کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: دوکتور قاسملوو یەکێک بوو لە ڕووناکبیرە دەگمەنەکانی کورد لە سەردەمی خۆیدا، کە باوەڕی بە فرەیی ھەبوو، باوەڕی بە پێکەوەژیانی نەتەوەکان ھەبوو

10:01 - 14 سەرماوەز 2718

گۆڤاری "دیپلۆماتیک" سەر بە گرووپی گوڵنار چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەڕێز مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ساز داوە کە لێرەدا دەخرێتە بەر دیدی خوێنەرانی خۆشەویست.

له‌م دیداره‌دا بەڕێزمسته‌فا هیجرى سه‌باره‌ت بە ئه‌زموونى سیاسى خۆى ‌و پرسى كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ده‌دوێت.

کەی و لەکوێ لەدایک بوویت؟

ساڵی ١٩٤٥ی زاینی لە شاری نەغەدە لەدایکبووم، نەغەدە شارێکە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ناوچەیەکە لەوێدا کوردو تورک پێکەوە دەژین، ھەر لەوێش خوێندنی سەرەتاییم تەواو کردووە، دواتر چوومەتە ورمێ بۆ درێژەدان بە خوێندن، ئەو دەمە ناوەندێک ھەبوو پێمان دەگوت دانیشسەرای کەشاوەرزی، ئەوێم تەواو کرد. دوای ئەوە بووم بە مامۆستا ناردیانم بۆ سەقز، لە گوندێکی سەقز بۆ ماوەی سێ ساڵ مامۆستا بووم، پاشتر گەڕامەوە شارەکەی خۆم، لەوێ درێژەم بە کاری مامۆستایەتیەکەمدا، ھەر لەوێش لە تاقیکردنەوەکانی دانیشگای تەورێز و تاران بەشداریم کرد، لە ھەردووکیشیان وەرگیرام، بەڵام چووم لە تاران خوێندنەکەی خۆم درێژە پێدا، لە بواری ئەدەبیات‌و زمانی فارسی بەکالۆریۆسم وەرگرت. پاشتر گەڕامەوە بۆ نەغەدە شاری خۆم، لەوێ لە قوتابخانەکانی ناوەندی‌و دواناوەندی وەک مامۆستا وانەم دەگوتەوە، کە شۆڕشی گەلانی ئێران دەستی پێکردو منیش یەکێک لە چالاکەکانی خۆپیشاندانەکانی دژی شا بووم، ھەم کاتێک کە مامۆستا بووم، ھەم لەو کاتەی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی خەڵکەکە دەستی پێکرد، دواتر لە نەغەدە نەمتوانی بمێنمەوەو ھاتمە مەھاباد، ساڵێکیش لە مەھاباد مامۆستا بووم، دوای ئەوەی کە حیزبی دیموکرات ئاشکرا بوو، لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبدا کە لە مەھاباد گیرا، واتە یەکەمین کۆنگرەی کە بە ئاشکرا گیرا، لەو کۆنگرەیەدا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکرات ھەڵبژێرام، ئیدی خەباتەکەمان بە دژی رێژیمی خومەینی دەستی پێکرد، ناچار بووم دەست لەکاری مامۆستایەتی ھەڵگرم، وەک پێشمەرگەیەکی حیزبی دیموکرات ئیش و کارم دەکرد، دوای ساڵێک کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مەھابادی گرتەوە، لەگەڵ ئەو ھاوڕێیانەی تردا کە بووبووینە حیزبی، شارمان بەجێ ھێشت، لەو دەمەوە تا ئێستا لەگەڵ حیزبی دیموکرات کارو تێکۆشانمان ھەبووە.

 ھەر لە کاتی بوونم بە حیزبی بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردرام، لەو کاتەوە تا ئێستا ھەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بووم، زۆربەی کاتەکان ھەر ئەندامی دەفتەری سیاسیی بووم، ماوەیەک دوای شەھیدبوونی دوکتور سادق شەرەفکەندی بووم بە سکرتێری حیزب بۆ ماوەی دوو ساڵ، لە کاتێکدا کە دوکتور شەرەفکەندی سکرتێری حیزب بوو، جێگری بووم، لەو کاتەوە کە نزیکەی ١٢ ساڵە سکرتێری حیزبم، بەڵام لە کۆنگرەی دواھەمیندا(کۆنگرەی١٦دا فوورییەی٢٠١٨دا) وشەی سکرتێر گۆڕدرا بۆ لێپرسراوی گشتی حیزب، تا ئێستاش بەو ناوە لە خزمەتی حیزبدام.

بەر لە ئاشنابوونت بە کاری سیاسیی، لە سەرەتای مناڵیتەوە ھەستی نەتەوەییت چۆن بوو؟ کێ بوون ئەوانەی ھەستی نەتەوەییتیان دەجووڵاند و کاریان لەسەرت کردبوو؟

لە شارێکدا دەژیام، تێکەڵەیەک بوو لە نەتەوەی تورک‌و کورد لە زەمانی شادا، خەڵکی کورد یەکجار زۆر لە ژێر ستەمدا بوو، جیاوازییەکی زۆر ھەبوو لە نێوان ئێمەی کوردو تورکەکاندا، ڕێژیمی پەھلەوی ھەموو دەسەڵاتەکەی دابوو بە تورکەکان، بۆیە ئێمە وەک کورد بەدەستی تورکەکان سەرکوت دەکراین، ئێمە دووجار چەوسێنراوینەتەوە، من کە منداڵ بووم ئەو چەوساندنەوەیەم دەدی، جیاوازییەکی زۆر ھەبوو لە نێوان منداڵەکانی کوردو تورک لە خوێندنگا، باری ژیانی ئەو مامۆستایانەی کە کورد بوون لەگەڵ ئەو مامۆستایانەی کە تورک بوون زۆریان جیاوازی ھەبوو، جیاوازییەکە زۆر ئاشکرا بوو، ئەوە لە واقیعدا نەک ھەر لە مێشکی مندا، بگرە لە مێشکی ھەموو منداڵە کوردێکدا کاریگەرییەکی گەورەی دانابوو، بۆیە کاتێک کە وردە وردە گەورە دەبووین، زیاتر ھەستمان پێدەکرد، ھۆشیاری نەتەوەییمان زیاتر دەبوو، وە ھەستی نەتەوایەتی من بێجگە لە بنەماڵەکەم، لەو ژینگەیەدا گەشەی کردو ھەستم بە ستەم و جیاوازی کردووە بەرامبەر گەلەکەم، وە پێی ناڕەحەت بووم، ھەمیشە نیگەران بووم، ھەمیشە ئارەزووم بووە ڕۆژێک ئەو جیاوازییە نەمێنێ و ھەموومان بتوانین وەکو یەک لە شوێنی ژیانی خۆماندا بژین.

 کاتێک لە زانکۆش بووم لە تاران، لەگەڵ ھاوبیرەکانی خۆم لەسەر مەسەلەی چۆنییەتی لابردنی ئەو ستەمە لەسەر خەڵکی خۆمان بیرمان دەکردەوە، قسەمان دەکرد، ئەو کاتە تێکۆشانی سیاسیی و نەتەوەیی، تێکۆشانێک کە دژی ستەمی ڕژێم بێت قەدەغەکراو بوو، بۆیە بە نھێنی کارمان دەکرد، دوای ئەوە کە ڕێژیمی شا ڕووخا، حیزبی دیموکرات و ئەندامانی بە ئاشکرا گەڕانەوە ناوچەکەو دەستیان کرد بە کارو چالاکییەکانیان، منیش بەپێی ھەڵسەنگاندنی خۆم، پێم وابوو کە بیروباوەڕی حیزبی دیموکرات وەکو حیزبێکی نەتەوەیی تێدەکۆشێ بۆ لابردنی ستەمی نەتەوایەتی، لەگەڵ ڕوحییەتی من کە لەو ژینگەیەدا گەورە بووبووم یەکی دەگرتەوە، ئەگینا ئەو کاتە لەگەڵ ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتیدا زۆر حیزب سەریان ھەڵدا لە ئێراندا، بەتایبەتی لە ناوچەی کوردستاندا، لە حیزبە چەپەکانەوە بیگرە (کەحیزبی تودە زیاتر ئاڵا ھەڵگریان بوو) تا حیزبە ئیسلامییەکان. بەڵام من چونکە زۆرتر نەتەوەییتر بیرم دەکردەوە، ئامانجی خۆم زیاتر لە حیزبی دیموکراتدا دەدییەوە، لە کۆنگرەی چواردا ھەڵبژێردرام بۆ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی.

دەگوترێت حیزبی دیموکرات بە ئاراستەو پشتیوانی سۆڤییەت دامەزراوە، لە کاتێکدا دیموکرات حیزبێکی ڕاستڕەو بووەو، سۆڤییەتیش ئایدیۆلۆژیای چەپی ھەبووە، چۆن یەکێتی سۆڤییەت دیموکراتی دامەزراند؟

لە ڕاستیدا بەپێی تێگەیشتنی من نە ئەوەیە حیزبی دیموکرات سۆڤییەت داینمەزراندوە، نە ئەوەشە کە لە پێکھاتنەکەیدا بوونی سۆڤییەتەکان لە ناوچەکەدا بێ کاریگەر بووبێت. بێگومان سۆڤییەت کاریگەری ھەبووە بەسەر حیزبی دیموکراتەوە، بەتایبەت دوای دوو سەفەر کە گرووپگەلی کورد چوون بۆ سۆڤییەت، لە یەکێک لە سەفەرەکاندا پێشەوا بۆ خۆی ئامادەیی ھەبوو، دوای ئەوەش گرووپێک لە خوێندەوارانی ئەو دەمی مھاباد نێردران بۆ سۆڤییەت، بۆ ئەوەی فێری کاری عەسکەری ببن، ئەوانە ھەموویان کاریگەریان ھەبوو، بەتایبەتی سۆڤییەتەکان لە ناوچەکەو لە مھاباددا پاڵپشتی پێکھاتنی حیزبی دیموکراتیان دەکرد، بەس نەک بڵێین سۆڤییەت ڕاستەوخۆ پێکیھێناوە، بەڵام بێ کاریگەریش نەبوون لە پێکھاتنیدا.

دوکتور قاسملوو بەڕەحمەت بێ تاچەند باوەڕی بە فرەیی ھەبوو، ھەم لەناو کورددا، ھەم لەناو حیزبەکەی خۆیدا؟

ئەوەندەی کە دوکتور قاسملوو دەناسم و بەخۆشییەوە ئەو شانازییەم بۆ ماوەتەوە کە ماوەیەکی زۆر لەخزمەتیدا بووم و کارمان کردووە پێکەوە، یەکێک بوو لە ڕووناکبیرە دەگمەنەکانی کورد لە سەردەمی خۆیدا، کە باوەڕی بە فرەیی ھەبوو، باوەڕی بە پێکەوەژیانی نەتەوەکان ھەبوو، ناڕەحەت بوو بەوەی کە کوردو تورک لە ناوچەیەکدا دەژین، لەبری ئەوەی کە پێکەوە بسازێن‌و وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە، لەفیکری تۆڵەکردنەوەدابن لە یەکتری، لەو بارەوە پێموایە لەناو ڕووناکبیرانی کورددا سەرتۆپ و سەرچڵ بوو، بەتەواوی پێیوابوو کە مرۆڤەکان ھەموو مافی خۆیانە کە ئازاد بن و ئازاد بژین، بە ئازادی بیروباوەڕی خۆیان دەرببڕن، لە تەواوی ئەو ماوەیەی کە لە ژیاندا مابوو، دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان دروشمی سەرەکی حیزبی دیموکرات بوو، دیموکراسی بۆ ئێران، مانا سیاسییەکەی ئەوە بوو کە ئێمە ئازادی و یەکسانیمان تەنھا بۆ کورد ناوێ، بەڵکو بۆ تەواوی ئێرانمان دەوێ، دوکتور قاسملوو باوەڕی بەوە بوو کە ئەگەر ھەموو نەتەوەکانی پێکھێنەری حەشیمەتی ئێران بە ئازادی نەگەن، کورد زۆر زەحمەتە بە تەنیا بتوانێ مافەکانی خۆی بەدەست بھێنێت، بۆیە ئەوەندەی کە ھەوڵی دەدا بۆ ڕزگاری کورد، ئەوەندەش ھەوڵی دەدا بۆ ئەوەی تەواوی نەتەوەکانی تری ئێرانیش پێکەوەژیان و ھاوخەباتی لەنێوانیاندا ھەبێ.

پێت وانییە ئەوەی کە مافی کورد بەڕەسمی دەناسێنێت ئەورووپاو ئەمریکان، نەک ئێران، واتە ئێران تەنھا نوێنەرو کار ڕاپەڕێنەری ئەوانەو، ئەوە ئێران نییە کە نایەوێ کورد بە مافەکانی بگا، بەڵکو ئەوە ئەمریکاو ئەورووپان نایانەوێ کورد ئەو مافەی ھەبێت؟

خۆزگە ئێمەی کوردیش دەگەیشتینە ئەو ئاستە لە بیرکردنەوە کە تاوانی ھەموو کەم و کووڕییەکانی خۆمان نەدەخستە ئەستۆی ئەمریکا و ئەوروپا، بەڵکوو بەشی خۆشمان دادەنا. لە بەرەسمی ناسینی مافی کورد دا ئێمە بۆ خۆمان وەکوو کورد ھەڵەی زۆرمان بووە لە نایەکریزی، پشتبەستن بە دوژمن، ھەڵەی سیاسی و ... ھۆی دووھەمی دەگەڕێتەوە سەر دەوری کاریگەری ئەو حکوومەتە دیکتاتۆریانەی کوردستانیان بە سەردا دابەش بووە.

 لەنێو ئەو حکوومەتانەش رژێمی کۆماری ئیسلامی لە ھەمووان زیاتر رەگەزپەرەست و دژی کوردە، ئەو رژێمە تەنیا دژی مافی کورد لە ئێران نییە، بەڵکوو دژی مافی کورد لە ھەموو بەشەکانە، لێرەدا ئه‌مریکا و ئه‌وروپا ھیچ تاوانێکیان نیە. لانیکەم لە ماوەی ٤ -٥ دەیەی رابردوودا کە کورد لە ھەموو بەشەکانیدا خەباتی کردوە بۆ ئازادی و بەدەستھێنانی مافە زەوتکراوەکانی، نەمان بیستووە کە یەکێک لەو دەوڵەتانە مافێکی کوردی بە رەسمی ناسیبێ و ئه‌مریکا و ئه‌وروپا دژایەتیان کرد بێ.

لەنێو کوردی باشووردا دیاردەی جاشایەتی و نۆکەرایەتی بۆ بێگانە زۆر بەرچاوترە، تەنانەت بگرە بە گرووپ ناوی (جاشەکانی ٦٦)یان لێناون، وەک ئەوەی مەلا موستەفا ئەو ناوەی بڕی بەسەر باڵی مەکتەبی سیاسیی و خودی جەلال تاڵەبانیدا، ھەروەھا دەگوترێ لە حەوتسەد ھەزار نێرینەی کورد، پێنجسەد ھەزاریان بوونە جاش و نۆکەری سەدام، بوونی ئەو ھەموو موستەشارو ئاغایانەی کە نۆکەریان بۆ سەدام دەکرد بەرچاوە، تەنانەت باس لەوە دەکرێ کورد ھەمیشە لەناخەوە ئەم سیفەتەی تێدایە، وەک چۆن لە ڕابوردوودا میرنشینەکان ھەر یەکەیان بوونەتە داردەستی (عوسمانلی و سەفەوی)یەکان، مەبەستمە بپرسم ئایا لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا ئەم دیاردەیە لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا لە ڕۆژھەڵاتیشدا ئەم دیاردەیە بەو زەقی و بەرچاوی و ڕێژە زۆرەوە بوونی ھەبووە لە ڕابوردوو و ئێستادا؟

لە رۆژھەڵاتیشدا جاشایەتی و خزمەت کردن بە دوژمن لە رێگای زەربە وەشاندن لە خەبات بۆ ئازادی کورد ھەیە، بەڵام بە ھەڵسەنگاندن لەگەڵ باشوور، ئەو دیاردەیە زۆر لاوازترە.

لە ھەشتاکاندا و بەر لە تیرۆرکردنی، دوکتور قاسملوو یەکێک بوو لەو کەسانەی پەیوەندییەکی گەرم و گوڕو خۆشی لەگەڵ سەدام حسێندا ھەبوو، تەنانەت یەکەم ھەوڵدان بۆ دانووستانی نێوان کوردی باشوورو سەددام لەڕێگەی قاسملووەوە بووە، ئەم پەیوندیە لەسەر چ بنەمایەک بووە؟

دوکتور قاسملوو لەگەڵ سەدام حسێن پەیوەندی شەخسی نەبوو، پەیوەندی حیزبی بوو، کاتێک حکومەتی سەدام حسێن دژی ڕێژیمی خومەینی شەڕی دەکرد، حیزبی دیموکراتیش شەڕی دژی خومەینی ھەبوو، شتێکی زۆر ئاساییە کە بەھۆی ئەو خاڵە ھاوبەشەوە پەیوەندییەکیش ھەبێت، بەڵام ئامانجی حیزبی دیموکرات لەگەڵ ئامانجی ڕێژیمی سەدام حسێن بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێران جیاواز بوو، حیزبی دیموکرات دەیویست کە ڕێژیمی خومەینی بڕووخێت بۆ ئەوەی سیستەمێکی دیموکراتییەت بێتە سەر کار، ئەو کاتە درووشمەکەمان خودموختاری بوو.

 بەڵام سەدام حسێن بۆ ئامانجێکی خۆی دژی ئێران دەجەنگا، بەبۆچوونی من ئەوە لە سیاسەتدا شتێکی زۆر ئاساییە، ئەو نزیکایەتییەی حیزبی دیموکرات لەگەڵ ڕێژیمی عێراق لەلایەک، وە پەیوەندی نزیکی حیزبی دیموکرات لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو بەھۆی ئەوەی کە د. قاسملوو ھەوڵ بدا کێشەی کوردی باشوور لەگەڵ حکومەتی بەغدا بە وتووێژ چارەسەر بکرێ، بەغدا مافی کورد بسەلمێنێ، ئەو ئامانجە وایکرد کە دوکتور قاسملوو ھەوڵ بدا و زەمینەی گفتوگۆ لای سەدام حسێن بسازێنێ.

قسەیەک ھەیە دەڵێ حیزبی دیموکرات ھێندەی لەسەر کەلەپووری ڕابوردوو، وه‌ مێژووی ڕابوردوو و باسکردن لە سکرتێرە تیرۆرکراوەکانی دەژی، ھێندە لە خەمی ئایندەدا نییە، دەتانەوێ بە وێنەی (پێشەواو قاسملوو و شەرەفکەندی)یەوە سەروەرییەکان بە خەڵک بفرۆشنەوە؟

من لەگەڵ ئەو بۆچوونەتاندا ھاوڕا نیم، پێموایە وەکو کورد ھەموومان قەرزداری خەباتی سەرکردەکانی ڕابوردووی خۆمانین، لە سەرەتاوە تاکوو ئێستا، من پێموایە ئەگەر کورد ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی ئەو سەرکردانەی نەگرێت، لەڕاستیدا ڕێزی لە خەباتەکەی نەگرتووە، بۆیە حیزبی دیموکراتیش ڕێز لەو سەرکردانەی خۆی دەگرێ، وە گرنگییەکی زۆریان پێدەدا، بەڵام لە ھەمانکاتدا ئەو شێوە خەباتەی کە لە سەردەمی پێشەوا، تەنانەت لە سەردەمی دوکتور قاسملوودا ھەبوو، ئێستا لە حیزبی دیموکراتدا بە تەواوی گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، لە سەردەمی ژیانی دوکتور قاسملووداو تەواوی خەباتی ئەو بریتی بوو لە دیموکراسی بۆ ئێران و خود موختاری بۆ کوردستان، ئێستا لە کۆنگرەی ١٣ەوە(ژوویەی٢٠٠٤) درووشمی حیزبی دیموکرات گۆڕاوە بۆ پێکھێنانی ئێرانێکی دیموکراسی فیدراڵ.! بەتایبەتتر لە کۆنگرەی ١٦دا(فووریەی ٢٠١٨) ئێمە بە تەواوی سیستەمی حیزبیمان گۆڕی، پێکھاتەی حیزبی کە پێشتر لەسەری بووین، بە تەواوی گۆڕیومانە، ئەو پێکھاتەیەی کە ئێمە ئێستا کاری لەسەر دەکەین، ئەو پێکھاتەیە نییە کە لەسەردەمی دوکتور قاسملوو یا سەرکردەکانی ترماندا لەسەری بووین، بۆیە ئێمە وەک حیزبی دیموکرات باوەڕمان بەوە ھەیە وەک ئەوەی کە ڕێز لە ڕابوردوومان دەگرین، بەڵام لە ڕابوردوو ناژین، بەپێی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەو جیھان کاری خۆمان درێژە پێدەدەین، بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ بەرەو پێشچوونەکانی ناوچەدا گوزەر بکەین.

پەیوەندیتان لەگەڵ حیزبەکانی باشوور چۆنە؟

جگە لە گرووپێکی ئیسلامییەکان، لەگەڵ ئەوانی تر پەیوەندییەکی دۆستانەمان ھەیە، بزووتنەوەی ئیسلامیی لە ڕابوردوودا حەوت کەس لە تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتیان تەسلیم بە ڕێژیمی ئێران کردەوە، کۆماری ئیسلامیی شەش کەس لەوانی لەسێدارەدا، یەکێکیان توانی ھەڵبێت، تاکو ئێستاش ئەوان دانیان بەوتاوانەدا نەناوەو بەرپرسیارێتیان قبووڵ نەکردووە. بێگومانین کە ئەوە لە ئەستۆی بزووتنەوەی ئیسلامیی و ڕێبەرانیدایە، لە باشووریش یاسا سەروەرێکی وا نییە تا لەڕێی یاساوە کێشەکەمان یەکلا بکەینەوە، لە ئێرانیشدا ئەوە حاڵی ئێمەیە، لەم ڕووداوەدا ئێمە بزووتنەوەی ئیسلامیی بە تاوانبار دەزانین، چونکە مەسەلەکە ئەوە نییە بڵێ پێشمەرگەیەک یا بەرپرسێک نەزانانە کردبێتی، بەڵکو لە لایەن رێبەرایەتی ئەو حیزبەوە، بەرنامەی بۆ داڕێژراوه‌و لەسەر ویستی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ کراوە، ئەوانیش ھەستاون بەو کارە قێزەونە، وە لەبەرامبەری ئەوەدا خەڵاتیش کراون.

پێتوانییە ئێران زۆر لێزانانە دەتوانێ و توانیویەتی یاری و دوژمنایەتی بە حیزبە کوردییەکان بکا، بۆ نموونە کارە خراپەکەشیان پێدەکاو پاشتریش بەجۆرێک لە جۆرەکان ئابڕووی ئەو جاشایەتییەیان دەبا، پێت وانییە ھەڵھاتنی کەسی حەوتەمی ئەو گرووپە پلان و یارییەکی ئێران بووبێ، بۆ ئەوەی ھەواڵی ئەوە بداتەوە بە کورد کە حیزبێکی کوردی ئیسلامیی ئەو کارەی کردووە، واتە ئێران ھەم شەش کەس لەسێدارە دەدا، ھەمیش پەیوەندی و ئاڵۆزی و کێشە دەخاتە نێوان دیموکرات و بزووتنەوەی ئیسلامییەوە، واتە بە تیرێک دوو نیشانە دەپێکێت؟

بێگومان کۆماری ئیسلامی وەک دوژمنی گەلی کورد چی لەدەست بێ دژی ئەو نەتەوەیە کردوویەتی و دەیکا، ھەر ئەو چاوەڕوانیەشی لێ دەکرێ، بەڵام ئەوەی ئازارمان دەدا ئەوەیە کە حیزبێکی کوردی کە خۆی بە ئیسلامیش دەزانێ بۆ دەبێ ببێتە بەکرێگیراوی دوژمنی نەتەوەکەی خۆی؟

تیرۆرکردنی کەسانێک وەک ئیسماعیل شەریفزادەو مەلا ئاوارەو سولێمانی موعینی بەدەستی مەلا موستەفا، چۆن لێکدەدەنەوە.؟! وە بۆچی ئێوە زیاتر لە پارتییەوە نزیکن؟ کە دەگوترێ پارتی ڕۆڵی لە تەفرەقەکانی ناو حیزبی دیموکرات ھەبووە، ھەروەھا مەلا موستەفا لە کۆماری مھاباددا قازی موحەممەدی جێھێشت؟

ئەوەی کە مەلا موستەفا لە کۆماری کوردستان کردی، بە نیشتمانپەروەری دەزانم، پێموایە ھەموو ھەوڵ و تەقەلایەکی خۆیدا بۆ خزمەتی کۆمار، بارزانییەکان سەرەکیترین ھێزبوون کە بەرگریان کرد، بەڵام ئیدی کاتێک بەرەو کۆتایی دەچوو و ھێزەکانی شا ھاتبوونەوەو ناوچەکەیان دەگرت، ئەویش لەوێ دەرباز بوو، لە واقیعیشدا بە ترس و دزییەوە جێی نەھێشتووە، ئەوە شتێکی زۆر ئاشکرایە کە لەو کاتەدا چۆتە خزمەت پێشەواو بەویشی گوتووە ئەگەر دەتەوێ لەگەڵ ئێمەدا بێی، ئەوا ڕزگارت دەکەین، بەڵام پێشەوا بۆ خۆی ڕازی نەبووە بەوە، من ھیچ کەم و کوڕییەک لەوبەشە لە کاری مەلا موستەفادا نابینم.. ئێستاش ئێمە دەبێ مێژوو وەکو مێژوو بیبینین، وە ئەمری واقعیش وەکوو ھەیە بیبینین.

 پەیوەندی نێوان حیزبەکان و دەوڵەتانیش پرۆسەیەکی درێژخایەنەو پێویستە ھەول بدرێ بۆ نەھێشتنی ناکۆکییەکان و لێکنزیکبوونەوەو ھاوکار کردن لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەییدا، بە تایبەت لە نێوان حیزبەکانی کوردی لە ھەموو بەشەکاندا. خۆ ئەگەر ئەوە نەکرێ کەم لە دەوڵەتان و حیزبەکان دەتوانن بە یەکەوە ھاوکاری و پێوەندی باشیان ھەبێ چوونکە بە درێژایی مێژوو زۆرێک لەوانە لەگەڵ یەکتر ناڵێکی، نێوان ناخۆشی و تەنانەت شەڕیشیان بووە.

پارتیش وەکوو حیزبێکی لە مێژینەی کورد، سەرەڕای خەبات و قوربانیدانی زۆری لە پێناو دۆزی کورد، ھەڵەیشی بووە دەرحەق بە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و تەنانەت حیزبەکانی دیکەش لە باشوورو، ئەو ھەڵە گەورانەش کە دەرحەق بە حیزبی دێموکرات کردوویەتی لە مێژوودا تۆمار کراوە. خۆ ئەگەر ئەو راستییانە لەبەرچاونەگرین دەبوایە لە باشوور لە ئێستادا ھیچ حیزبێک لەگەڵ ئەوەی دیکە پێوەندێکی دۆستانە و ھاوکارییان نەبوایە.

سەرھەڵدانی پژاک چ کاریگەرییەک لەسەر ڕەوتی سیاسیی ڕۆژھەڵات جێدەھێڵێت؟

پژاک یەکێک لەو حیزبانەیە کە لەوێ کارو تێکۆشانی ھەیە، بەڵام بۆ خۆتان دەزانن پەکەکە وەک چۆن لە پارچەکانیتر بۆ ئەجێندای خۆی حیزبی پێکھێناوە، لە رۆژھەڵاتیش پژاکی پێکھێناوە، بەڵام ئەوانیش بەھۆی کارو تێکۆشانێکەوە کە ھەیانە، سەرنجی ھەندێ لە گەنجەکانیان ڕاکێشاوە بۆلای خۆیان، بەڵام ئەو نفووزەیان نییە کە بۆ خۆیان باسی دەکەن.