کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم بریندار کرا

17:58 - 8 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ هاووڵاتییەکی دیکەی کوردیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و بە توندی برینداریان کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \'\'عادڵ کەریمی\'\' کوڕی \'\'ساڵح\'\' خەڵکی گوندی \'\'قەمچیان\'\' سەربە شارستانی مەریوان، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەی لێ کرا و لە ئەنجامدا بە توندی بریندار بوو.

شایەتحاڵێک بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ تەقەیان لەو هاووڵاتییە کردووە و لە ئەنجامدا بریندار بووە.

عادڵ کەریمی خاوەنی ژن و منداڵە و بە ماشینێکی جۆری \'\'تۆیۆتا سی‌ئێف\'\' لە کاتێکدا کە ویستوویەتی لە لە نەوسوودەوە بەرەو مەریوان بچێت، کرایە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان و سێ گوللەی بەرکەوتووە و بە توندی برایندار کرا.

ئەو شایەتحاڵە وتیشی: عادڵ پاش ئەوەی کە بریندار کراوە بۆ نەخۆشخانەی بووعەلی مەریوان راگوێزرا و لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بە بریندار بە تەختی نەخۆشخانەکەدا بەستراوەتەوە.

دوو رۆژ دوای ئەو رووداوە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٧ی پووشپەڕ، عادل کەریمی بە برینداری رەوانەی دادگا کراوە و دیسان گەڕێندراوەتەوە نەخوشخانە.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە لە شێوازی بەڕێوەچوونی دادگایی ناوبراو و حوکم دران، یان نەدرانی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هەنووکەش لە نەخۆشخانەی \'\'بووعەلی\'\'ی مەریوان لەژێر چاودێریی هێزە نیزامییەکانی رێژیم دایە.

بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی جۆزەردانەوە هەتا ئێستا، ٨ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژراون و بریندار بوون.