کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەسعوود شەمس نژاد ٤ مانگ زیندانیی تەعزیری بەسەردا سەپا

22:46 - 29 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: دادگای ئینقلابی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری ئورمیە، مەسعوود شەمس نژاد، پارێزەری کوردی بە ٤ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، مەسعوود شەمس نژاد پارێزەری کوردی خەڵکی ئورمیە، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی ٤ مانگ زیندانیی تەعزیزی بۆ بڕایەوە.

ئەو پارێزەرە کوردە، رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ، بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دادگایی کرابوو، کە دادگا تۆمەتی ئەندامەتیی لە حیزبە کوردییەکانی لەسەر ناوبراو لابردووە.

لەو پێوەندییەدا ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، مەسعوود شەمس نژاد بە سەرۆکایەتی دادوەر (شێخلوو)، و بەپێی ماددەکانی ٥، ١٩ و ٢١١ی یاسای سزادانی ئیسلامی، دادگایی کراوە و حوکمی ٤ مانگ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو پارێزەرە کوردە، رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و رێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان، پاش ٣٤ رۆژ لە دەسبەسەری، بەدانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.

مۆڵەتی پارێزەریی مەسعوود شەمس نژاد، ناوەڕاستی مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوو (١٣٩٢) لەلایەن کانوونی پارێزەرانی پاریزگای ئورمیەوە هەڵسپێردرا.