کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری بەبۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان پەیامێکی بڵاو کردەوە

10:30 - 23 رێبەندان 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەستخۆشی لە بەرەنگاربوونەوە و خۆڕاگریی خەڵکی ئێران و کوردستان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا ڕاوەستاون و پێداگرە کە شۆڕشی ٥٧ی گەلانی ئێران بە سەرئەنجامی ڕاستەقینەی خۆی کە وەدیهاتنی ئازادی و دێمۆکراسییە نەگەیشتووە و شۆڕش هەتا گەیشتن بە ئامانجەکان هەر بەردەوام دەبێت.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئازادیخوازی ودێموکراسیخواز

گەلانی ئێران

هاونیشتمانیانی بەڕێز و خۆشەویست

خەڵکی شۆڕشگێر و مافخوازی کوردستان

لە ڕێبەندانی پڕ شکۆدا جارێکی تر لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی لاپەڕەیەکی نوێ لە خەباتی گەلانی ئێران هەڵدرایەوە و گەلانی ئێران دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بە دژی ڕێژیمی گەندەڵی پاشایەتیی و بنەماڵەی دیکتاتۆری پەهلەوی بەرز کردەوە و بە هیوای دابینکردنی داهاتوویەکی گەش و ئازاد شۆرشێکی بەربڵاویان ڕێک خست و ڕێژیمی دەسەڵاتداریان ڕووخاند.

دیارە ئەم شۆڕشە بەرهەمی ناڕەزایەتییەکی پەنگخواردووی پتر لە چەند دەیەی پێشی گەلانی ئێران بوو کە بە درێژایی ئەم مێژووە هەر دەم لە ژێر گوشاری بێ ڕادەی دەسەڵاتداران و دەستوپێوەندەکانیاندا بوون و هیچ داهاتوویەکیان بۆ خۆیان و بنەماڵەیان و وڵاتیش بەدی نەدەکرد.

پێکهاتنی بەستێنی سەرهەڵدانی شۆڕشی ٥٧ جگە لە ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران لە ڕێژیمی دەسەڵاتدار، کۆمەڵێک هۆکاری دیکەشی هەبوو کە لەوانە دەکرێ ئاماژە بە شۆڕشی سپی ( انقلاب شاه و مردم) ، پیشەیی‌بوونی خێرای ئێرانی ئەو سەردەم و هێرشی بەربڵاوی خەڵک بەرەو شارەکان بۆ  دۆزینەوەی کار لە کارگە و کارخانەکان، کرانەوەی خوێندگاکان و زانکۆکان و چوونەسەرەوەی ئاستی سەواد و زانیاریی خەڵک و پەرەسەندنی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی بکرێت. بە چوونەسەرەوەی بەهای نەوت لە سەرەتاکانی دەیەی ٥٠ی هەتاوی و داهاتی یەکجار زۆری نەوتی ئەو سەردەم، شای ئێرانی ( محەممەدڕەزا پەهلەوی)  بەو قەناعەتە گەیاندبوو کە تازە بەو ڕادەیە لە داهات پێگەی خۆی قایم کردووە و بێ منەت لە خەڵکی ئێران و خواستە سیاسی و ئازادیخوازەکانیان ئەسپی خەیاڵی خۆی واتە زیندووکردنەوەی  ئیمپراتوریی ٢٥٠٠ ساڵەی ئێرانی لینگ دەدا. خێرابوونی پێشکەوتنی ئابووری لەگەڵ داخرانی سیاسی پێکەوە هاوتەریب نەبوون و درەنگ یا زوو مەعلووم بوو کە ئەم ناڕەزایەتییە پەنگخواردووەی خەڵکی ئێران لە جێیەک دەتەقێتەوەو گۆڕانکاری پێک دێنێت..

دیارە ٢٢ـی ڕێبەندان تەنیا نوختەی سەرکەوتنی کاتیی ئەم شۆڕشە بوو بەڵام لە ڕاستیدا ماوەیەکی زۆر بوو کە خەڵکی ئێران و شۆڕشگێرانی دەستیان بە هەڵگیرساندنی شۆڕش کردبوو و سەدان و هەزاران کەس لەو ڕێگایەدا گیانیان بەخت کرد و هەزاران کەسی تریش کەوتنە بەندیخانە و لە ژێر ئەشکەنجەی تاقەتپڕوکێنی ئەشکەنجەگەرانی ساواکدا تاقەتیان هێناوە و بڵێسەی ئاگری ئەم شۆڕشەیان داگیرساو ڕاگرت.

بەداخەوە لە نیوەی ڕێگەی شۆڕشدا خۆمەینی توانی بە دەست دانان لە سەر خاڵە لاوازەکان ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کات و خەڵکی ئێران خۆی بەسەر شۆڕشی ئازادیخوازانە و دێمۆکراتیکی خەڵکدا بسەپێنێ و بە درۆ و فریودانی خەڵک و هەندێک لە هێزە خۆش باوەڕەکانی ئەو سەردەمە جڵەوی شۆڕشەکە بگرێتە دەستی خۆیەوە و بەرامەی خوێن و خەبات و ماندووبوونی خەڵکی ئێران بەتاڵان بەرێت و دیارە لەو نێوەدا پشتیوانی و خۆشباوەڕیی وڵاتانی دەرەکیش بەرانبەر خومەینی نابێ نادیدە بگیرێت.

زۆر زوو و هەر دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕش زۆرێک لەو هێز و خەڵکانەی کە بوونە پاڵپشتی خۆمەینی بۆ دەستەوەگرتنی دەسەڵات بوونە قۆربانیی دەستی حکوومەتی ڕەشی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو کە بەداخەوە ئەو ڕەوشە تا هەنووکەش هەر بەردەوامە.

بە درێژایی ٤٢ ساڵی ڕابردوو و هەر لە یەکەم ڕۆژی هاتنە سەر کاری ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرەوە بۆ هەمووان دەرکەوت کە ڕێژیمی نوێ نەک تەنیا جوابی شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی خەڵک نەبوو بگرە بە شێوەیەکی دڕندانەتر لە ڕێژیمی پێشوو و بێبەزەییتر لەوان کەوتووەتە گیانی، گیان و ماڵ و داهاتووی خەڵکی ئێران و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دڕندەتر دەبێت. سەرکوتی خەڵک و لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستان لە ٢٨ی گەلاوێژ ١٣٥٨ بە فەرمانی خۆمەینی، لەشکرکێشی بۆ تورکمەن سەحرا و بەلووچستان، ئێعدامی بەربڵاوی ناڕازیان ، گرتنی سەفارەتی ئامریکا و هەڵگیرساندنی شەڕی ماڵوێرانکەر لەگەڵ عێراق لە دەسکەوتەکانی ٢ ساڵی سەرەتای دامەزرانی ئەم ڕێژیمە نوێیە بوو و هەژاری، بێکاری، ئێعدام و ئەشکەنجە، گەندەڵی ڕاو ڕووت، هەڵاواردنی سیستیماتیکی کەمایەتییە نەتەوەیی، ئایینی، ڕەگەزی، زمانییەکان و دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچە و گەمارۆ ئابوورییەکان و هتد... تەنیا بەشێک لە بەرهەمەکانی دەسەڵاتداریی ئەم ڕێژیمەیە.

جێگەی ئاماژەیە کە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان هەر لە سەرەتاوە هیچ دڵخۆشییەکییان بەو ڕێژیمەی کە لە قووڵایی تاریکی مێژووڕا هاتووە، نەبووە و هەر لە سەرەتاوە دەستی ڕەدیان لە سینگی ئەم ڕێژیمە داوە و جوابی نا یان پێ داوەتەوە و تا ئێستاش هیچ دڵخۆشییەک بە گۆڕانکاری لە چوارچێوەی ئەم حکومەتەدا لە دڵی تاکی کورددا بوونی نییە و هەر دەم لە ڕیزی پێشەوەی خەبات بە دژی ئەم ڕێژیمە وەستاونەتەوە.

خەڵکی ئێران بە گشتیی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی سەرەڕای هەموو ئەو زەبر و زەنگ و کوشتار و ئێعدامانە بەردەوام و لێبڕاوانە چۆکیان بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دانەداوە و تا دێتیش ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ئەم نیزامەیان زیاتر بۆ دەردەکەوێ وسەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم ساڵانەی ڕابردووی خەڵک بە دژی حکومەتی ویلایەتی فەقیهـ شاهیدی ئەم ئیدعایان.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەستخۆشی و پێزانین لە بەرەنگاربوونەوە و خۆڕاگریی بەردەوامی خەڵکی ئێران و کوردستان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی ، لە سەر ئەوە پێداگرە کە شۆڕشی ٥٧ی گەلانی ئێران بە سەرئەنجامی ڕاستەقینەی خۆی کە وەدیهاتنی ئازادی و دێمۆکراسییە نەگەیشتووە و شۆڕش بەرانبەر دیکتاتۆر تا گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی گەلان و مافی نەتەوەکانی ئێران بەردەوام دەمێنێتەوە.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی

١٠ی فێوریەی ٢٠٢١ی زایینی