کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیک بە ٦٠ هاووڵاتیی عەرەب لە ئەهواز دەسبەسەر کران

16:30 - 24 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: لە حەفتەی رابردوودا ژمارەیەک چالاکی عەرەبی ئەهواز کە پێشتریش بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و فەرهەنگی لە ژێر گوشاردا بوون، دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، زیاتر لە ٦٠ هاووڵاتیی عەرەبی ئەهواز لە شارەکانی ئابادان، فەلاحیە، ئەهواز و خەلیفە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە بێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی دەسبەسەر کراون.
چالاکانی مافی مرۆڤی ئەهواز دەڵێن: هێزەکانی رێژیم لە کاتی نیوەشەودا هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە عەرەبانە و وێڕای خولقاندنی کەشێکی تۆقێنەر ئەو چالاکانەیان دەسبەسەر کردووە.
هەموو ساڵێک لە یادەوەریی راپەڕینی ١٥ی ئاوریلی ٢٠٠٥ی زایینیدا، هێزە ئەمنیەتییەکانی سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات بە مەبەستی پێشگیری لە هەرچەشنە چالاکییەک، کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و فەرهەنگیی عەرەب دەسبەسەر دەکەن.
١٥ی ئاوریلی ساڵی ٢٠٠٥ی زایینی هاووڵاتییانی عەرەب لە شیلەنگ ئابادی خووزستان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە نامەیەکی دەفتەری سەرکۆماریی ئەو کاتی رێژیمی ئێران لەمەڕ کۆچ پێ کردنی نەتەوە غەیرە فارسەکان بۆ هەرێمەکانی دیکەی ئێران، خۆپیشاندانێکیان بەرەو ئوستانداریی ئەهواز دەست پێ کرد کە لەگەڵ هێرش و بەرەنگاریی توندی هێزە ئەمنیەتی و لیباس شەخسییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەرەوڕوو بوونەوە و ٥ هاووڵاتیی عەرەب کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
ئەو خۆپیشاندانانە هەتا ٢٢ی ئاوریلی ئەو ساڵە درێژەی کێشا و تێکڕای شارەکانی پارێزگای خووزستانی گرتەوە و دواتر وەکوو ئینتفازە یان راپەڕینی ١٥ی ئاوریلی ٢٠٠٥ ناودێر کرا.