کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلێکی نوێی سزادان؛ بانگکردنی لانیکەم ٤٠ خوێندکاری زانکۆی خاجە نەسیر

11:38 - 31 گەلاوێژ 2726

بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەواڵدەریی "هێرانا"، شەپۆلێکی نوێ و بەرفراوانی ڕێکارەکانی سزادان لە زانکۆی خاجە نەسیرەدینی تووسی لە تاران دەستی پێکردووە و لانیکەم ٤٠ خوێندکاری ئەو زانکۆیە بانگی کۆمیتەی ئینزیباتی کراون.

کاناڵی هەواڵی خاجە نەسیر ئاشکرای کردووە کە بڕیار بوو کۆبوونەوەکانی دادگاییکردنی ئەم خوێندکارانە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی هاوکاتبوونی لەگەڵ تاقیکردنەوەکان و دەستپێکردنی پشووی هاوینە، پێداچوونەوە بە دۆسییەکاندا بۆ وەرزی نوێی خوێندن دوا خراوە.

ئەم خوێندکارانە ڕووبەڕووی سزای ئینزیباتی و ئەگەری دەرچوونی حوکم بوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا وردەکاریی تۆمەتەکان و جۆری سزاکان ڕانەگەیەندراوە.

هەروەها ڕێکارەکان لە چوار قۆناغدا دابەش کراون و دوای پێداچوونەوە بە دۆسییەی دەستەی یەکەم، ئێستا قۆناغی دووەم لە جێبەجێکردندایە.

ئەم گوشاره نوێیانە لەکاتێکدایە کە لە ڕەشەمەی ساڵی ۱۴۰۴ و هاوکات لەگەڵ کرانەوەی زانکۆکان دوای ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی بەفرانبار، کۆبوونەوەی بەربڵاو لەلایەن خوێندکارانەوە لە زۆرێک لە زانکۆکانی ئێران ئەنجام درا.

پێشتریش بەرپرسانی زانکۆی تاران باسیان لە پێداچوونەوەی دۆسییەی ۳۰ خوێندکار لە کۆمیتەی ئینزیباتی لەسەر کۆبوونەوی خوێندکاران کردبوو.