کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ یەک لەسەر حەوتی پێش شەڕ

11:32 - 31 گەلاوێژ 2726

بەپێی ئامارەکانی بەدواداچوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، بارکردنی نەوتی خاوی ئێران گەیشتووەتە نزیکەی یەک لەسەر حەوتی ئاستی پێش دەستپێکردنی شەڕ؛ ئەوەش بەهۆی توندبوونەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا کە توانای ڕێژیم بۆ هەناردەکردنی نەوتی بەتەواوی سنووردار کردووە.

داتاکانی کۆمپانیای زانیاریی کاڵاکانی "کێپلێر" نیشانی دەدەن کە ئێران لەم مانگەدا ڕۆژانە بە تێکڕا نزیکەی ۲۸۷ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی بار کردووە، لە کاتێکدا ئەم ئامارە پێش شەڕ نزیکەی ۲ میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە.

چین کە گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە، لەم مانگەدا ڕۆژانە تەنیا ۵۲۳ هەزار بەرمیلی پێگەیشتووە، کە پێشتر زیاتر لە ۱.۷ میلیۆن بەرمیل بووە.

کێپلێر مەزەندە دەکات کە لەگەڵ سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، زیاتر لە ۴۰ میلیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لەناو کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کەنداو و دەریای عوماندا گیریان خواردووە.

هەروەها هەناردەی نەوتی کوورەی ئێران لە ۲۲۰ هەزار بەرمیلەوە بۆ ۶۱ هەزار بەرمیل دابەزیوە و هەناردەکردنی گازی شلیش تێكچووە.

داڕمانی هەناردەی نەوت، سەرچاوەی دراوی بیانیی تاران ئەوەندەی دیکە تووشی قەیران دەکات و داهاتی گشتیی ئێران بەرەو پەککەوتن دەبات؛ داهاتێک کە ساڵی ڕابردوو ٥٧.٥ میلیارد دۆلار بووە و ٥٥ لەسەدی تەواوی هەناردەی ئەو وڵاتەی پێک دەهێنا.