کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەسعوود جەزایەری: بەهای خوێنی کوژراوەکانی سپای پاسداران لە سووریه لە خوێنی کوژراوانی خوڕەمشار و ئابادان و پاوە کەمتر نیە

15:51 - 19 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: جێگری ستادی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران گوتی، بەهای خوێنی کوژراوەکانی سپای پاسداران لە سووریه لە کوژراوەکانی دەورانی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان عێراق و ئێران کەمتر نیە.

مەسعود جەزایری، جێگری ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند: کەسانێک لەژێر ناوی خۆڕاگریی ناوچە دژی دوژمن شەڕ دەکەن و بریندار دەبن و دەکوژرێن، بێ‌گومان بەهای ئەو کەسانە لەو شەڕکەرانەی کە لە شارەکانی خوڕەمشار و ئابادان و پاوه شەڕیان دەکرد کەمتر نیە.

ناوبراو لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران ڕایگەیاندووە: کەسانێک کە لە ئەفغانستان و ئێران و باقی وڵاتانی دیکە دڕۆنە سووریە و لەگەڵ خراپترین دوژمنەکانی ئیسلام شەڕ دەکەن، بەهایان لە کوژراوانی دەورانی شەڕی ٨ ساڵە زیاترە.

لە لایەکی دیکەوە، پاسداری ڕێژیم ئەمیر حاجی‌زادە، فەرماندەی هەوافەزای سپای پاسدارانی ڕێژێم دوای تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک گوتی کە؛ ئێمە پشتیوانی لە بەشار ئەسەد دەکەین و هەر کارتێک لە بمانهەوێت، هێزیش ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکەین.

پێشتریش عەلی خامنەیی ڕیبەری ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردبوو کە ئەگەر ئێمە لە دەرەوەی سنوورەکان لەگەڵ دوژمن شەڕ نەکەین، ئەوە دەبێ لە هەمەدان و کرماشان بەرەنگاریان بینەوە.

بەرپرسانی نیزامیی سپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕیژیمی ئێران، بەردەوام باس لە شەڕ لە دەرەوەی سنوورەکان و خۆ ئامادەکردن بۆ شەڕ و هەڕەشە لە دوژمن دەکەن.

لەو پێوەندییەدا، تا ئێستا زیاتر لە سەدان ئەندامی تێرۆریستی سپای پاسدارنی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا کوژراون.