کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران: نابێ وانە پڕبایەخەکانی کۆمار لە بیر بکەین

10:20 - 2 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەبۆنەی هاتنی ٢ی ڕێبەندان جێژنی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەختی لەسەر پێویستی یەکڕیزی، تەبایی، یەکیەتی و هاوهەڵویستیی هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان کردەوە. دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان

(کۆماری کوردستان، لاپەڕەیەک لە مێژوو و چرایەک بۆ داهاتوو)

هاونیشتمانییان و خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

حیزب و لایەنە سیاسییەکان

لە ڕۆژی مێژوویی ٢ی ڕێبەندان، ڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان دایین. کۆماری کوردستان وەک یەکەم کیانی سیاسیی کورد لە فۆڕمی کۆماریدا جێگەیەکی تایبەتیی لە مێژووی نەتەوەکەماندا هەیە، ڕووداوێک و مێژوویەک کە لە کاتی خۆیدا بووە ڕەمزی یەکیەتی و یەکبوونی نەتەوەی کورد و ئێستاش دوای ٧٣ ساڵ تێپەڕینی کات، نەک نەبووەتە بیروەری؛ بگرە هەروا نوێنگەی یەکیەتیی نەتەوەکەمانە.

ئەو بنچینە سەرەکییەی کۆماری کوردستانی لەسەر دامەزرا، کوردستانیبوون و شوناسخوازیی کورد بە باوەڕهەبوونی بە دێموکراسی بوو، گوتارێکی پێشکەوتخوازانە کە لەو سەردەمدا چەند قەڵەمبازێک لە پێشەوەی نیزامە سیاسییەکانی دەوروبەری خۆی بوو. بنچینە و باوەڕێک کە دوای حەوت دەیە ئێستاش هەم هەوێنی یەکبوونی کورد و هێزە سیاسییەکانی و، هەم ئازادی و دێموکراسی و دابینکردنی مافە ئینسانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان وەک گوتاری کۆمار، داوای هاوبەشی هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. کۆماری کوردستان بزووتنەوەیەکی سەردەمیانە لە کاتی خۆیدا و دەسکەوتێکی نەتەوەییە بۆ ئێستاش و، ئەزموونێکی بەنرخیشە بۆ پرسی کورد و؛ لە هەمانکاتدا میراتی مێژوویەکی هاوبەشە بۆ دەوڵەتداریی کوردی.

تەمەنی کورتخایەنی کەمتر لە ساڵێک، بەڵام کار و کارنامەیەکی درەوشاوە لە خزمەتکردنی خەڵک و سیاسەت و ڕوانگەی کۆمار بۆ دەسەڵات و داهاتووی وڵات هیندە پڕ و پڕبایەخە کە ئێستاش بە هیوای دووبارە بنیاتنانەوە و وەدیهێنانەوەی کیانێکی سیاسیی لەو چەشنە بین. ئەزموونی دەسەڵاتدارەتی ‌و ئیداری لەو کۆمارە‌ ساوایەدا، بۆ هەر دەسەڵاتێکی دێموکراتیک لە سەردەمی ئێستاشدا، دەتوانێ جێگای لێ فێربوون بێ. ڕێزگرتن لە جیاوازیی نەتەوەیی، زمانی ‌و ئایینی ‌و پێکەوەژیانیان لە سەر بناغەی ڕێزگرتن لە یەکتر، باوەڕ بە ئازادیی بیرورادەربڕین، گرینگیدان بە بووژاندنەوەی کولتور و هونەر و ئەدەبیاتی نەتەوەیی، خوێندنی بە خۆڕایی، هاندانی کچان بۆ خوێندن‌ و بە ڕەسمی ناسین‌ و جیبەجێکردنی خوێندن بە زمانی دایک نەک هەر بۆ مندالانی کورد بەڵکوو بۆ کەمایەتییە زمانییەکانی دیکە، بڕەوپێدانی گیانی وێکهەڵکردن لە نێوان دانیشتوانی شار‌ و گوند‌ و چین‌ و توێژە جۆراوجۆرەکان ‌و بە هێزکردنی کولتووری پاڵوێکدان لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی، پێشوازی ‌و باوەشکردنەوە بۆ ڕۆڵە دڵسۆزەکانی نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکە ‌و بوار رەخساندن بۆ خزمەتکردنیان بەو کۆمارە، گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکومەتی میللیی ئازەربایجان ‌و ئازەرییەکان‌ و پێشنیاری هاوکاری و هاوپەیمانەتی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ دوژمنی هاوبەش، لە ئەزموونە بە نرخەکانی ئەو دەسەڵاتە کوردییەن. ئەم کۆمارە بە هەڵکردن‌و رەسمیەتدان بە ئالای کوردستان‌ و داهێنانی سروودی نەتەوەیی‌ و چەمکی پێشمەرگە، کۆمەڵێک بۆشایی لە گیان‌ و هزری نەتەوەیی ‌و لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا پڕ کردەوە.

بەڵام ئەزموونەکانی کۆماری کوردستان لە شوێنی دیکەش هەم جێی تێڕامانن و هەم لێ فێربوون. هەوڵدان بۆ یەکبوون و تەبایی، ڕێزگرتن لە فرەیی و جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵگە و دەستنانە نێو دەستی یەکتر بۆ سەرخستنی پڕۆسەی نەتەوەیی وانەگەلێکن کە ئێستاش دەبێ ڕێنیشاندەر و لەبەرچاومان بن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە چاوی بایەخەوە لە دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان و ئەم واقعە گرینگە مێژووییە دەڕوانێ و پێی وایە کە پێویستە بێ ‌لەبەرچاوگرتنی سنوورە فیکری و سیاسییەکان و بێ سەرنجدان بە جیاوازییە ئایینی، زاراوەیی و جۆغرافییەکان، لە دەوری فەلسەفەی پێکهاتنی کۆماری کوردستان و ئامانجەکانی کۆ ببینەوە. خەڵکی کوردستان مافی ڕەوای خۆیانە کە لە سەرخاکی خۆیان و لە چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکراتیک و فیدراڵدا، مافی چارەنووسی خۆیان بگرنە دەست. ڕوون و ئاشکراشە کە باوەڕ بەو مافە هەموو لایەکمان ئەرکدار دەکا گیانی یەکگرتوویی و هاوپێوەندی لە نێوخۆماندا چ وەک تاکەکانی کۆمەڵ و چ وەک هێز و لایەنە سیاسییەکان، هەر چی زیاتر بەهێزتر بکەین.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوژمنی هاوبەش و دەسەڵاتی نگریسی زاڵ بەسەر ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا لەگەڵ هەموو حاشاکردنێکی لە مافە سیاسی و نەتەوەیی و مەدەنییەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران و، سەپاندنی شەڕ بەسەر کوردستان و هەروەها زاڵکردنی کەشی سەرکوت و تۆقاندن؛ لەوەش خافڵ نەبووە هەتا بە چاندنی تۆوی دووبەرەکی و ناکۆکی پێش بە یەکڕیزی و یەکیەتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانیان بگرێ. وە لە ئێستاشدا کە ئەم ڕێژیمە چ لە ئاستی هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکان و، چ لە ئاستی نێوخۆییدا بەرەوڕووی تەنگژە و قەیرانی قووڵ بووەتەوە؛ هەنگاوەکان لە پێناو یەکڕیزی و یەکخستنی پۆتانسیەلی خەباتکاری و شۆڕشگێریمان دەبێ توندتر و خێراتر بن.

لەمڕۆدا کە ناڕەزایەتییەکان لەنێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و لە هەموو ڕەهەندەکاندا لە تەقینەوە و کڵپەسەندن دان، لە بارودۆخێکدا کە ئیدی هیچ کاربەدەستێکی ورد و درشتی ڕێژیمیش حاشا لەوە ناکەن هەموو زەرفییەتە نێوخۆییەکانی نیزامی سیاسی هەڵچۆڕاوە و نە ڕێفۆرمی حکومەتی و نە ناتوانن چیدی دادی ئەم ڕێژیمە بدەن؛ لەوەها بارودۆخێکدا هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەبێ بە گوتار و کردەوەی شوناسخوازی و یەکبوون گۆڕانکارییەکان و مافویستیی کۆمەڵانی کوردستان مودیرییەت بکەن.

بزووتنەوەی کورد لە ئێران کە پاشخانێکی دەوڵەمەندی وەک کۆماری کوردستانی هەیە، بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخوازە و ڕچەشکێنی خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەربەرەکانی لەگەڵ ئەم ڕێژیمە سەرەڕۆیە بووە و ڕۆڵی سەرەکیشی دەبێ لە داهاتووی گۆڕانکارییەکان لە کوردستان و ئێراندا. بۆیە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێی وایە بۆ ئەرکی سەرەکیمان کە سەرخستنی جووڵانەوەی مافخوازیمان و چێکردنی داهاتوویەکی گەش و پڕهیوایە، دەبێ بۆ وانە پڕبایەخەکانی کۆماری کوردستان بگەڕێینەوە کە بریتین لە: پێویستیی یەکیەتی، یەکڕیزی و هاوهەڵویستیی هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان و بەهێزکردنی سەنگەری هاوبەشی خەبات لەنێوان حیزبەکان و کۆمەڵانی خەڵک.

سڵاو لە گیانی پاکی پێشەوا قازی محەممەد و دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان!

سلاو لە ئامانجە بەرز و ئینسانییەکانی کۆماری کوردستان !

سەرکەوێ خەباتی نەتەوەیی ڕەوا و پڕ شانازیی گەلی کورد لە ئێران!

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

۲ی رێبەندانی ۱۳۹۷