کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: ڕۆژئاوا پێداگری لە گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیمێک دەکات کە قابیلی گۆڕان نییە

19:08 - 19 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، به بۆنەی سیهەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملوو، لە کۆبوونەوەی شاری بروکسێلدا، وتارێکی پێشکەش بە بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوەیە کرد.

دەقی پەیامەکە:

میوانانی بەڕێز، هاوڕێیانی خۆشەویست!

سڵاوێکی گەرمتان لێ بێت.

ئێمە لەم ڕۆژانەدا یادی ٣٠ ساڵەی تێرۆری د. قاسملوو، سکرتێری گشتیی ئەو کاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران و هاوڕێیانی دەکەینەوە کە لە ١٣ جوولای ١٩٨٩دا بەدەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر کران. سپاسی ئێوە بەڕێزان دەکەین کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمەن.

ئەو تێرۆرە لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە هەیئەتی حیزبی دێموکرات لەسەر بانگهێشتی ڕێژیم بۆ وتووێژ لەسەر چۆنیەتیی چارەسەریی پرسی کورد لە شاری وییەن لەسەر مێزی وتووێژ دانیشتبوون، بەڵێ لە بۆچوونی ئەم ڕێژیمەدا چارەسەریی پرسی نەتەوەکان و جیابیرانی ئێرانی کە خوازیاری ئازادی و گەیشتن بە مافە ڕەواکانیانن کە لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە ژێرپێ نراوە، تەنانەت چارەسەریی خواستی ڕەوای نزیکترین دامەزرێنەران و یارانی ئەو ڕێژیمە کە تۆزێک جیاوازیی بۆچوونیان لەگەڵ ڕێژیم بووبێت تێرۆری فیزیکی و پیلانڕێژی بۆ تێرۆی کەسایەتییانە، لەو بارەوە کۆماری ئیسلامی کارنامەیەکی پڕ لە شەرمەزاریی هەیە کە هەمووتان زانیاریتان لەسەری هەیە، بەسەرهاتی ئایەتوڵڵا شەریعەتمەداری، ئایەتوڵڵا مونتەزەری جێگری خومەینی، ڕەفسەنجانی لە دامەزێنەرانی ڕێژیم و سەرۆک کۆمارەکانی پێشووی ئێران و سەدان و هەزارانی دیکە، نموونەی دیاری ئەو سیاسەتەی ڕێژیمن.

ئێمە و دنیا شاهیدی هەموو ئەو ڕووداوانە بووین، ئێستا یادی تێرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانی دەکەینەوە و ڕێز بۆ کەسایەتی و بیری سەردەمیانەی ئەو پیاوە مەزنە دادەنێن و تووڕەیی و بێزاریی خۆمان لەو سیاسەتەی ڕێژیم دەردەبڕین. بەڵام ئەو یادەوەرییانە نە دەتوانێت ڕەفتاری ڕێژیم لە دەرەوە بگۆڕێت و نە لە نێوخۆی وڵات سیاسەتی ڕێژیم بەرەو چاکسازی بەرێت.

ـ گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیم لە دەرەوە، ئەوەی ئەمریکا و ئورووپا هەوڵی بۆ دەدەن.

ـ ڕیفۆرم لە نێوخۆ بەرەو چاکسازی بەو شێوەی کە ڕیفۆرمیستەکان لە نێوخۆ ساڵانێکە کاری بۆ دەکەن. هەروەک پشت و ڕووی سیاسەتێکن کە تا ئێستا لە خزمەت بەردەوامیی دەسەڵاتداری ڕێژیم و هاندانی لە پێداگریکردن لە درێژەدانی سیاسەتەکانی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوە بووە.

ئەو هەڵە گەورەیە لەوەڕا سەرچاوەی گرتووە کە ڕۆژئاوا تا ئێستا بنەما فکری و ئیدۆڵۆژییەکانی ئەو ڕێژیمەی نەناسیوە، بۆیە پێداگری لە گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیمێک دەکات کە قابیلی گۆڕان نییە، چوونکە ئەگەر ڕەفتارەکانی لە دەرەوە بگۆڕێت، ئیدی شتێک بەناوی کۆماری ئیسلامی بەو تایبەتمەندییانەی کە خۆی پێناسەیان دەکات و باوەڕیان پێیەتی لە ئارادا نامێنێت، ئەو ڕاستییە ڕێژیم بەباشی لێی حاڵی بووە، بۆیەش ئامادە نابێت قەبووڵی بکات و تێچووەکەی هەرچی بێت ئامادەیە بیدات، هەروەک تا ئێستاش داویەتی.

بەڵام ئەگەر ڕۆژێک لە ڕووی ناچاری وەک زەختی بەرچاوی گەمارۆکانی ئەمریکا بە درۆی، قەبووڵ بکات کە ڕەفتاری خۆی دەگۆڕێت، لە هەر مەجالێکدا بۆی بکرێت بە نهێنی یان ئاشکرا و بە ڕێگای جیاوازدا، ئەو ڕەفتارانەی کە بە ئەرکێکی ئایینی (هەناردەکردنی شۆڕش) دەزانێت، درێژە دەدات. بەتایبەت کە درۆکردن (تەقیە) لە ئایینی ئەو نیزامەدا نەک هەر ناشیرین نییە، بەڵکوو ڕەوایە بەتایبەت کاتێک بە قازانجی خۆیان و پەرەپێدانی ئیدۆلۆژییەکەیان بزانن.

ـ بەڵام ڕیفۆرم لە نێوخۆ: سیاسەتی دەیان ساڵەی گرووپێکە لە نێوخۆی وڵات کە بە ڕێفۆرمیست (ئیسڵاح تەڵەب) ناسراون، ئەو گرووپە کە ساڵانێک لەنێو حکوومەتدا بوون. بەڵام دوایە وەلا نران، لە جیاتی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕێژیم، کاریان کردووە بۆ مانەوەی ڕێژیم بۆ ئەوەی بەڵکوو جارێکی دیکە بێنەوە نێو دەسەڵات. بۆیە لە ڕۆژە تەنگانەکانی حکوومەت وەک کاتی هەڵبژاردنەکان خەڵکیان هانداوە کە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن.

پرڕۆپاگاندەی ئەو گرووپە بۆ پێڕەوکردنی ئەو سیاسەتە لەنێو خەڵکدا ئەوەیە کە ئەوان هەنگاوبەهەنگاو پاشەکشە بە ڕێژیم دەکەن و ناچاری دەکەن کە مافە پێشێلکراوەکانی خەڵک بدات. بەم شێوە ئەوان ناڕاستەوخۆ یارمەتیدەری مانەوەی ڕێژیم بوون.

ئێمە کە لە سەرەتاوە وتوومانە ئەو ڕێژیمە مەجالی گۆڕانی بەرەو کرانەوە و لەبەرچاوگرتنی مافی خەڵک، یان گۆڕینی ڕەفتاری تێرۆریستانە و پاوانخوازی لە دەرەوە نییە، زۆر لە پێش تێرۆرکردنی دوکتور قاسملوو و سەدان کەسی دیکە لە ئازادیخوازانی ئێران بوو و ئەوەش لە ڕووی شارەزایی و ناسیاریی تەواو لەسەر ماهییەتی ئەو ڕێژیمە بوو.

ئێستاش دوای چل ساڵ لە تەمەنی ئەو ڕێژیمە و سی ساڵ دوای تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، ئەو ڕاستییە بۆ هەموولایەک ڕوون بووەتەوە کە تا ئەو کاتەی ئەو ڕێژیمە لە دەسەڵاتدا بێت، نە دانیشتووانی ئێران لە ئازادی، ئەمنییەت و ژیانێکی سەردەمییانە بەهرەمەند دەبن و نە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستیش ڕووی ئاشتی و ئارامی دەبینێت. بۆیە دابینبوونی هەردووکی ئەو خواستانە بەستراوەتەوە بە نەمانی ئەو ڕێژیمە.

ئەگەر ئامریکا و ئورووپاش بەڕاستی خوازیارن ئێرانێکی ئارام و سەقامگیر و خۆرهەڵاتێکی پڕ لە ئاشتی و ئاوەدانی بێتە کایەوە کە بازاڕێکی بەرفراوانە بۆ بازرگانی و بەرژەوەندییەکانیان، بونیادنانی حکوومەتێکی دێموکراتیکی نۆرماڵ پێویستە جێگای ئەم ڕێژیمە بگرێتەوە.

ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی تەمەنی ڕێژیمێک کە خومەینی دایمەزراند، بە سەدان تێکۆشەرمان کەوتوونەتە بەر هێرشی تێرۆریستانی ڕێژیم و گیانیان لەدەست داوە کە لەنێو ئەو قوربانیانەدا کەسایەتیی گەورەی وەک دوکتور قاسملوو و دوکتور سادق شەرەفکەندی تێدایە کە هەردووکیان سکرتێری گشتیی حیزبەکەمان بوون و بە هەزارانی دیکە لە حیزبەکانی دیکەی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی و کەسایەتییە سیاسی، ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکەش کە ئەو ڕێژیمەیان لا پەسند نەبوو، تێرۆر کران یان کۆمەڵکوژ کراون، وەک ئێعدامی هەزاران کەس لە زیندانییانی سیاسی لە ساڵەکانی دەیەی ٨٠ی زایینی.

ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە دوای ٤٠ ساڵ بەرنامەدانان بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیم کە ئاکامەکەی شکستێکی سیاسی تەواو بووە، بە هەموو لایەک ئەو جار لە بیری بەرنامەیەکدا بین بۆ گۆڕینی ئەو ڕێژیمە؟ بۆ ئەوەی سیستمێکی دێموکراتیکمان لە ئێران هەبێت و خۆرهەڵاتی نێوەڕاستیش بەرەو ئاشتی و سەقامگیری هەنگاو هەڵگرێت؟