کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە ئورمیە دەسبەسەر کرا

19:15 - 22 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ئورمیە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەنێو ماڵەکەیدا دەسبەسەر کرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی شاری ئورمیە بەناوی \'\'بێهرووز عەدنانی\'\' خەڵکی گوندی \'\'گەنگە چین\'\' لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەنێو ماڵەکەیدا دەسبەسەر کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو مەسەلەیە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: هێزە ئەمنیەتییەکان لە کاتێک هێرشیان کردووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە کە ژن و منداڵەکانی لە ماڵەوە بوون و کەشێکی تۆقێنەریان لەبەر چاو بنەماڵەکەیەوە خولقاندووە.
ئەو سەرچاوە راشیگەیاند: هێزە ئەمنیەتییەکان لە حەفتەی رابردوودا چەندین جار هێرشیان کردووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و وێڕای بێ‌حورمەتی بە خۆی بنەماڵەکەی، هەڕەشەی دەسبەسەرکردنیان لێ کردبوو.
هێزە ئەمنیەتییەکان رێژیمی ئیسلامیی ئێران دوایین جار کە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ بەرەنگاریی ژن و منداڵەکانی بەرەوڕوو بوونەتەوە، بەشێوەیەک کە ئیزنی چوونە ژوورەوەیان بە هێزەکان نەداوە، بەڵام هێزەکان بەسەر دیواری ماڵەکەدا سەرکەوتوون و ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.
شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە شاری ئورمیە پاش ئەوە دێت، کۆمەڵێکی زۆر لە هاووڵاتییان و خوێندکارانی کورد لەو شارە، لەهەمبەر کوژرانی \'\'شەیدا حاتەمی\'\' ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.
هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە رانەگەیەنراوە.
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەتا ئەمڕۆ رێکەوتی ٢٢ی رەشەمە ١٥ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.