کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شرۆڤە: پەیوەندییەکانی تاران و واشنگتۆن لە نێوان ''نە شەڕ و نە ئاشتی''دا

12:17 - 7 بانەمەڕ 2726

لەگەڵ وەستانی ڕەوتی پێشوەچوونی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، هەردوو وڵات کەوتوونەتە ناو دۆخێکی تەمومژاوی و لەرزۆک لە نێوان ''نە شەڕ و نە ئاشتی''دا؛ بارودۆخێک کە شرۆڤەکاران وەک جۆرێک لە ''هەڵپەساردنی ستراتیژی'' لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا وەسفی دەکەن.

لە شیکارییەکدا کە ''ئێریکا سۆڵۆمان'' لە ڕۆژنامەی ''نیویۆرک تایمز''دا بڵاوی کردووەتەوە، ئەم دۆخە وەک قۆناغێک لە بنبەستێکی پڕتووکاو لە نێوان تاران و واشنگتۆن کێشراوە؛ بارودۆخێک کە تێیدا هەردوو لا هەوڵ دەدەن لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەندا، پێگەی باڵای خۆیان بپارێزن و توانای خۆڕاگریی سیاسی و ئابووریی خۆیان پێشان بدەن. لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوامیی ئەم بنبەستە بێ گەیشتن بە ڕێککەوتن، هێشتا مەترسی و لێکەوتەی بەرچاوی بۆ ناوچەکە و بازاڕە جیهانییەکان لێ دەکەوێتەوە.

بە وتەی شرۆڤەکاران، بەرپرسانی ئێران لەو بڕوایەدان کە دەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرگەی گوشارە ئابوورییەکان سەرچاوەگرتوو لەم دۆخە بگرن، بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەرانن لەوەی هەمیشە لەژێر هەڕەشەی هێرشە ئەگەرەییەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیلدا بن.

لە ناوەندە میدیایی و سیاسییەکانی ئێرانیشدا، ئەم بارودۆخە بە ''بەرزەخی ستراتیژی'' ناوزەد دەکرێت؛ دۆخێک کە تێیدا ئەگەری شەڕێکی گشتگیر کەمی کردووە، بەڵام لۆژیکی گوشار، هەڕەشە و بەرپەرچدانەوە (بازدارندگی) هەر بەردەوامە.

بەپێی ئەم شیکارییە، هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بە نێوەندگیریی وڵاتانی وەک پاکستان بەڕێوە دەچن، بەڵام ئەم ڕەوتە ڕووبەڕووی سستی یان وەستان بووەتەوە. هاوکات، پەیوەندی و جموجۆڵە دیپلۆماسییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە بەردەوامن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کاناڵەکانی پەیوەندی هێشتا بە تەواوی دانەخراون.

لەسەر ئاستی سیاسی، ناکۆکی لەسەر پێش مەرجەکان بووەتە هۆی ئەوەی هیچ کام لە لایەنەکان ئامادە نەبن لە هەڵوێستەکانیان پاشەکشە بکەن و هەر ئەمەش دانوستانەکانی لە دۆخی هەڵپەساردندا هێشتووەتەوە.

لە پاڵ ئەم پێشهاتانەدا، پرسی تەناهیی ڕێڕەوە دەریاییەکان، بەتایبەت گەرووی هۆرمۆز، وەک یەکێک لە تەوەرە هەستیارەکان لە پەیوەندییەکانی هەردوولادا ماوەتەوە؛ بابەتێک کە هەم دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و هەمیش ببێتە زەمینەیەک بۆ ڕێککەوتنی سنووردار.

لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، شارەزایان هۆشداری دەدەن کە بەردەوامیی دۆخی ''نە شەڕ، نە ئاشتی'' دەتوانێت لێکەوتەی جیدی بۆ ئابووریی ئێران و بازاڕە جیهانییەکانی وزە هەبێت. لە هەمان کاتدا، هەندێک شیکاری وا دەبینن کە هەر ئەم هاوسەنگییە لەرزۆکەی ئێستا، ڕەنگە لە کورتماوەدا ڕێگر بێت لە تەشەنەسەندنی پێکدادانی سەربازی.

بە کورتی، ئەم شیکارییە نیشانی دەدات کە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا نە لەسەر ڕێڕەوی شەڕدایە و نە لەسەر ڕێڕەوی ڕێککەوتنێکی جێگیر؛ بەڵکوو لە خولێکی هەڵپەساردن و چاوەڕوانییەکی ستراتیژیدایە کە تێیدا هاوکێشەکان هێشتا بە کراوەیی ماونەتەوە و ئەگەری گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.