەی دژبەری سیاسی و مەزهەبی خۆی دروست کردووە. هەر بە هۆی سیاسەت و ڕوانینەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە کە لوبنان کەوتووەتە دۆخێک کە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە زیانی گەورەی پێگەیشتووە و تا ڕادەیەك ئەو وڵاتە ئاسایشی نەتەوەیی کەوتووەتە بەر هەڕەشە و حەسەن نەسروڵڵا و و هاوبیرەکانی بوونەتە سەرچاوەی شڵەژانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی لوبنان کە ڕێژیمی تاران بێگومان قووڵتربوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئامریکا و ئێران و گەمارۆکانی سەر تاران و لەنێوبردنی قاسم سلێمانی و هاوتا عێراقییەکەی، بە بڕیاری بوێرانەی ترامپ، تا ڕادەیەک هێژموونیی تارانی لەسەر ئاستی ناوچەییدا کۆنترۆڵ کردووە و وەك ساڵانی ڕابردوو دەرفەتی پێ نادرێ سنووری قەڵەمڕەۆییەکانی زیاتر فراوان بکات و جێگرەوەی قاسم سلێمانیش لەو ئاستەدا نییە کە ڕۆڵی کاریگەری هەبێت.

پ ـ لە دوای کوژرانی قاسم سلێمانی پێوەندیی عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران چ گۆڕانیکی بەسەردا هاتووە؟

ئێران دەمێكە هەوڵ دەدات سیاسەتی بەغدا بە لایەنگری لە وڵاتەکەی بگۆڕێ و جددیتر کار بکەن بۆ ئەوەی هێز و نفووزی ئامریکا لە عێراق، وەك وڵاتێکی دراوسێ و ستراتیژیی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئاخوندی بێنە سەر خەتی خۆیان و بە دڵی تاران هەڵسووڕێت.

ئەگەر بەغدا بەھۆی بارودۆخی تایبەتی سیاسی و نەتەوەیی نێوخۆیی نەتوانێ بەتەواوی پشتیوانی لە تاران بکات، لانیکەم ئەو زەمینەیە دروست بکات کە دۆستە نزیک و ئاڵقە بەگوێیەکانیان بۆ شەڕی نێوخۆیی و کاولکاری ھان بدەن کە دەمێکە دەستیان بەو کارەیان کردووە.

هەر وەک خۆتان دەزانن بەهۆی سروشتی سیاسی و پێکهاتەی نەتەوەیی، عێراق، دەمێکە کراوەتە مەیدانی ململانێی سیاسی و سەربازیی ئەو وڵاتانەی کە دژایەتیی پێگە و نفووزی یەکتر دەکەن و پاش کوژرانی قاسم سلێمانی تا ڕادەیەک سستی کەوتووەتە پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا و هەر بۆیەش بەو دوایانە هەوڵی زۆریان دا بە ڕێگای میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە خۆیان هەڕەشە لە هێزەکانی ئامریکا بکەن. لە عێراقدا بەداخەوە بەهۆی نفووزی تاران دوو سیاسەتی بە تەواوی دژ بە یەک کە یەکێکیان ڕاستەوخۆ مەترسی لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی ئەو وڵاتە دروست کردووە بەڕێووە چووە. هێندێک هێزی سیاسی و کەسایەتیی عێراق هەوڵیان داوە سنوورێک بۆ سیاسەتی فراوانخوازیی تاران لە عێراق دابنێن و ڕێگا بەو وڵاتە نەدرێت لەوەێ زیاتر ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی  وڵاتەکەیان تێک بدەن و زیان بە یەکگرتوویی سیاسی و نەتەوەییان بگەیەنێن.

بەڵام لایەنی دووهەم کە لە کۆمەڵێک گرووپ و میلیشیای چەکداری شیعەی سەر بە ئێران کە بە بڕیاری ڕاستەوخۆی قاسم سلێمانی پێك هاتوون، سیاسەتێک لە وڵاتەکەیان پەرە پێ دەدەن کە بەرژەوەندییەکانی تاران دەپارێزێ و کارێک دەکەن کە بەغدا لە ڕووی سیاسی و ئیدارییەوە، پەیڕەوی لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئاخوندی بکات و ئەو فەلسەفەی بیرکردنەوەیە لەنێو هێندێک لە عێراقییەکاندا بووەتە هۆکاری کۆی ئەو نەهامەتی و دژوارییانەی کە بە سەر ئەو وڵاتەدا هاتووە. پاش کوژرانی قاسم سلێمانی  پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتەدا بە خۆشییەوە لە ئاستێکی ئەوتۆدا نییە کە تاران دەیهەوێت. بە ئامانجگرتنی قاسم سلێمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس لەلایەن ئامریکاوە، بۆ ئەوەی بوو کە سنوورێک بۆ ڕێژیمی تاران لەو وڵاتە دابنرێت.

پ ـ بە سەرنجدان بەو هەڕەشە و هۆشدارییەکان لەنێوان کۆماری ئیسلامی و ئامریکا کە ئەم ڕۆژانەدا گەیشتووەتە لووتکەی خۆی هەتا چەندە ئەگەری هەیە لەنێوان ئەو دو وڵاتەدا شەڕ ڕوو بدات؟

ئاڵۆزییە سیاسی و سەربازییەکانی واشنتۆن و تاران بێگومان پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدار و  پێشبینیی ڕووداوی کتوپڕ دەکرێت و ئەگەر بێت و تاران زیاتر لە سنووری خۆی دەربچێت و مەترسی لەسەر پێگە و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی  ئامریکا دروست بکات، بێگومان ئەگەری بەریەککەوتنی ئەو دوو وڵاتە زیاتر دەکات.

با ئەوەشی لێ زیاد بکەین کە بارگرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە شتێکی تازە نییە لە پەیوەندییە سیاسی و دیپڵۆماسییەکانی ئامریکا و ئێراندا و ئەو ئاڵۆزییانە زیاتر بۆ چوار دەیە دەچێ و بەڵام هەرگیز بە ڕادەی ئەو یەک دوو ساڵەی دوای بەرەو شڵەژان نەچووە وهەر وەك ئێوەش دەزانن، دەمێکە گوێمان لە زەنگی ئەو مەترسییە بووە و ئەگەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا بە تەواوی بکەوێتە مەترسییەوە بەھۆی دەسەڵاتی تاران، ئەگەری دەستوەشاندنی واشنتۆن لە ئێران شتێکی مەحاڵ نەبێ.

ڕێژیمی ئاخوندی لەو ماوەیەدا بە تەواوی کەوتووەتە حاڵاتی ئامادەباشی و بۆ ئەو مەبەستەش تاران بەرگریی ئاسمانی لە دەورووبەری بنکە ئەتۆمییەکانی خڕ کردووەتەوە و وەک ئامادەکارییەکی پێشوەختە لە ئەگەری هێرشی لە ناکاوی ئامریکا بۆ سەر ناوەندە هەستیارەکانی ئێران بەر لە ماڵاوایی دانڵد ترامپ.

جووڵە سەربازی و هێنانی ناوگانە بەهێز و کاریگەرەکانی ئامریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بێگومان نابێ لەخۆوە بێ و هەنگاوەکانی ئێستا کە لە ئاستی ئاڵۆزییەکاندا دەنرێن، نیگەرانیی زۆری خستووەتە نێو دڵی کاربەدەستانی ئێران و بە دڵنیاییەوە بە تەواوی نیگەرانی هێرشێکی لە ناکاوی ئامریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و هەستیارەکانی وڵاتەکەیان دەکەن. هەر بۆیەش کۆی سیستەمی بەرگری و ڕادارییە زیرەکە ئاسمانییەکانیان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە عێراقدا دەستیان بە جووڵەی تازە بە دژی هێزە ئامریکاییەکان کردووە وەک بەلاڕێدابردنی ستراتیژیی سەربازیی واشنتۆن کە بەدژیان دەنرێت لەسەر ئاستی ناوچەییدا.

پ ـ هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە کۆی ئەو مەعادلانەدا جێگایان گرتووە دەبێ چۆن خوێندنەوەی ئەو دۆخە بکەن؟

لە ئێستادا پرسی سیاسی و نەتەوەیی گەلی کورد بووەتە فاکتەرێکی کاریگەریی ناوچەیی و زۆریەک لە وڵاتە بەهێز و کاریگەرەکانی گیتی ئامادەن لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و گۆڕینی باڵانسی سیاسی و ئابووریدا یارمەتی بە کورد بکەن. بەڵام زۆر گرینگە هێزە سیاسی و تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندوەی ژیرانەی ئەو بارودۆخە سیاسی و ناوچەییە بکەن کە بەرەبەرە زەمینەی سەرهەڵدانی بۆ دەرەخسێ. ئاڵوگۆڕەکان بە قازانجی بزووتنەوەی سیاسیی کوردە، بە مەرجێک هێزەکانی ڕۆژهەڵات پەیڕەوی لە سیاسەتێکی ژیرانەتر بکەن و ستراتیژیی سیاسی و نەتەوەیی بەهێز بکرێ و کۆدەنگیی سیاسیی هەمووان بەیەک بگەیەنێ و لایەنە سیاسییەکانی ئەو بەشەی کوردستان دوور بکەونەوە لە بەخیلیی سیاسی و یەکترشکاندن و دژایەتیی یەکتر کردن .

ئاسۆی بەئامانج‌گەیشتنی گەلی کورد لە ساڵانی ڕابردوو ڕوونتر دەبینرێت و کەڵاوەکێشی ڕێژیمی تاران کە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچە و نێودەوڵەتی بەیەک گەیاندووە، زۆری بە قازانجی دۆزی سیاسیی گەلی کوردە ، ئەگەر ڕێبەری سیاسی بتوانێت خۆی لەگەڵ ئەو گەمە سیاسیە نوێیەدا بگونجێنێت و ماڵاوایی لە پڕشوبڵاویی سیاسی بکات و هەنگاوە نەتەوەییەکانی بەیەکگرتوویی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و نێوخۆییدا  بهاوێژێت.

دیارە خولانەوە بە دەوری مێحوەری دژایەتیی نێوخۆییدا گەلی کورد زیاتر لە ئامانجەکانی دوور دەخاتەوە و ئەستەمە کورد بە مافەکانی بگەیەنێت و ئەگەر ئەو دەرفەتە نوێیەش لەکیس بدرێت، چەند ساڵێکی‌تری دەوێت کە بارودۆخێكی هاوشێوە بۆ کورد بێتە ئاراوە. هەر بۆیە یەکڕیزی و یەکگوتاری و هاوپشتی و یەك‌هەڵوێستی، زەروورەتێکی ڕۆحی و نەتەوەییە لە دۆخی هەستیاری وەک ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و هەر تاکێکی کورد دەبێت هەست بە بەرپرسیارەتیی سیاسی و نیشتمانییەکانی لەو پەیوەندییەدا بکات و هاوکار و پشتیوانیی یەکیەتیی سیاسی و نەتەوەیی بکات.

گەلی کورد لە ناوچەیەکدا دەژیت کە بووەتە مەیدانی گەورەی یەکلاییکردنەوەی ململانێی سیاسی و سەربازیی زلهێزەکان لە سەرئاستی ناوچەییدا و ئاڵۆگۆڕە نوێیەکان، بێگومان مەترسی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی زۆرێک لە وڵاتەکان دروست دەکات و بەتایبەتیش ئەو وڵاتانەی کە زیاتر لە نەتەوەکەیان تێدا دەژی و تەنیا نەتەوەیەک فەرمانڕەوایی دەکات. ئەو ناوچەیەی کە کوردستانی تێدا هەڵکەوتووە، واتە خۆرهەڵاتی نێوەراست لە مێژووی نوێدا بە بەراورد بە جۆر و شێوەی کێشەکانی ڕابردووی لە پەیوەندی لەگەڵ قەیرانی سیاسی و نەتەوەییدا، بەڕادەی ئەو چەند ساڵەی دوایی نەبووەتە مەیدانی ململانێی سیاسی و سەربازیی زلهێزەکان و بەشێك لە وڵاتە بەهێزەکان کە بەرژەوەندیی خۆیان لەنێو داهاتووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەدی دەکەن، خوازیاری بەهێزکردنی پەیوەندیی سیاسین لەگەڵ کوردا. زۆر گرینگە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە دیاریکراویش حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک هێزێکی بەرچاوی مەیدانی تێکۆشانی نەتەوەیی، جەوهەرییانە خوێندنەوەی ئەو دۆخە نوێیە بکات و هێڵە ستراتیژییەکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی هەڵبچنێت ببێتە مێحوەری کۆدەنگیی سیاسی و نیشتمانیی ئەو بەشەی کوردستان.