کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری بەبۆنەی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە

10:53 - 27 رەشەمه 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی نەورۆزی کوردەواری پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

کۆمەڵانی خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

ئەمساڵیش لە کاتێکدا بەرەوپیری نەورۆز، جێژنی نەتەوەیی کورد و وەرزی ژیانەوەی سروشت دەچینەوە کە کوردستان هێشتا لەژێر چەپۆکی دەسەڵاتێکی تاوانکاری خولقێنەری هەموو جۆرە کارەسات و زەبروزەنگ و دیکتاتۆرییەکدایە، بەڵام هاوکات لاپەڕەیەکی زێڕینی دیکە لە مێژووی خەبات و ڕاپەڕین و بەرەنگاریی گەلانی ستەملێکراوی کوردستان و ئێران لە بەرانبەر ئەم سیستمە ئازادیکوژەدا هەڵدرایەوە.

ساڵێک کە تێپەڕی، درێژەی زیاتر لە چوار دەیە داپڵۆساندن و چەوساندنەوە و کەمتەرخەمی بەرانبەر بە ماف و داخوازییە مرۆییەکانی گەلانی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بوو.

لە ساڵی ڕابردوودا سەرکوتەکان، پێشێلکارییەکان و دڕندایەتیی هێزی سەرکوتکەر، سووکایەتی بە کولتوور و داب و نەریتی خەڵکی کوردستان لە کاناڵە میدیاییەکانی ڕێژیم، دروستکردن و بڵاوکردنەوەی  چەندین گرتەی ویدیۆیی دەستکردی پڕ لە ناڕاستی و بوختان و چەواشەکاری بەرامبەر مێژووی پڕ لە شانازی و سەروەریی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و حیزبەکانی وەک دێموکرات و کۆمەڵە، نەک هەر نەیتوانی تۆزقاڵێک لە ئیرادەی شۆڕشگێڕانە و پشتیوانیی جەماوەری مافخوازی کوردستان لە حیزبەکانیان کەم بکاتەوە بەڵکوو بوو بە هاندەرێک بۆ هۆگری زۆرتر و خۆشەویستیی زۆرتریان لە کۆمەڵگای کوردستان.

کۆمەڵانی تێکۆشەری کوردستان!

ئەمساڵ لە پاڵ هەموو ئەو نەهامەتییانەی کە بەهۆی دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامی بەسەرماندا سەپا، پەتا عالەمگیرەکەی کۆرۆنا و سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیم و ناکارامەیی و  کەمتەرخەمی سەرسووڕهێنەریان لە ئاست  سڵامەتی و پاراستنی گیانی سەرجەم خەڵکی ئێران، ژیانی خەڵکی کوردستانی بە ڕادەیەکی بێوێنە سەخت و دژوارتر کرد.

کەمتەرخەمی و هەڵسوکەوتی نابەرپرسانە لەهەمبەر گیان و سڵامەتیی هاووڵاتییان وای کردووە کە زۆرکەس بەو دەرئەنجامە بگەن کە دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران هیچ پەلەیەکی نییە بۆ ئەوەی ئەم پەتایە چارەسەر بکرێت. 

هەرچەند دەرمان و کاڵا پزیشکییەکان لە لیستی گەمارۆکانی ئامریکادا نین، بەڵام بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بەنیسبەت ناوخۆ و دەرەوەی خۆشیەوە، تا هاتووە دواودەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بە تایبەت بۆ نەخۆشینە تایبەتەکان زیاتر ڕوو لە کەمی و گرانبوونی زیاتر کردووە، بە جۆرێک کە پێداویستییە دەرمانییەکان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ لەسەد گران بووە کە ئەمەش بووەتە هۆکاری مەرگی ئەو کەسانەی کە نەخۆشینی تایبەت و درێژماوەیان بووە.

تا ئێستاش ڕێژیم هیچ هەنگاوێکی پێویستی بۆ پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە هەڵنەگرتووە و بگرە بەبێ گوێدان بە ڕێنوێنییە تەندروستییەکان مامەڵەی لەگەڵ کردووە. بە حەرام زانینی هێنان و کوتانی ڤاکسێنی فایزێری ئەمریکی یەک لەو چەواشەکارییانەیە کە بەرپرسایەتیی لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆری قوربانییانی نەخۆشی کۆرۆنا دەخاتە ئەستۆی ڕێژیمی ئێران.

 ڕێژیم بە ناوی مودیریەتی قەیرانەوە خەریکی میلیتاریزەکردنی زیاتری کۆمەڵگا و خوڵقاندنی تاوانێکی دیکە دژ بە مرۆڤایەتییە و پێویستە ئازادیخوازان و خەڵکی وڵاتەکەمان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە هەڵگرتنی هەنگاوی پێویست ئەو سیاسەتە دژەمرۆییە لەقاو بدەن.

ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە پێویستی دەزانین داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین کە بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، یارمەتیدەری هەوڵەکان بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم پەتایەدا بن. جێگای خۆیەتی زۆر سپاسی کۆمەڵگای پزیشکیی کوردستان بکەین کە لە ڕاستیدا پێشمەرگەی سپی پۆشی ئەم نەتەوەیەن و لەو ماوەیەدا بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتی کردن ئەرکەکانی خۆیانیان بەجێ گەیاندووە و لەم پێناوەشدا بەشێکیان گیانیان لەدەست داوە.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

لەپاڵ هەموو ئەو نەهامەتییانەدا، کوشتنی دەیان کەس لە کۆڵبەران و کاسبکارانی سەرسنوور، تەقەی ڕاستەخۆ لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، گرتن و دەسبەسەرکردنی چەند سەد کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، سەرهەڵدان و زیاتربوونی چەندین دیاردەی ناشیرینی وەک خۆکوشتنەکان و هاتنە خوارەوەی ڕێژەی تەمەنی قوربانییان لە کچان و کوڕانی تەمەن ٩ ساڵانەوە بگرە تا دەگاتە ژنان و پیاوانی بەساڵاچوو، چوونەسەرەوەی کرێ خانوو و پێکهاتنی دیاردەی هاوماڵی، زۆربوونی ڕێژەی منداڵانی کار، فرۆشتنی گورچیلە و بەشەکانی دیکەی جەستە، فرۆشتنی منداڵانی کەم تەمەن و کارتۆن خەوی لەو دیاردانە بوون کە بەهۆی کەمتەرخەمی و خراپ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا تا هاتووە زیاتر بوون.

ڕێژیم بەپێچەوانەی ئەوەی کە بە سەرکوتی خەڵک دەیهەوێت خۆی وەکوو دەسەڵاتێکی بەهێز نیشان بدات، لە هەر دوو ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیدا دەستەوەستانی و بێ توانایی خۆی لە چارەسەریی کێشەکاندا بە تەواوی دەرخسووە.

لەلایەکەوە ئابووریی ئێران کە پێشتر بەهۆی دەستێوەردانی حکوومەت و دامەزراوەکانی ژێر فەرمانی ڕێبەر و گەندەڵی و تاڵانی سەرمایەکانی وڵات لەلایەن کاربەدەستانی باڵای ڕێژیمەوە لە دۆخێکی قەیراناویدا بووە، لەوەش زیاتر تووشی داتەپین و کورتهێنانی بودجە بووە کە ئەوەش لە تەنیشت تێچووی سەرسووڕهێنەری ئاژاوەگێڕییە نێودەوڵەتییەکانیان، تاڵانچییەتیی بەرپرسان، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، گرانی، دابەزینی نرخی تمەن، بێکاری و هەژاری و… کە ئاکامەکەی دەیان قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابوریی بۆ خەڵکی بێ دەرەتانی ئێران و کوردستانی لێکەوتووتەوە.

لە هەمان کاتدا تەنانەت لە وڵاتانی ناوچەکەشدا خەڵک زیاتر لە ڕابردوو، لە سیاسەتی داگیرکارانە و ناوەرۆکی کاولکەر و دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامی تێگەیشتوون و ئیدئۆلۆژیی ئایینیی ئەو ڕێژیمە چیدی توانای ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک و فریودانی بیروڕای گشتیی گەلانی ناوچەی نەماوە، هەر بۆیە لە لوبنانەوە تا سووریە و بەتایبەتی شەقامی شارە شیعەنشینەکانی عێراق شاهیدی داڕمانی ڕەوایی ئیدئۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی بووین کە پێشتر لەژێر دەمامکی پاراستنی شوێنە پیرۆزە ئایینییەکان و شەڕی تێرۆردا پێگەیەکی لەنێو بەشێک لە خەڵکی ئەو وڵاتانە بۆ خۆی دەستەبەر کردبوو، بەڵام ئێستا لە ڕووی ئیدئۆلۆژیکەوە بە تەواوی ڕەنج بە خەسار و مایەپووچ دەرچووە.

هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆک‌کۆماری لە ئێران کە لە وەرزی یەکەمی ساڵدا بەڕێوە دەچێت، ناوەندی بڕیار لە کۆماری ئیسلامیی هێناوەتە سەر ئەو ڕایە کە پێویستە هەموو دەسەڵاتەکانی وڵات و یەک لەوان دەوڵەت پتر یەکدەست ببێت، بە تایبەت کە ئەگەری مەرگی خامنەیی و پرسی هەستیاری جێگرەوەی ناوبراو لە ڕوانگەی ئەوانەوە زەروورەتێکی ئەوتۆ دەخوازێت. ئەوەش لە  کاتێکدا کە یەکتر تاوانبارکردنی کاربەدەستانی ڕێژیم بە گەندەڵیی سیاسی و ئابووری و لەهەڵڵادانی یەکترهیچ شکۆ و شەرعییەتێکی بۆ ئەم ڕێژیمە نەهێشتووەتەوە.

کۆمەڵانی تێکۆشەر و خەباتکار!

لە ماوەی ساڵی رابردوودا بەربەرەکانێ لە دژی سیاسەتەکانی ڕێژیم لە ناوخۆی ئێران تا هاتووە زیاتر بووە. ناڕەزایەتییەکانی توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا وەک کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، وەرزێڕان، کەمینە نەتەوەیی و ئایینی و ئیتنیکییەکان هەروا بەردەوام بووە و بێگومان ئەوە هێز و ئیرادەی شۆڕشگێڕانە و یەکگرتووانەی ئێوەیە کە لە ساڵی داهاتوودا دەتوانێت ڕێژیم بۆ هەمیشە لە چەقی قەیرانەکانیدا نوقم بکات و بەرەو هەڵدێری نەمانی ببا.

با هەموومان ئەمساڵ فەلسەفەی نەورۆز وەکوو هێمای ژیانەوە و ڕاپەڕین، بکەینە چرای ڕێگای ژیان و خەباتمان و بە تێکۆشان و گیانبازیی زیاتر، یەکڕیز و یەکگرتوو تا ڕووخاندنی ڕێژیم و بنیاتنانی داهاتوویەکی دوور لە ئازار و ستەم و چەوسانەوە بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو، لە سەنگەری خەباتدا پتەو ڕاوەستین و بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو شێوەکانی خەباتی ئازادیخوازانە، شان بە شانی گەلانی دیکەی ئێران یەک جار بۆ هەمیشە کۆتایی بە مۆتەکەی دەسەڵاتی ستەمکارانەی ڕێژیمی مرۆڤکوژ و کاولکەری کۆماری ئیسلامی بێنین.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ لە گەلی کورد و سەرجەم ئازادیخوازانی گەلانی ئێران، لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ئازادی، یەکسانی و ڕزگاریی وڵاتەکەمان پەیمان نوێ دەکاتەوە کە تا وەدیهێنانی ئاواتەکانیان و بنیانتانی سیستمێکی دێموکراتیک و دابینبوونی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکەمان، لە سەنگەری گیانبازی و تێکۆشاندا بەردەوام بێت.

سڵاو لە شەهیدانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی

سڵاو لە ئیرادەی پۆڵایینی زیندانییانی سیاسی

سەرکەوێ خەباتی گەلانی ئێران لە پێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

نەورۆزی ١٤٠٠ی هەتاوی

٢٧٢١ی کوردی