کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیتاریزەکردنی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی داگیرکەرەوە بەردەوامە

19:30 - 17 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی میلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان، لە شاری شنۆ دەستی بە جێگێرکردنی هێزی زیاتر کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕێژیمی داگیرکەری ئێران هێزی سەربازیی بەرچاوی ڕەوانەی شاری شنۆ و دەوروبەری کردووە.

هەواڵنێڕی ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە؛ ئەمڕۆش لە نزیک گوندی ئاڵیاوێ لە سەر جاددەی نەغەدە ـ شنۆ، تەئمینی جادەیان داناوە و هەروەها هێزێکی زۆریان لەو شارە جێگیر کردووە.

هەر بەپێی ئەو ڕاپورته لە شاری پیرانشار و نەغەدەش هێلیکۆپتێرەکانی ڕێژیم بەردەوام بە مەبەستی شناسایی کردن لە جموجۆڵ دان و بۆ ماوەی دوو ڕۆژە ئەو ڕەوشە بەردەوامە.

لەو پێوەندییەدا، لە شاری سەقز ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕێژیم هێزی سەربازیی و چەکوچۆڵێکی زۆری ڕەوانەی شاری بانە کردووە.

پاش ڕاگەیاندنی پەیامی نەورۆزیی حیزبی دێموکرات لە لایەن مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە مەبەستی دەسپێکردنەوەی خەبات نوێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، و ناردنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ نێو خۆی وڵات، و گڕێدانی خەباتی شاخ و شار، هێزەکانی سپای پاسداران لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە.