کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندکانی مافی مرۆڤ داوای راگرتنی سزای لەسێدارەدانی زیندانیانی مەزهەبی دەکەن

22:20 - 24 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: هەژدە ناوەندی مافی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکی هاوبەش دا داوایان لە رێژیمی ئیسلامی ئێران کرد، کە حوکمی لەسێدارەدانی ٣٣ زیندانی سوننە مەزهەبی کورد و بەلووچ رابگرێت.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژنێف، رێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی و رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، هاوڕێ لەگەڵ ١٥ ناوەندی مافی مرۆڤی دیکە لە راگەیەندراوێکدا داوایان لە رێژیمی ئیسلامی ئێران کرد حوکمی لەسێدارەدانی زیندانیانی سوننە مەزهەب رابگرێت.

لەو راگەیەندراوەدا داوایان لە رێژیمی ئێران کردووە کە حوکمی ئیعدامی ٣٣ زیندانی سوننە مەزهەبی کورد و بەلووچ رابگرێت.

لە بەشیکی دیکە لەو راگەیەندراوەدا هاتووە، کە ئەو زیندانیانە لە نێوان ساڵانی ١٣٨٨ هەتا ١٣٩٠ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە لە کوردستان دەسبەسەر کراون و بەرلە دادگایی کران، بەبێ هەبوونی پارێزەر و نەبونوی پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ژووری تاکە کەسی راگیراون.
زیندانیانی کورد و بەلووچ سوننە مەزهەب لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمەوە بە هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، پڕوپاگەندە دژی نیزام، ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان، (مفسد فی الارض) و موحارەبە(شەڕ لەگەڵ خودا) تۆمەتبار کراون.

دیوانی باڵای وڵاتی ئێران، حوکمی لەسێدارەدانی هەشت کەس لەو کەسانەی بە ناوەکانی حامید ئەحمەدی، جەهانگیر دێهقانی، جەمشید دێهقانی، کەماڵ مەلایی، سەید جەماڵ مووسەی، عەبدوول رەحمان سینگانی، سەدیق محەممەدی و سەید هادی حوسێنی پشتڕاست کردۆتەوە.