کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییان کورد سەرەڕای هەڕەشەی هێزەکانی رێژیم، لە بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز شێلگیرن

16:12 - 20 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی شنۆ و نەغەدە رایانگەیاندووە، ئەگەر رێژیمی ئێران هەروەکوو ساڵانی رابردووش دژایەتیمان بکا، ئێمە دیسان لەسەر بەڕێوەبردنی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز سوورین.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران و بەتایبەت لە شارەکانی شنۆ و نەغەدە رایانگەیاندووە: سەرەڕای ئەوەی کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکانی جێژنی نەورۆز هەڕەشەی پێشگیریمان لێ دەکا، بەڵام ئێمە بەبێ گوێدان بەو هەڕەشە و گوڕەشانە جێژنی نەتەوەیی خۆمان بەرز رادەگرین.
راپۆرتەکان لە کوردستانەوە باس لەوە دەکەن کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دێهیاری و شارەوانییەکانی راگەیاندووە کە نابێ ئیزنی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکانی جێژنی نەورۆز لە ناوچەکانی خۆتاندا بدەن.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری شنۆ وێڕای پژڕاست‌کردنەوەی شێلگیربوونیان لەسەر بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکانی جێژنی نەورۆز بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دەست و پێوەندییەکانی خۆی راگەیاندووە بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکانی جێژنی نەورۆز دەستنیشان و بەو ئیدارەیە بیانناسێنن.
ساڵی رابردووش سەرەڕای گوشار و زەختی هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ پێشگیری لە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکان لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان رێوڕەسمی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز بە شێوەیەکی بەشکۆ بەڕێوەچوو.
هاووڵاتییانی کورد لە کرماشان، سەرپێڵ زەهاو، پاوە، نەوسوود، مەریوان، سنه، سەقز، دیواندەرە، بۆکان، شنۆ، پیرانشار، سەردەشت، ئورمیە و گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارانە، رێوڕەسمی جێژنی نەتەوەیی نەورۆزیان بە بێ گوێدان بە هەڕەشەی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامی بەڕێوەبرد.