کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: دەست پێکردنەوەی خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات لەسەر لێکدانەوەی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات و ویستی خەڵکی کوردستان بووە

14:39 - 27 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری لە پارلمانی ئورووپا باسی لەوە کرد کە دەست پێکردنەوەی خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات لەسەر لێکدانەوەی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات و ویستی خەڵکی کوردستان بووە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مستەفا هیجری لە کۆنفڕانسی فراکسیۆنی سوسیالیست دێموکراتەکانی پارڵمانی ئورووپا و پڕۆگرێسیڤ ئالیانس بەشداریی کرد.

لەو سەردانەی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ پارڵمانی ئورووپا مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات وتارێکی گرینگی بە زمانی ئینگلیزی لە سەر بارودۆخی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشکەش کرد.

سەرەتا کۆبوونەوەیەکی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانس بەڕێوە چوو.
پانێلی یەکەمی کۆنفرانس لە سەر بارودۆخی سیاسیی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوە چوو کە تێدا ئەم بەرپرسە سیاسییانە وتاریان پێشکەش کرد:

ـ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ مستەفا بەرغۆتی، سکرتێری گشتیی ئینسیاتیڤی نەتەوەیی فەلەستین
ـ سەعدی ئەحمەد پیره، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
ـ دوکتوور نەبیل شەتاح، نوێنەری حکوومەتی فەلەستین و حیزبی فەتح
ـ مستەفا بن جەعفەر، سکرتێری گشتیی حیزبی ئێتا کاتۆلی توونس
ـ حوشێر ئوزوی، جێگری هاوسەرۆکی پارتی دێموکراتیکی گەڵان –HDP و ئەندامی پارڵمانی تورکیە
ـ خاتوو کەتی پیری Kati Piri، ئەندامی پاڕلمانی یەکیەتیی ئورووپا
ـ جییاکۆمو فیلی بێکGiacomo Filibeck، جێگری سکرتێری گرووپی حیزبە سیاسییەکانی ئورووپا

لەم پانێلەدا هەلو مەرجی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ڕوانگەی وتاربێژانی پانێلەکەوە خرایە بەرباس. مستەفا هیجری، پەیامێکی بە زمانی ئینگیزی پێشکەش کرد و لە سەرەتای باسەکەیدا تیشکی خستە سەر بنەما فکری و ئیدئۆلۆژییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٣٧ ساڵ دەسەڵاتداریەتییان بۆ ناردنە دەرەوەی شۆڕشە ئیسلامییەکەیان بۆ وڵاتانی ناوچە و جیهان کە ئەمە بنەمایەکەی سەرەکیی سیاسەتی ڕێژیمە.

هاوکات باسی ڕۆلی نەرێنی و ئاژاوەگێرانەی ڕێژیمی کرد بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچە. لە لایەکی دیکەوە ڕێژیم هەموو ماف و ئازادییەکانی گەڵانی ئێرانی زەوت کردووە و بە شێوەیەکی سیستماتیک لە هەموو بوارەکاندا زوڵمێکی دیکتاتۆرانە بە سەر هەموو وڵاتدا سەپاندووە.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتهەروەها باسی لەوە کرد:بۆیە بە تێڕوانینی ئێمە و ئەزموونی ٣٧ ساڵ خەباتمان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە، بە دەستهێنانی ماف و داخوازییەکان لە دوو ڕێگاوە وەدی دێ:

یەکەم : ڕووخان و نەمانی ئەو ڕێژیمە و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک بە بەشداریی هەموو نەتەوەکانی ئێران.

دووهەم: هەموو ئازادیخوازانی ئێران بە تایبەت نەتەوە ماف پێشێلکراوەکان لە بەرهەڵستکارییەکی بەرفراواندا هێز و توانای خۆیان بخەنە سەریەک و دەسەڵاتداری ئەو ڕێژیمە لە مەترسییەکی جیددی بخەن.

سکرتێری گشتیی حیزب لە درێژەی وتارەکەیدا، بە وردی تیشکی خستە سەر بارودۆخی گشتیی کورد لە ئێران و لێکدانەوەی حیزبی دێموکرات بۆ پرسەکانی ناوچە و ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات، که حیزبی گەیاندە ئەو باوەرە کە بە هاندان و پشتیوانی خەڵکی کوردستان قۆناغێکی نوێی خەبات دەست پی بکات و هێزی پێشمەرگەی حیزب بە شێوەیەکی بەربڵاو بۆ پەیوەندییە سیاسی و ڕێکخستنەکان لەگەڵ خەڵک و لەقاودانی سیاسەتەکانی ڕێژیم بچێتە ناوخۆی کوردستان.

مستەفا هیجری، هەر لە سەر ئەم تەوەرە هەموو ئامانجەکانی ڕاسانی دێموکراتی بۆ بەشدارانی کۆنفڕانس شی کردەوە.

پانێکی دووهەم، لە سەر هاوکاری پارڵمانتارانی حیزبە سیاسییەکان بەڕێوە چوو و چەندین پارڵمانتاری حیزبە سیاسییەکانی ئورووپا لەم بوارەدا تاوتوێی چۆنیەتی هاوکاری و هاوئاهەنگیی زیاتری ئەندام پارڵمانەکانی حیزبە سیاسییەکان کرا.

پانێلی سیێهەم لە سەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کەمپەینی هەڵبژاردن و تەبلیغاتی بەڕێوە چوو و چەند پسپۆڕ و بەرپرسی حیزبەکان قسەیان کرد.

پانێلی چوارەمیش لە سەر ئابووریی و چۆنیەتیی دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ جیهانێکی ساڵم و عادڵانەتر تەرخان کرابوو.لەم پانێلەدا چەندین بەرپرسی سیاسی حیزبە سیاسییەکانی ‌هیند، گینە، ئێکوادۆر، سوئێد و ئاڵمان قسەیان کرد.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات لە نێوئاخنی کارەکانی کۆنفڕانسدا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرس و شاندی حیزبە بەشدارەکانی کۆنفڕانس کرد و بارودۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵاتییان بۆ شاندەکان شیکردەوە.