کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٣٠ هاووڵاتیی سووری لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە کوژران

21:18 - 20 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپێک لە شیعەکانی عێراق، دوای گرتنی ناوچەیەکی دیمەشق بە هاوکاری تۆپخانەی رێژیمی بەشار ئەسەد، ١٣٠ هاووڵاتی سوورییان کوشتووە.


ماڵپەڕی \'\'ئەلعەرەبییە نێت\'\' بڵای کردەوە، ئێوارەی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی، هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپێک لە شیعە توندڕەوەکانی عێراق، بەهاوکاریی تۆپخانەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد، ناوچەی \'\'ئەلزیابییە\'\'ی دیمەشقیان داگیر کرد.
ئەو هێزانە کە پشتیوانی سەرەکی هێزەکانی رێژیمی سووریەن، بەهەمان شێوە ناوچەی \'\'ئەلحوسەینیە\'\'یان دادگیر کردووە.
بە پێی راگەیەندراوی ئەرتەشی ئازادی سووریە، ئەو هێزانە دوای تۆپباران و داگیرکردنی ئەو ناوچەیە، زیاتر لە ١٣٠ خەڵكی سووریەیان کوشتووە.
هەر لەو پێوەندییەدا \'\'لوی مقداد\'\' بەرپرسی راگەیاندنی ئەرتشی ئازادی سووریە وتویەتی: \'\'ئەو کوشتارەی هێزەکانی حیزبوڵڵا و گرووپی \'\'ئەبولفەزل عەباس\'\' بە دەستووری رێژیمی ئێران بووە\'\'.
ئەو هێزانە بە وتنی دروشم‌گەڵێکی وەکو \'\'ئەی قاتڵانی بەجێماوی حوسێن\'\' و \'\'یا حوسێن و یا زەینەب\'\' هەر کەسێک کە دەکەوتە سەرڕێیان کوشتوویانە، لە نێوان قوربانیاندا رێژەیەکی زۆری سوننە مەزهەب بەرچاو دەکەوێت.
سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە دەستپێكی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی سووریەوەوە، بە مەبەستی هاوکاری رێژیمی بەشار ئەسەد بۆ کوشتن و سەرکوتی ناڕازییان و هاووڵاتییانی بێ دیفاع، هێزی رەوانەی وڵاتی سووریە کردووە و هەتا ئێستا جەنایەت‌گەلێکی زۆری ئەنجام داوە.