کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی مەحکووم کرد

11:14 - 4 جۆزەردان 2721

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دوای گیانلەدەستدانی "بێهزاد مەحموودی" پەنابەری سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیاندنی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەسەر گیانلەدەستدانی پەنابەرێکی ڕۆژھەلاتی لە ھەولێر

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان

ھەر وەک ئاگادارن ماوەیەک لەومەوپێش پەنابەرێکی سیاسیی خەڵکی کوردستانی ئێران بە ناوی "بێھزاد مەحموودی" بەبۆنەی بارودۆخی خەراپی ژیان و بە دژکردەوە بە وڵامنەدانەوەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە خواستەکانی پەنابەرانی ڕۆژھەڵاتی لەبەر بارەگای ئەم ڕێکخراوە لە شاری ھەولێر ئاگری بەردا جەستەی خۆی و ئاکامی زۆر دڵتەزێنی لێ کەوتەوە و بەداخەوە ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا.

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەم بێ مەبالاتییانەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەمبەر پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژھەڵاتی؛ نیشتەجێی باشووری کوردستان، داواکارین کە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی نالەباری پەنابەران، پێداچوونەوەی خێرا بەسەر کەیسەکانییاندا بکرێت.

ھەروەھا داوا لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستانیش دەکەین کە  وەک ھەمیشە ھاوکارمان بن و تەنانەت بە بایەخێکی تایبەتیترەوە بڕواننە بابەتەکە و ئاسانکاریی پێویست بۆ پەنابەرانی سیاسیی کوردستانی ئێران بکرێت.

ناوندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٤ی مەی ٢٠٢١ زایینی

٣ی جۆزەردانی ١٤٠٠ ھەتاوی