کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری رێژیمی ئێران لە وڵاتی میسر بانگهێشت کرا

16:55 - 27 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: وەزارەتی کاروباری دەرەوەی میسر، بەرپرسی دەفتەری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی رێژیمی ئێرانی لەو وڵاتە، بەهۆی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئیخوانولموسلمین بانگهێشت کرد.
پەپێی راپۆرتی ئەلعەرەبییە و بەپشت بەستن بە هەواڵدەریی \'\'الیوم السابع\'\'، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی وڵاتی میسر، \'\'موجتەبا ئەمانی\'\' بەرپرسی دەفتەری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی رێژیمی ئێرانی لە میسر بانگهێشت کردووە.
وتەبێژی وەزارەت کاروباری دەروەی وڵاتی میسر هۆکاری بانگهێشتی نوێنەری رێژیمی ئێرانی بۆ سەردان و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی گرووپی ئیخوانولموسلمین گەڕاندۆتەوە و ناڕەزایەتیی خۆی لەو هەڵسوکەوتەی نوێنەری رێژیمی ئێران دەربڕیوە.
٨ مانگ پیش ئێستا، پاش خۆپێشاندانێکی چەند رۆژەدا، محەممەد مورسی سەرکۆماری میسر و لە رێبەرانی گرووپی ئیخوانولموسلمین لەلایەن ئەرتەشی ئەو وڵاتە لەسەر کار لا بردرا و پاش بە دەسەڵات گەیشتنی دەوڵەتی کاتی، ئیخوانولموسلمین لەلایەن دەوڵەتی کاتییەوە بە گرووپێکی تیرۆریستی ناسرا و چالاکییەکانی قەدەغە کرا.
رێژیمی ئێران بەردەوام لەلایەن وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ تاوانبار کراوە و ماوەیەک پێش ئێستاش دەوڵەتی بەحرەین رێژیمی ئێرانی بە پشتیوانی کردن لە شیعەکانی ئەو وڵاتە و نانەوەی ئاژاوە تاوانبار کردبوو.