کەمبوونی دەرمان لە ئێراندا ئیتر تەنیا دەرمانە تایبەت یان دەرەکییەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو دەرمانە دروستکراوەکانی نێوخۆش دەست ناکەون.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان، بۆ پەیداکردنی ئازارشکێنێک یان دەرمانی گەدە و دەمار، هاووڵاتییان دەبێت سەردانی چەندین دەرمانخانە بکەن.
"ئیقتساد نیوز" ڕایگەیاند کە نوسخەی نەخۆش لە یەک دەرمانخانەدا تەواو ناکرێت.
بەهۆی بەستراوەیی کەرەستەی خاو بە هاوردەکردن و نەگونجانی نرخی دیاریکراو لەگەڵ خەرجیی دروستکردندا، بەرهەمهێنانی هەندێک دەرمان بۆ کۆمپانیاکان قازانجی نییە و ئەو بەرهەمنەهێنانە دەبێتە هۆی خاڵیبوونی دەرمانخانەکان.
حەیدەر مەحموودی پیرساڵحی، بەرپرسی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان ئاماژەی بەوە کرد کە گوشاری جۆراوجۆر ڕێگە لە دەستکاریکردنی نرخ دەگرێت و دواکەوتنی بڕیارەکان قەیرانەکەی قووڵتر کردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "فەراڕوو" بڵاوی کردەوە خەرجیی گواستنەوەی کانتینەرێک بۆ ئێران لە ۳ هەزار دۆلارەوە بۆ ۳۰ هەزار دۆلار زیادی کردووە.
هەروەها قەرزی دواکەوتووی پیشەسازیی دەرمان گەیشتووەتە ۲۰۰ هەزار میلیارد تمەن و بیمەکان قەرزی دەرمانخانەکان لەکاتی خۆی نادەنەوە.
ئەندامێکی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند هاوردەکردنی دەرمان تەنیا لە هێند، تورکیە و چینەوە دەکرێت و هاوردە لە ئورووپاوە وەستاوە.
هەروەها نەخۆشەکان ناچارن سەردانی ۱۰ تا ۲۰ دەرمانخانە بکەن، بەتایبەت بۆ دەرمانی دەمار و دەروون کە ناکرێت بە دەرمانی دیکە جێگەیان پڕ بکرێنەوە.