کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونی و گومان لەئەنجامی هەڵبژاردنەكانی شۆرای شار و گوندەكانی سایین‌قەڵا

18:18 - 22 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: دوای نزیك بە یەك مانگ لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان، ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی شۆرای شار و گوندەكانی شاری سایین‌قەڵا رانەگەیەندراوە و ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی شۆرای سایین قەڵا لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە تەئید نەكراوە و ئەوەش نیگەرانی و گومانی لای هاووڵاتیانی ئەو شارە دروست كردووە.

هەر لەوپێوەندییەدا نوێنەرانی خەڵكی بۆ چەندین جار سەردانی ناوەندە پێوەندیدارەكانیان كردووە، بەڵام هیچ وڵامێكیان پێ‌نەداونەتەوە.

هاووڵاتییەكی شاری سایین‌قەڵا بە ماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، رانەگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پێوەندیی بە شەڕ و تێكهەڵچوونێكەوە هەیە كە لەكاتی بەڕێوە چوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەنێوان تورك و كوردەكان هاتە ئاراوە.

رۆژی هەینی رێكەوتی ٢٤‌ی جۆزەردان شەڕ و تێكهەڵچوون لەنێوان لایەنگرانی خالید حوسێنی پاڵێوراوی پۆستی شۆرای شاری سایین قەڵا و پاڵێوراوێكی تورك لە گەڕەكی كوشتارگای ئەو شارە هاتە ئاراوە.
هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران كە بەمەبەستی كۆنترۆڵی ئەو شەڕە چووبوونە شوێنەكە، رووداوەكەیان زیاتر بەرەو توندتێژی بردبوو و پڕۆسەی هەڵبژاردنیان بۆ ماوەی چەندین كاتژمێر راگرتبوو.
لەلایەكی دیكەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی شۆرای چوار شاری دیكەی كوردستانیش كە بریتین لە: كرماشان، سەرپێڵ زەهاو، میانراهان و بێستوون رانەگەیەندراوە.