کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوە یەكگرتووەكان: ٧ میلیۆن هاووڵاتیی سووریەیی ئاوارە بوونە

15:26 - 12 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەئامارێكدا بڵاوی كردۆتەوە، لەكاتی دەسپێكی نائارامییەكانی سووریەوە هەتا ئێستا ٧ میلیۆن كەس ئاوارە بوونە.
هەواڵدەریی ئاسۆشێتێد پرێس لەزاری لێپرساروێكی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بڵاوی كردەوە، لەماوەی زیاتر لە دوو ساڵدا، ٥ میلیۆن هاووڵاتیی سووری لەنێو خۆی وڵاتدا ئاوارە بوون و لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە كۆچیان كردووە و هەروەها ٢ میلیۆن كەسیش روویان لەدەرەوەی سنوورەكانی سووریە كردووە.
ئەو دوو میلیۆن كەسەی كە روویان لە دەرەوەی سنوورەكانی سووریە كردووە، لە وڵاتانی دراوسێ‌و هەروەها هەرێمی كوردستان نیشتەجێ‌كراون.
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەو باوەڕەدابووە، یەك لەسەر سێ‌ی خەڵكی سووریە ئاوارە بوونە.
لەو پێوەندییەدا تارق كردی نوێنەری ئاژانسی پەنابەرانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسووریە، وتوویەتی: ئەو یارمەتیانەی كە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئاوارەكان دەنێردرێ‌وڵامدەری رێژەی ئاوارە و پێداویستییەكانیان نین.
بەپێی دوایین ئامارەكان لەماوەی دووساڵ و نیودا زیاتر لە ١٠٠ هەزار كەس بە هۆی شەڕ و تێكهەڵچوونەكان لە سووریە كوژراون.
ئەمە لەحاڵێكدایە كە لە چەند رۆژی رابردوودا رێژیمی بەشار ئەسەد چەكی شیمیایی بەدژی ناڕەزایان بەكار هێنا و بەكارهێنای ئەو چەكەش لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشت‌راست كرایەوە.