کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوگانە جەنگییەكانی ئەمریكا لەكەنداو، روویان لەزیاد بوونە

15:56 - 7 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: حكوومەتی ئەمریكا سەرقاڵی زیاد كردنی ناوگانە فڕۆكە هەڵگرەكانی لەكەنداوە و بە مەبەستی هێرش بۆ دامەزراوەكانی سووریە خەریكی خۆ تەیار كردنە.
هەواڵدەریی ئاسۆشێتێد پرێس بڵاوی كردەوە، ناوگانی جەنگی فڕۆكە هەڵگری ئەمریكا بە ناوی یوو ئێس ئێس ترومن گەیشتۆتە ئاوەكانی عوممان و چەندین ناوی دیكەش لە كەنداو دان.
سەرچاوەكە ئەوەشی خستۆتە روو، ئەمریكا دەیهەوێ‌لەدەرەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هاوپەیمان بە مەبەستی لێدانی سووریە دروست بكات.
هەر لەو پێوەندییەدا بریتانیاش فڕۆكە جەنگییەكانی خۆی رەوانەی بنكە نیزامییەكانی قێبرس كردووە و لەحاڵی ئامادە باشی دان.
لەلایەكی دیكەوە ئەرتشی ئیسرائیلیش دوابەدوای هەڵویستی وڵاتانی رۆژئاوا لەپێوەندیی هێرشی نیزامیی بۆ سووریە، هێزەكانی بە حاڵەتی ئامادە باش دەرهێناوە.
كاناڵی هەواڵی سی‌ئێن‌ئێن بڵاوی كردۆتەوە، فەرماندە نیزامییەكانی ئەرتشی ئیسرائیل سەرجەم هێزەكانیان تەیار كردووە و بۆ ئەگەری روودانی هەر چەشنە هێرشێك بۆ سەر سووریە لەحاڵەتی ئامادە باش دان و سەرجەم ئەو هێزانەی كە بۆ كاتی پێویست دایانابوون بانگهێشتیان كردوونەتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا شەبەكەی اسكای نیوز بڵاوی كردۆتەوە، وڵاتی توركیەش هێزەكانی بە حاڵەتی ئامادە باش دەرهێناوە و ئەگەری ئەوە لەئارادایە لەرێگای زەمینێەوە هێرش بكاتە سەر رێژیمی سووریە.
بەرپرسانی نیزامیی ئوردۆنیش لەو باوەڕەدابوونە، هێرشی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سەر دامەزراوەكانی سووریە لە لازقیە، فڕۆكەخانە نیزامییەكان، قاسیون و باشووری شاری حەڵەب دەبێت.