کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندە ئەمنیەتییەكان تۆمەتی تازەیان خستۆتە پاڵ محەممەد سەدیق كەبوودوەند

15:42 - 24 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: رێكخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا بڵاوی كردۆتەوە، ناوەندە ئەمنیەتیی ـ قەزاییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران هێندێ‌تاوانی نوێیان بۆ بەرپرسی دەستبەسەركراوی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان داتاشیوە.

نوسخەیەك لەو راگەیەندراوە بەماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە، کە دەقەكەی بەم چەشنەیە:

لێپرسراوانی ئەمنیەتی بە بەرپرسی رێكخراوی بەرگریی لەمافی مرۆڤی كوردستانیان وتووە، هێندی تاوانی نوێ‌بە حوكمی جیاواز بەڕێوەیە كە بەم زوانە پێتی رادەگەیەنین.

محەممەد سەدیق كەبوودوەند بەپێی بەرپرسیاریەتی عەلی خامنەیی وەكوو رێبەری كۆماری ئیسلامیی، نامەیەكی لەپێوەندیی راگرتنی پێشێڵكارییەكانی مافی مرۆڤ بۆ ئەو لێپرسراوە ناردبوو و نامەیەكی دیكەشی بۆ سادق لاریجانی لەپێوەندیی رێزدانان بۆ بنەما سەرەكییەكانی مافی مرۆڤ ناردبوو، هەنووكە لێپرسراوانی ئەمنیەتیی وتوویانە، داواكاریی وڵام دانەوەی وەلی فەقیهـ، بەزاندنی هێڵی سووری نیزامە.

بەرپرسی رێكخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی كوردستان پێشتریش نامەی لەو چەشنەی بۆ رێبەر و بەرپرسانی پێوەندیداری كۆماری ئیسلامیی نوسیبوو كە ژمارەیەك لەو نامانە لە سایتی ئەو رێكخراوەیە و باقی سایتەكانی دیكە بڵاو كرابوونەوە.

تاوانێكی دیكەی محەممەد سەدیق كەبوودوەند ئەوەیە كە نامەی بۆ حیزب، رێبەرانی كورد لە سووریە و توركیە ناردووە، ئەو نامانە لەروانگەی ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە بریتین لە: بەیانییەی مەحكووم كردنی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی، داواكاریی لەكوردەكانی سووریە بۆ پێكهێنانی بەرە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریە بەمەبەستی شەڕ بە دژی بەشار ئەسەد، بانگهێشت كردنی كوردەكان بۆ رێككەوتن لەگەڵ توركیە، ناردنی نامە بۆ كوردەكانی چەكدار و جیایی خواز، هاندانیان بۆ خودموختاری و فیدراڵیزم.

لەو پێوەندییەدا كەبوودوەند ناردنی نامەی لەچوارچێوەی مافی مرۆڤدا بۆ هەر كەس و لایەنێك بە مافێكی سروشتی و هاووڵاتیی بوونی خۆی زانیوە و بە ئەركێكی ئەخلاقی و ئینسانی لەقەڵەم داوە.

رێبەری ئێرانیش بەپێی یاسای بنچینەیی ئێران لەگەڵ هاووڵاتیانی دیكە یەكسانە، بەڵام بەپێی ئەو بەرپرسیاریەتیەی كە هەیەتی دەبێ‌لەهەمبەر پێشێڵكارییەكاندا وەڵامدەر بێت و لێپرسینەوە لێی لەو پێوەندییەدا تاوان و سزای نیە.

رێكخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی كوردستان هەر چەشنە هەڕەشە و توندوتیژی نواندنێك بەرامبەر بە كەبوودوەند بە پێشێڵ كردنی ئازادی رادەربڕین و پێشێڵ كردنی بنەماكانی مافی مرۆڤ دەزانێت و خوازیاری كۆتایی هێنان بەو هەڕەشانە بوو.

دەبیرخانەی رێكخراوی بەرگری لەمافی مرۆڤی كوردستان

خەرمانانی١٣٩٢ی هەتاوی