کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٤مین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە سویس بەڕێوەچوو

16:23 - 19 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: ٢٤مین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ژنۆ بە وتەكانی ناوی پیلای كۆمیسێری مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستی بە كارەكانی كرد.

رۆژی دووشەممە رێكەوتی ١٨ی خەرمانان ئەندامانی ئەو كۆبوونەوەیە دەستیان بەكارەكانیان كرد و لە رۆژی یەكەمی ئەو كۆبوونەوەیەدا قەیرانی سووریە و نائارامییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین و پرسی مافی مرۆڤ هاتۆتە بەر باس.

لەرۆژی یەكەمی ئەو كۆبوونەوەیەدا كۆمەڵێك پرس هاتوونەتە بەر باس كە بریتی بوون لە:

ئیعدامەكان لە رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، پێشێڵ كردنی مافی مرۆڤ لە توركەمەن سەحرا، مافی مرۆڤ لە كوردستانی ئێران، پیس بوونی ئاو و ژینگە لە ئێران، زەریاچەی ورمێ و ئیعدام و تێكدانی ژینگە لە ئەهواز.

پرسی مافی مرۆڤ لە كوردستانی ئێران لەلایەن \'\'ناهید موكریی\'\' چالاكی مافی مرۆڤەوە هاتۆتە بەر باس.

ئەو كۆبوونەوەیە چەندین رۆژ دەخایەنێت و زۆر پرسی پێوەندیداری دیكە دێتە بەر باس.

هەر لە درێژەی ئەو كۆبوونەوەیەدا بڕیارە ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێكەوتی ١٩ی خەرمانان برگەیەك لەژێر ناوی مافی بەدەست هێنانی زانیاری دروست و دادپەروەرانە و كوشتاری زیندانیانی سیاسی لە ئێران بەڕێوە بچێت.

٢٤مین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە هاوكاریی رێكخراوی ناحكوومی سودویندی ئوتریشی بەڕێوە دەچێت.