کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەشتەرگەرییەکی گەمژانە

00:24 - 28 بانەمەڕ 2722

سندووس

کۆماری ئاخوندی لە ماوەی تەمەنی نگریسی خۆیدا ئەوەندەی کاری هەڵەشە، ناکارناسانە و بێ ڕاوێژی لەگەڵ خاونڕایان ئەنجام داوە کە په‌نا بۆ هەر کارێکی نالۆژیكی دەبات. بە شێوەی لێبڕاوانەش دەتوانین بڵێین کە کاری ئەم دواییانە، لە سەر ئیزنی خامنەیی و بۆ هێندێک مەرامی چەپه‌ڵی نێوخۆی سیستمەکەیان گەڵاڵەڕێژی کراوە؛ جا ئاکامەکەی هەر چییەک بێت ئەوە قەبووڵی دەکەن و بۆ ماوەیەک گەر خەڵک بڕژێنە سەرشەقامەکان، وەکوو ناڕەزایی و ڕاپەڕینەکانی‌تر و بەبێ‌ترس، خەڵتانی خوێنیان دەکەن و دوای ماوەیەکیش به‌قەولی خۆیان دۆخەکە ئارام دەکەنەوە. دیارە بەپێی عادەتی هەمیشەیی وڵامدەری کۆمەڵانی خەڵکیش نابن و بگرە پۆل‌پۆل تەحویلی بێدادگاکانیان دەدەن و حوکمی قورسیشیان بەسەردا دەسەپێنن.

کاتێ یەکشەوە ئەو بڕیارە گەمژانەیان دەرکرد و کەوتنە تەماحکردن لە قووت و بژێوی هەرە سەرەتایی کۆمەڵانی خەڵک بە مەبەستی پڕکردنی بوودجەی تەرخانکراو بۆ بەرنامە پاشڤەخوازەکانیان، ئاشکرابوو کە لەگەڵ دژکردەوەی کۆمەڵانی خەڵک بەرەوڕوو دەبنەوە، بەم حاڵەش زۆر ڕووهەڵماڵاوانە ناوی "نەشتەرگەریی ئابووری"یان لە سەر دانا و لە زووڕنای پڕوپاگەندەکانیان تووڕاند کە سەیدی مەزڵوومان و "ئادام ئیسمێت"ی ئیسلامی!! پشتیوانتانە و ناهێڵێ گوشاری گرانی، ژیانی هەژاران بشێوێنێ! کەچی هەر لە یەکەم کات و ساتەکاندا دەرکەوت کە بەڕاستی کۆمەڵانی دەستکورت و هەژار، توانای ئەم هەموو گرانییەیان نییە و وادیارە ئەم سیستمە نانی وشک و هێلکەشیان پێ‌ڕەوا نابینێ، هەر بۆیە زوو لە بەشێک لە پارێزگا و شار و شارۆچکەکان ڕژانە سەر شەقام و بە درووشمی پێکهاتەشکێنانە، سەر لەبەری بوونی ئەم نیزامە گەندەڵەیان بردە ژێر پرسیار و تا ئێستا چەندین شەهیدیان لەم ڕێگەیەدا پێشکەش کردووە. بەبڕوای نووسەری ئەم کەتوارە، جارێ ئەو هەویرە ئاوی زۆر دەبات و نە خەڵکی وەزاڵەهاتوو دەکشێتەوە و نە ئاخوندەکانیش دادەبەزن، ئەوە پەیتاپەیتاش حەدیسی ساختە چێ دەکەن و لێرەولەوێ بڵاوی دەکەنەوە: "دان بەجەرگی گرانیدا بگرن، ئیمامی زەمان لە گرانیدا دەردەکەوێ!"

دیارە نەشتەرگەرییە ئابوورییەکەی ڕەئیسی نە دەتوانێ کەسری بودجەی پێکهاتە پڕ لە تێچووە پاشڤەخوازانەکانی کۆماری ئاخوندی پاراو بکات و نە دەتوانێ پشتیوانێک بێت بۆ دەرماڵانەی خۆشبژێوی! کۆمەڵانی خەڵک.

لەم نێوەدا کۆمەڵێک درۆ و بەڵێنی کاربەدەستانی ڕێژیم زیاتر دەردەخات کە بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵانی خەڵک، ئەوە ٤٣ ساڵە کاوێژیان دەکەنەوە.

هەر بە دەرکەوتنی بەکرداریی کردنی بڕیارەکەی خامنەیی و ڕەئیسی، یەکەم دژکردەوەی بازاڕ، بە دابەزینی بایی تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا و هەڵکشانی دۆلار لە ٢٧ هەزار تمەنەوە بۆ ٣٠٥٠٠ تمەن، خۆی نیشان دا. هەڵکشانی دۆلار و هیوای ڕەئیسی بە دۆلاری ٢٧ هەزار تمەنی، نیشانەی شکستی "نەشتەرگەرییە ئابووریی"ەکەیەتی و پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی جیددی بە نرخی دۆلار لە سەروبەندی ئاوسانی ڕوو لە هەڵمسانی دەزگای ئابووری کۆماری ئاخوندیدا هەیە یان دەبێ دەستەودامانی فێڵێکی‌تری ئاخوندانە بن.

لەگەڵ ئەمانەشدا مۆڵەتی کۆکردنەوەی ئەرزی ٤٢٠٠ تمەنی وێڕاگەیشتووە؛ لێڵی چۆنییەتی قەرەبووکردنەوەی ئاوسانی ئەم هەڵە گەمژانەیە و دابەشینی دەرماڵانە - ئەگەر بیدەن - ئاوسانێکی زیاتر دەدەڵێنێ، تازە ڕێگەی گەڕانەوە بەربەستکراوە و ئەم نەشتەرگەرییە سەقەتە دەبێتە هۆی تێکدانی هاوسەنگی لە بواری بەشی پێداویستیی خواردەمەنی و تەنانەت بەشەکانی تریشدا.

لە کاتێکدا کە چینی کەمداهات، پێویستی بە خواردەمەنی زیاتر هەیە چوونکە نەیتوانیوە پاشەکەوتی بکەن، لە ئاکامدا زۆربوونی داوا (افزایش تقاضا) بۆ کڕین، دەبێتە هۆی ئەوەیکە نرخی خواردەمەنییەکان هێندەی دیکە هەڵبکشێن.

لەم لاشەوە ئۆلگووی سیاسەتی کۆماری ئاخوندی جۆرێکە کە بەشێوەی سروشتی ئاوسانخوڵقێنە، ڕەنگە لە ڕێگەی دۆلارە دێپۆکراوەکانەوە بتوانن بۆ ماوەیەک ئاوسان کز بکەن، بەڵام ئەم دیاردەیەش هێمنایەتی ئابووری لە تەواوی مانگەکانی ساڵدا دەوەستێنێ و لە ئاکامدا، ئاوسانێکی خەستی یەکساڵە ئاکامەکەی دەبێ.

مەبەستی کۆماری ئاخوندی لە لابردنی ئەرزی ٤٢٠٠ تمەنی، بە هۆی تەماحی بڕەدرماڵانەیەکی کەم، بەرنامەی بۆ داڕێژراوە. خامنەیی و ڕەئیسی ئەوەندە گەمژانە دەستیان داوەتە ئەم کارە، کە جگە لە ئاوسان، دەرگای بودجەی تریشیان بەڕوودا دەکاتەوە و لێرەش تووشی قەیرانی‌تر دەبن.

ئەوان بەم نەشتەرگەرییە لەڕاستیدا خۆزەنیشیان کردووە، ئاکامی کەمی خۆزەنییەکەیان، لە نیوەی دووهەمی ساڵدا دەردەکەوێت.

لەڕاستیدا لابردنی ئەرزی ٤٢٠٠ تمەنی بە نرخی تمەن، باڵانس کراوە و ئەم ڕەوەندە، نیزام و دەوڵەتی شێخ ئیبراهیم ڕەئیسی دەخاتە نێو داوی شەپۆلی دووهەمی نرخ و گرانییەکانەوە، بەم پێیە ساڵی داهاتوو - لە ئەگەری مانەوەی ئەم سیستمەدا - ساڵێکی پڕکێشە و ساڵێکی پڕئاوسانتر دەکەنە دیاری بۆ کۆمەڵانی خەڵک.

کورد دەڵێ: "گەر شێتێک بەردێک بخاتە ناو چاڵێکەوە، بە سەد عاقڵان بۆیان نایەتەوە دەرێ. بەردی ڕەئیسی بە چەند شێتان خراوەتە ناو چاڵەکەوە."

هیچ چین و توێژێک هیوای بەم سیستمە نەماوە، کۆمەڵانی خەڵک چاک دەزانن چەندە سیستمێکی دژەگەلییە، دیارە سیستمیش هیچ هیوایەکی بە جەماوەر نەماوە، ئاخوندەکانیش باش دەزانن کە دەبێ بڕۆن، چوونکە بەڕاستی هیچکام لە بەرنامەکانیان ناتوانێ وڵامی ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە نەتەوە جیاجیاکانییەوە بداتەوە و ڕەنگە زەبروزەنگ و سەرکوتیش ئیتر وڵامدەر نەبێت. ئەم سیستمە لەقە تەنیا پاڵپێوەنانێکی تەژی لە ئیرادەی گەلانی ئێرانی گەرەکە، تا لە لێواری هەڵدانەوە بۆ هەتاهەتایە تووڕ بدرێتە ناو چارەنووسی ڕەشی خۆیەوە.