کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەئمووریەتی ئەحمەد شەهید بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کرایەوە

18:11 - 9 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ، ماوەی مەئمووریەتەکەی ئەحمەد شەهید\'\'، رێپۆرتێری تایبەتی بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێرانی، بۆ ساڵیکی دیکە درێژ کردەوە.
رۆژی هەینی رێکەوتی ٨ی خاکەلێوە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنی ژنێڤدا بە ٢١ دەنگی ئەرێنی، ١٦ دەنگی بێ لایەن و ٩ دەنگی نەرێنی، مەئمووریەتی ئەحمەد شەهیدی وەکوو رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان درێژ کردەوە.
بەپێی ئەم هەڵبژاردنە ئەحمەد شەهید وەکوو رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران، هەتا مانگی مارسی ٢٠١٥ بەردەوام دەبێت.
ئارژانتین، ئوتریش، شیلی، کۆستاریکا، کۆماری چێک، ئەستۆنیا، فەڕانسە، ئاڵمان، ئیرلەند، ئیتالیا، ژاپۆن، مەکزیک، هوڵەند، پێرۆ، رۆمانیا، بریتانیا و ئەمریکا لەو وڵاتانەن کە دەنگی ئەرێنییان بە هەڵبژراندنەوەی ئەحمەد شەهید داوە و وڵاتانی هیند، کۆماری ئەندۆنیزی، پاکستان، رووسیا، ڤیەتنام، چین و کووبا بە دەنگی نەرێنی، ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر هەڵبژاردنەوەی ئەحمەد شەهید وەکوو رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران دەربڕیوە.