کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان لە کوردستان بەردەوامە

14:55 - 31 گەلاوێژ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، دوو لاوی کوردی خەڵکی سەقز و پیرانشار دوای چەند ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان، چارەنووسیان ناڕوونە و ژنە کوردێکی خەڵکی بۆکانیش سێ مانگ بەندکرانی بەسەر سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ۲۵ی گەلاوێژ، ئەیووب حەمزە خەڵکی بۆکان، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا.

ناوبراو خێزاندارە و باوکی منداڵێکی بچووکە. ناوبراو پاش تێپەڕبوونی ۶ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانیدا چارەنووسی نادیارە.

هەروەها ڕۆژی هەینی ۲۳ی گەلاوێژ، ئارەش ئیمام‌جومعە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە شاری سەقز دەسبەسەر کراوە. لە کاتی دەسبەسەرکرانیەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی تەندروستی، شوێنی ڕاگرتن و هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەمان ڕێکخراو، لقی ۱۰۱ی بەناو دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە بۆکان، سێ مانگ بەندکرانی بەسەر مەنیژە خۆشنوود بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» سەپاند.

مەنیژە خۆشنوود ڕۆژی سێشەممە ۵ی جۆزەردان، لە ئاکامی هەڵکوتانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ هۆکار لە ماڵی بنەماڵەییی خۆیدا دەسبەسەر کرا.

جێگای ئاماژەیە کە ئەو ژنە کوردە پێشتریش لە ساڵی ١٤٠١دا بە تۆمەتێکی هاوشێوە «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم»، سزای ۱۰ مانگ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرابوو.