کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەسکەنی مێهر هەڕشەی وەرگرتنەوە لە کڕیارانی خانووبەرەی ئەو پرۆژەیە دەکات

18:00 - 4 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: پاش تێپەڕبوونی چەند ساڵ بەسەر دانی بڕە پارەی پرۆژەکانی ناسراو بە مەسکەنی مێهر لەلایەن کۆمەڵێک بنەماڵەی پاوەیی‌یەوە و بەڵێنیی پووچ و بێ‌بنەمای بەڕێوەبەران، ئێستا بۆ چەندەمین داوای پارەی دیکە لەمەڕ تەکمیل بوونی ئەو پرۆژەیە دەکەن.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دوێنێ سێشەممە رێکەوتی ٣ی پووشپەڕ راگەیەنراوێک لە مەیدانی سەرەکیی شاری پاوە بڵاو کراوەیەوە و تێیدا داوای لە کڕیارانی پرۆژەی ناسراو بە مەسکەنی مێهر کردووە کە بۆ تەکمیل بوونی پرۆژەکە پێویستە بڕی ٨٠ میلیۆنی دیکە بخەنە حیسابی بانکیی ئەو پرۆژەیەوە.

سەرەتا پرۆژەکە، بڕی ١٠٠ میلیۆن ریاڵی لە تێکڕای کڕیارانی پاوەیی وەرگرتبوو و پاش چەند ساڵ وەدواخستن لە بیناکردنی ئەو خانووبەرانە، دیسانەوە داوای پارەیەکی دیکە بە بڕی ٨٠ میلیۆن لەمەڕ تەکمیل بوونی پرۆژەکە لە کڕیاران دەکەن.

لەو راگەیەنراوەدا هەڕەشە لە کڕیاران کراوە کەلە ئەگەری نەدانی ئەو بڕە پارەیە هەتا رێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕ، پوانی یەکەکانیان لێ وەردەگیردرێتەوە و رادەستی کەسانێکی دیکە دەکرێ.

کڕیارانی پرۆژەکانی مەسکەنی مێهر لە شاری پاوە لە توێژی هەژار و کەم داهاتی کۆمەڵگان و دواخستنی رەوتی تەکمیل بوونی پرۆژەکە کۆمەڵێک گرفتی وەکوو لەکیسچوونی سەرمایەکەیان و تێچووی زۆری کرێی خانووبەرە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

پرۆژەی مەسکەنی مێهر لە سەردەمی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد دەستی پێکرد و هەتا ئیستا چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی رێژیم دان بە شکسی ئەو پرۆژەیە دانراوە.