کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی سووریە: لە ئێستادا بەدوای باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێراندا نین

11:13 - 31 گەلاوێژ 2726

ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریە، ڕۆژی هەینی ٣٠ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە دەمیشق ئەگەری بەشداربوون لە پەیمانی بەرگریی هاوبەشی مەککە تاوتوێ دەکات، بەڵام هەتا ئێستا هیچ بڕیارێکی لەوبارەیەوە نەداوە.

فاکس نیوز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە شەیبانی لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئیسلام ئاباد لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: «ئێمەیش وەکوو وڵاتانی تر، ڕێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککەمان تاوتوێ کردووە و سووریە هێشتا لە هەوڵی هەڵسەنگاندنی بژاردەکاندایە".

هەروەها شەیبانی هەر جۆرە هەوڵێکی بەپەلەی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە وتووێژکردن لەگەڵ تاران تەنها لەو کاتەدا دەکرێت بێتە بەرباس کە ئێران هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە سووریە بگۆڕێت.

ئەم سەردانە، یەکەم سەردانی وەزیری دەرەوەی سووریە بۆ پاکستان لە دوای ڕووخانی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد لە ساڵی ٢٠٢٤ـەوە بەئەژمار دێت.

پێشتریش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە ڕایگەیاندبوو ئێمە لە هەوڵداین ئەم هاوپەیمانییە لە سێ وڵاتی دامەزرێنەرەکەوە فراوانتر بکەین و ئەگەری هەیە وڵاتانی تری ناوچەکە بهێنێتە نێو ئەو هاوپەیمانییەوە.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیەش ڕایگەیاندبوو کە میسر ڕەنگە لە قۆناغی داهاتوودا پەیوەندی بە هاوپەیمانیی بەرگریی هاوبەشی نێوان عەرەبستانی سعوودی، تورکیە و پاکستانەوە بکات.

هەروەها جۆ ویڵسۆن، یاسادانەری کۆماریخوازی ئەمریکا، پەیمانی مەککەی بە نیشانەی گۆشەگیربوونی کۆماری ئیسلامی ناو بردبوو.

عەرەبستانی سعوودی، پاکستان و تورکیە ڕۆژی هەینی ١٦ی گەلاوێژ هاوپەیمانیی هاوبەشی بەرگرییان لە مەککە واژۆ کرد و لەسەر بنەمای ئەو هاوپەیمانییە، هێرشی چەکداری بۆ سەر هەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، بە هێرش بۆ سەر هەرسێکیان بە ئەژمار دەکرێت.