کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: ئیرادەی خەڵك گرینگە و دەبێ هەنگاوی زیاتری بۆ هەڵبگرین

11:14 - 1 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی جێژنی نەورۆز پەیامێکی بڵاو کردەوە که لەو پەیامەدا لەسەر یەکڕیزی و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان جەختی کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

پەیامی نەورۆزی بەڕێز مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاونیشتمانیانی هێژا

کوردستانیانی خۆراگر

لە بەرەبەری نەورۆزی ئەمساڵدا بە ناوی ‌‌حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە رووی قسەکانم لە ئێوە خه‌ڵكی نیشتمانپەروەری خۆرهه‌ڵات دەکەم تاکوو لەم رێگەوە سیمای ساڵێک کە تێپەرمان کرد و ساڵێک کە لە پێشمانە بیخەمەڕوو، بەڵام لە پێشدا ئیزنم بدەن پیرۆزبایی خۆم پێشکەش بە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان و بنەماڵە ئازیزەکانیان بکەم. سڵاو و پیرۆزبایی گەرم لە هەموو ئەو زیندانییە سیاسییانەی کە بە هۆی بەرگری لە مافە رەواکانی کورد لە زیندانەکانی رێژیمدان، سڵاو و پیرۆزبایی تایبەت لە کادر و پێشمەرگە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات کە لە ساڵی ١٣٩٧دا دەوری باشیان گێڕا لە خەبات دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی.

پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە هەموو ئەو چالاکە سیاسی و مەدەنیانە دەکەم کە لە ساڵی رابردوودا هەوڵیاندا ریزەکانی خەڵکی ناڕازی لەدژی زۆرداری رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا یەک بخەن و یەکگرتووانە دەنگی خۆیان لە ئاستی داواکانیان کە بەدەستهێنانی مافە رەواکانیان بەرز بکەنەوە و خەباتی شار مسۆگەر و بەهێز بکەن.

خوشک وبرایانی خۆشەویست

ساڵی رابردوو، ساڵی بەردەوامی وەرزی نوێی خەباتی خۆرهەڵات بوو کە بە ڕاسانی رۆژهەڵات ناسراوە، ساڵێک کە رێکخراوی" لێبوردنی نێودەوڵەتی" وەک ساڵی شەرم بۆ دەسەڵاتدارانی تاران ناوزەدی کرد، ساڵێک کە کوردستانیان لە خۆرهەڵات ئیرادەی خۆیان بە مانگرتنی سەرتاسەری لە دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی پیشان دا، هەر لەو ساڵەدا بوو کە حیزب و هێزەکانی خۆرهەڵات لە چوارچێوەی "ناوەندی هاوکاری"دا هەوڵەکانیان خستەگەڕ، تاکوو یەکگرتووانە بەرەوپیری گۆڕانکارییەکان بچن، ساڵێک کە سیاسەتەکانی رێژیم لە دونیای دەرەوە تووشی بەربەستگەلی جیددی بوویەوه‌ و، ئابوورییەکەی بە هۆی سیاسەتە ناڕەواکانی کەوتە ئان و ساتی داڕمانەوە، ساڵێک کە نوێنەری نەتەوە بندەستەکان و بەشێک لە هێزە ئێرانییەکان خۆیان لە چوارچێوەی "هەڤاڵبەندی بۆ دێموکراسی و یەکسانی" خستووتەگەڕ تاکوو بەرەیەکی فراوانتر بەرانبەر بە تاران ساز بکەن. هەموو ئەمانە و دەیان نموونەیتر هێماگەلێکن لەوەی کە کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی ساڵێک دەچێ کە ناچارە بەرانبەر بە دەیان کێشەی کەڵەکەبوو پیاڵەی ژەهر بخواتەوە و "نرمش قهرمانانە"یەکی دیکە لە خۆی پێشان بدات و بگەڕێتەوە سەرمێزی وتووێژ لەگەڵ ئامریکا، لە غەیری ئەوەدا رێگایەک بێجگە لە رووخانی لە بەردەستدا نابێ، بە رووخانی ئەو رێژیمەش قۆناغێکی نوێ لە ژیان و خەبات لە کوردستان و ئێران دەست پێدەکا، هەرچەند وتووێژ لەگەڵ ئامریکا و پەسندکردنی ئەو مەرجانەی بۆی دیاریکراوە تەنیا رەنگە بتوانێ بۆ ماوەیەکی کورت تەمەنی ئەو رێژیمە درێژ بکاتەوە.

ئێمە وەک حیزبی دێموکرات بەرچاومان روونە و دەزانین لە کوێی گۆڕانکارییەکاندا جێگامان دەبێتەوە و بەرەو چ ئاقارێک هەنگاو دەنێین.

لە روانگەی ئێمەوە کۆماری ئیسلامی تەنیا لە لایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە ڕووبەڕووی مەترسی نییە، بەڵکوو سەرچاوەی گرینگ و ئەساسی کە ئەم رێژیمە تووشی لەناوچوون دەکات، توانا و ئیرادەی خەڵکە.

یەکەم وێستگە، قەیرانی سیاسییە. کۆماری ئیسلامی بە رێفۆرمخواز و بناژۆخوازییەوە تووشی داڕمانێکی سیاسی بوونە. واتا سادەکەی لەناوچوونی هەموو ئەو مانایانەیە کە تاکوو ئەمڕۆ خەڵکیان پێوە خەریک کردووە. ئەگەر پێشتر هاوکێشەکان لە نێوان رێفۆرمخواز و بناژۆخوازدا بوون، لەمڕۆدا هاوکێشەکان ئاراستەیان بەرەو خەڵك و نیزام گۆڕانی بە سەردا هاتووە. بەواتایەکیتر، ململانێیەکی سەخت لە نێوان خەڵك و نیزامدا هەیە کە واده‌كات كۆماری ئیسلامی ببێته‌ "مادۆرایی" رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لێرەدایە کە ئیرادەی خەڵك گرینگە و دەبێ هەنگاوی زیاتری بۆ هەڵبگرین. هەمان سیاسەت و تێگەیشتن کە حیزبی دێموکرات لە چوارچێوەی ڕاساندا وەک “لێکگرێدانی خەباتی شار و شاخ” ناوی لێدەبات. هەمان ئیرادە کە هەموو گەمەکان بەلایەکدا دەخات.

لایەنێکی دیکەی بابەتەکە داڕمانی ئابووریی ئێرانە. داڕمانێک کە سەرچاوە لە گەندەڵی، مۆنۆپۆلیکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان، کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوت، خەرجکردنی داهاتی وڵات لە دەرەوە، بودجەیەکی زەبەلاح بۆ کەرەستەی سەربازیی، دوو قاتکردنەوەی بودجەی وەزارەتی ئیتلاعات، ناوەندە ئایینییە شیعەکان و هێزە سەرکوتکەرەکانە، هەمووی ئەوانە لە حاڵەتێکدایە کە رۆژانە شاهیدی لەکارکەوتنی کارگە گەورە و بچووکەکانین و گرینگتر لەوانەش نەبوونی سەرمایەڕێژی نێودەوڵەتییە کە گرینگی تایبەتی هەیە بۆ بووژانەوەی ئابووریی ئێران بەڵام بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گەورە کۆمپانیاکانی جیهان ئامادە نین کە خۆیان لە بازاڕی پڕ لە ریسکی ئێران بدەن.

قەیرانی ئابووری ئەگەر لە ئێران کێشەیەکی گەورەیە، بەڵام لە خۆرهەڵاتی کوردستان کێشەکە دووقاتە. چونکە کۆماری ئیسلامی وەک کۆلۆنییەکی ناوخۆیی مامەڵەی لەگەڵ کوردستاندا کردووە. بەو مانایە کە تەنیا داهاتی لێ بەدەست هێناوە، بە بێ ئەوەی هیچ سەرمایەگوزارییەکی درێژخایەنی تێدا ئەنجام دابێ. نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم سیاسەتە لە پرسی کۆڵبەراندا بە جوانی دەبینرێ. ئەگەر کۆڵبەرانی کورد مەترسی لەدەستدانی گیانیان قەبووڵ دەکەن، قوربانی سیاسەتێکن کە بۆ چەندین دەیەیە کوردستان بە قازانجی خۆی دەچەوسێنێتەوە.

ژینگەیەکی دیکە کە کۆماری ئیسلامی کردووەتە سیستمێکی ناسەقامگیر، ژینگەی کلتوورییە. کلتوورێک کە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە بە سەر خەڵکدا زاڵی کردووە، کلتووری پیاوانی چەندین سەدەی پێش ئێستایە؛ بەڵام ڕابوونێک بەرانبەر بەم کلتوورە لە ئارادیە، ڕابوونێک کە رێبەرایەتییەکەی بەدەستی ژنان و چینی ناوەڕاستەوەیە. ئەوەی لەو پێوەندییەدا ئایەتۆڵاکانی تاران داوای دەکەن، تا دیوەخانەکانی خۆشیان بڕ ناکات. چۆنیەتی دەرکەوتنی منداڵانی ئەم کەسانە لە دونیای مەجازیدا نیشانەیەکی جیدییە لەوەی کە کلتوری پەسەندی خەڵک زۆر جیاوازە لە بەهاکانی سیستم.

خەڵکی کوردستان هەر لە سەرەتاوە بەدوای وێنەی خۆمەینی لە مانگدا نەدەگەڕان، بەپێچەوانەوە لای ئەوان مرۆڤگەلێک کە خۆنەویستانە و بەوپەڕی هیواوە، خۆشەویستترین سەرمایەی ژیانیان بەختی نیشتمان دەکەن و دەبن بە پێشمەرگە و لە بەرزترین پلەی مرۆڤبووندا گیانیان لەپێناوی ئازادیی خاک و خەڵکی نیشتمانەکەیان واتە کوردستان بەخت دەکەن، وەک سەرچاوەی بەهاکانی خۆیان دەزانن. کلتوورێک کە لەم قۆناخە نوێیەدا و لە راسانی خۆرهەڵاتدا حەماسەکانی قەرەسەقەڵ، کۆساڵان، حه‌ماسه‌ی كرماشان، نەورۆزی جامانەکان و خاکیپۆشان، زەماوەندی ئاڵا و مانگرتنی گشتیی لێکەوتەوە.

لە گێژاوێک کە رێژیم تێکەوتووە، خۆرهەڵاتی وڵات بە دیدێکی گەشبینانەوە خەریکی هێزگرتنی خۆیەتی. هێزێک کە سیماکانی لە کۆبوونەوەی خەڵک بۆ رێزگرتن لە زمانی دایک و لە باوشگرتنی پێشمەرگەکان خۆی دەردەخات. هێزێک کە باوەڕ بە کوردستان بە بنەما و بونیادی ئەمڕۆ و داهاتوو دەزانێ. هه‌روه‌ها هەر رێککەوتن و هەڤاڵبەندییەک لە دەلاقەی مافەکانی کوردەوە سەیر دەکات.

ئەوەی روونە لای هەمووان، خۆرهەڵات و بە گشتی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی ته‌نیایه‌، تەنیایی نەک بە مانای لاوازی، بەڵکوو بەمانای ئەوەی کە لە کۆمەڵگای جیهانی زیاتر چاو لە گۆڕان لە تاران دەکات و بە هەندی وەردەگرێت، بۆیە لەم کاتەدا هێزەکانی خۆرهەڵات، هەوڵەکانی خۆیان دەخەنەگەڕ کە بەرەی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی فراوان بکەن. لەهەمانکاتیشدا "ئەبوبەکر مەعروفییەکان"و "پارێزەر و شەهیدی ژینگە"ی وەک شەریف باجوەر و ئەو ڕۆڵانەی بە ناو و سرودی "خوایە وەتەن ئاوا کەی" سینگیان بۆ کوردستان دەکەنە قەڵخان، لە بیر ناکات.

ئەوەی لە کۆتاییدا دەمهەوێ پەنجەی بخەمە سەر، دەگەڕێتەوە بۆ بزاڤی رزگاریخوازی لە خۆرهەڵاتی وڵات. ئێمەی کوردستانی بۆ ماوەی زیاتر لە یەک سەدەیە لە خەباتێکی بێوچانداین. لەم رێگەیەدا نسکۆ و نەهامەتی زۆرمان بەسەردا هاتووە، بەڵام لەمڕۆدا لە وێستگەیەکی هەستیاردا دەژین، ئەو هەستیارییەش وامان لێ دەخوازی کە ریزەکانمان لە ناوخۆی کوردستان رێک بخەین و بەرەیەکی جیددی و فراوان لە نێوان خۆمان و باقی ئێرانییەکان پەرە پێ بدەین و دەنگی بزاڤی خۆرهەڵات جارێکیتر بگەیەنینە کۆمەڵگای جیهانی.

ئەوەی لە ئەستۆی پارتە سیاسییەکانە، راهاتن لەگەڵ ئەو راستییەیە کە سیاسەت لە کوردستان نابێ بۆ سڕینەوە و پاشقولدان لەیەکتر و خۆنزیککردنەوە لە ئه‌وانیتر بێت، بەپێچەوانە ئێمە دەبێ کلتووری راهاتن له‌گه‌ڵ خۆمان ڕاڤه‌ بكه‌ین و لە نزیکبوونەوە لەگەڵ ئەوانی دیکە داهاتووی پرسی کوردمان لە یاد بێ.

ئەوەی ئێمە لە ئێرانییەکان چاوەڕێی دەکەن هیچ شتێک نییە، بێجگە لەوەی کە ئێران نابێ، ئێرانی دوێنێ و ئەمڕۆ بێ بەڵکوو دەبێ ئێرانێکیتر بێ. ئێرانێک کە کوردبوون تێدا شوناسی شاراوه‌ نه‌بێ و به‌فه‌رمی دانی پێدا بنێن. دیاره‌ پانتایی بیری گشتی ئێرانییه‌كان تا ئێستا له‌ نێوان سازی ڕابردوو و قسه‌ی گشتیدا ده‌سوڕێته‌وه‌، به‌ڵام باشتر وایه‌ بۆ یه‌كجار و بۆ هه‌میشه‌ بزانن كه‌ “ئه‌ی ره‌قیب هه‌ر ماوه‌ قه‌ومی كورد زمان”.

ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بوارێكیتره‌ كه‌ کەندوکۆسپەکانی ته‌نیا به‌ حیزبی دێموكرات چاره‌سه‌ر نابێ، پێویسته‌ كه‌ پارته‌ سیاسییه‌كان له ‌یه‌ك سه‌نگه‌ره‌وه‌ سه‌یری ئه‌م پانتاییه‌ بكه‌ن و هه‌مووان به‌ ناوی كورده‌وه‌ قسه‌ بكه‌ین. هه‌رچه‌ند هێزه‌ كوردستانییه‌كان ناوەندێکیان بۆ ئه‌م بواره‌ پێكهێناوه‌، به‌ڵام پێویسته‌ چالاكتر و خێراتر بین بۆ یه‌كخستنی هه‌موو كوردی رۆژهەڵات.

به‌ گشتی له‌ كاتێكدا به‌ره‌و نه‌ورۆزی ١٣٩٨ی هەتاوی هه‌نگاو ده‌نێین كه‌ هه‌موومان چاومان له‌ ناوخۆی وڵاته‌. چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شێلگیرانه‌تر له‌ ساڵی پێشوو به‌رانبه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌بردنی نه‌ورۆز هه‌ستیار بن، بۆیه‌ پێویست ده‌كات خاكیپۆشانی خۆرهه‌ڵات ناوه‌ندی شاره‌كان بكه‌نه‌ گۆڕه‌پانی سه‌مای جامانه‌كانه‌وه‌.  

جارێکی دیکە ساڵی نوێتان پیرۆز بێ و ساڵی سەرکەوتنی یەکجاری بێ بەسەر رێژیمی دژی گەلی کۆماری ئیسلامی