کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی دەستبەسەركراوێكی كورد و دەستبەسەر كرانی هاووڵاتییەك لە سەردەشت

18:24 - 23 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: دوای تێپەڕینی سێ‌ مانگ لە دەستبەسەركرانی هاووڵاتییەكی كورد لە سەردەشت، هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رێكەوتی ١٥ی بانەمەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی كەسێك بەناوی \'\'فەرزاد شێخانی\'\' كوڕی \'\'عەبدوڵڵا\'\' خەڵكی گەوڵانی سەردەشت، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێران لەشاری سەردەشت دەستبەسەر كرا.
ئەو هاووڵاتییە كوردە دوای دەستبەسەركرانی رەوانەی گرتووخانەی شاری مەهاباد كراوە و لەو كاتەوە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەك لەچارەنووسی نییە.
بنەماڵەی \'\'فەرزاد\'\' بە بەردەوامی سەردانی ناوەندە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێرانیان كردووە، بەڵام ئەو ناوەندانە هیچ وڵامێكیان لە چارەنووسی رۆڵەكەیان پێ‌ نەداونەتەوە.
\'\'فەرزاد شێخانی\'\' جارێكی دیكەش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمەوە دەستبەسەر كراوە و دوای زەخت و گوشارێكی زۆر بە دانانی وەسیقە ئازاد كرابوو.
لەلایەكی دیكەوە چالاكانی مافی مرۆڤ و دێمۆكراسی بڵاویان كردۆتەوە، رۆژی سێ‌‌شەممە رێكەوتی ٢٢‌ی گەلاوێژ لەشاری سەردەشت هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەكانی ئەو شارە هاووڵاتییەكی كوردیان لە گەڕەكی كانی مەڕ دەستبەسەر كردووە.
ناوی ئەو هاووڵاتییەی دەستبەسەر كراوە رەشید رەسوڵیانـە و هاوكات خێزانی ئەو هاووڵاتییەش بەناوی س . ئا بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت كراوە.
ناوەندە ئەمنیەتییەكان دوای چەند كاتژمێر لێكۆلینەوە لە خێزانی رەشید، ئازادییان كردووە، بەڵام هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەك لەچارەنووسی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر كراوە، لەبەر دەستدا نییە.