کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەردەشت بە تەقەی هێزەکانی رێژیمی ئێران کوژران

16:53 - 13 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەردەشت لە دوو رووداوی جیاجیا بەڵام هاوشێوەدا، بەدەستی هێزە ئینزامییەکانی ریژیمی ئیسلامیی ئێران کوژران.


ماڵپەڕی کوردپا بڵاوی کردەوە، رێکەوتی ١٢ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \'\'محەممەد کەریمی\'\' کوڕی \'\'سەعید\'\'، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری سەردەشت لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا.
ئەو سەرچاوە لە زاری شایەتحاڵانی رووداوەکەوە بڵاوی کردەوە، محەممەد بێ ئەوەی هێچ تاوانێکی ئەنجام دابێت دراوەتە بە دەستڕێژی گوللەی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران.
گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ، هۆکاری تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو هاووڵاتییە کوردە بووە، بەڵام پاش رووداوەکە دەرکەوتووە ناوبراو هیچ کەلوپەلێکی پێ نەبووە.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی پێنج‌شەممەش رێکەوتی ١١ی رەزبەری ١٣٩ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی دیکەی سەردەشتی بەناوی \'\'محەممەد سەلیمی\'\' کوڕی \'\'حاجی سەعید\'\' کرایە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، جێگیر لە پاسگای گوندی \'\'زەرواو\'\' لە نزیک شاری بانە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا.
محەممەد سەلیمی خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە و بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ دراوەتە بە تەقەی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە ئاکامدا گیانی لە دەست داوە.
پاش ئەو رووداوە دەرکەوتووە کە ئەو هاووڵاتییە کوردەش هیچ کەلوپەلێکی قەدەغەکراو، یان قاچاخی پێ نەبووە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی رەزبەرەوە هەتا ئێستا، ٩ هاوڵاتیی کورد بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بوونەتە قوربانی.